سەندیکاکانی COBAS, CUB û UNICOBAS لە ئیتالیا پشتیوانیان لە کەمپەین "کاتیەتی، ئازادی بۆ ئۆجالان، ئاشتی و دادپەرەوەری بۆ تورکیا" کرد، کە لەلایەن دەستپێشخەریی "ئازادی بۆ ئۆجالان" بەڕێوەدەچێت و لەو چوارچێوەیەدا نامەشیان بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان نارد.
ئەو ٣ سەندیکا ئیتالییە لە نامەکەیاندا بۆ نەتەوە یەکگرتوەکان رایانگەیاندووە، عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩دا لە پیلانگێڕییەکی نێونەتەوەییەدا رادەستی دەوڵەتی تورک کرا و لەو کاتەوە لە ژێر گۆشەگیرییەکی قورس دایە.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، "٢٢ ساڵ تێپەڕی و هەر وەک ئەو غەدرەی لە نێڵسن ماندێلا کرا، عەبدوڵا ئۆجالانیش لە هەلومەرجی نامرۆڤانەدا راگیراوە.
ئۆجالان رێگای دیموکراسی و ئاشتیی لە تورکیا، سوریا و سەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گەلەکەى خۆی نیشاندا و هەرگیز دەستبەرداری ئەو هەوڵ و تێکۆشانەى نەبوو. تێگەیشتن لە دەق و تێزی "کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک" و پێشبنییەکانی ئەوانەمان بۆ روون دەکەنەوە. بە داخەوە گوێی لێ ناگرن، رژێمی تورک و ئەردۆغانی دیکتاتۆر، تورکیایان کردووەتە زیندان و سەربازگە. رەتکردنەوەى مافەکانی مرۆڤ و سیاسی، قەیرانی ئابووری – کۆمەڵایەتی و هەژاری لەلایەن رژێمی تورکی دەستخوێناوییەوە دەشاردرێتەوە.
تورکیا هاوکات لەگەڵ داگیرکردنی خاکی کورد، ئێزدی، عەرەب و مەسیحییەکان لە سوریا و عێراق، شەڕ و شینی لە لیبیا و قەوقاز، هەروەها هەڕەشەکانی بۆ سەر دەریای سپیی ناوەڕاست و ئەوروپا بەردەوامن. ئەوروپا هێشتا لەسەر چەک و کۆچبەران بازرگانی لەگەڵ ئەردۆغانی فاشیست دەکات، بەڵام بۆ ئازادیی ئۆجالان یەک پەنجەشی نەجوڵاندووە، گوێ بە مافەکانی مرۆڤ نادەن، کە خۆیان رایانگەیاندووە".
'دەبێت نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاشتی و دادپەروەری ببێتە ناوبژیوان'
سەندیکاکانی COBAS, CUB û UNICOBAS لە نامەکەیاندا داوایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، هەر وەک ئەوەى بۆ نێڵسن ماندێلا لە ئەفریقای باشوور بۆ ئاشتی و دادپەروەری ئەنجامتان دا و بە رۆڵی 'ناوبژیوانی' هەستان، هەمان ئەو رۆڵەش بۆ ئۆجالان بگێڕن و بەردەوام بن لەسەری.
راشیانگەیاندووە، "حکومەتی ئیتالیاش پەیوەندیی زۆر قێزەون و چەپەڵی بە بابەتەکانی دژ بە شەڕ و مافەکانی مرۆڤەوە هەیە (بۆ نمونە فرۆشتنی چەک لە دەرەوەی یاسا بەو وڵاتانە کە شەڕیان تیادایە).
لەم سات و کاتە ستراتیژییەدا، کە پەتای کۆرۆنا ژیانی ملیۆنەها کەسی تێکداوە، برسیکردوون، بە تایبەتی کاریگەریی زۆر قورسی لەسەر مرۆڤە زیندانیکراوە بێ پشت پەناکان دروستکردووە، لە سەرتاسەری جیهاندا هەزاران کەس بە داخوازنامە و کەمپینەوە بەشداری هەڵمەتی ئازادی و رزگاریی ئۆجالان بوون.
ئێمەى سەندیکاکان، کە بۆ ئاشتی و دیموکراسی لە تورکیا، سوریا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوەکو ئێستا لە هەوڵدا بووین و بە بەردەوامی لە گۆڕەپانەکەدا بووین، پشتیوانی لە تێکۆشان و کارەکان و بانگەوازی کەمپەینی نێونەتەوەیی بە ناوی "کاتیەتی، ئازادی بۆ ئۆجالان، ئاشتی و دادپەروەری بۆ تورکیا" دەکەین.
ژ.ت
https://anfsorani.com/%DA%95%DB%86%DA%98%D8%A7%D9%86%DB%95/l-yfryqay-bashwwr-kmpyny-nwntwyy-yazady-b-yjalan-dsty-22562