بوڵدان: ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لەلایەن ئێمەی ژنانەوە دیاری دەکرێت

پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە وتی "با کەس سیاسەت لەسەر هەدەپە نەکات، با هەمووان سنووری خۆیان بزانن". بوڵدان ڕایگەیاند، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، ئایندەی ئازاد بە دەستی ژنان دیاری دەکرێت.

ئەنجوومەنی ژنانی هەدەپە بۆ دیاریکردنی سیاسەتەکانی سەردەمی نوێ لە ناوەندی گشتیی هەدەپە گردبوونەوە. پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا قسەی کرد و باسی رۆژی ئەمڕۆی کرد.

پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە بە تۆقاندن و فشار و ئاژاوەگێری ئامادەکاری دەکات بۆ هەڵبژاردن و وتی، "هێرشەکان بۆ سەر دەستکەوتەکانی ژنان و کورد و هێزە دیموکراتەکان و کرێکاران، مەترسی شەڕ لە وڵاتانی دراوسێ بووەتە هەڵمەتی هەڵبژاردن. دەسەڵات ئەشکەنجەدانی زیندانییەکان، دەستبەسەرداگرتنی مافەکانیان و هەڕەشەکردن، وەک کارنامەی هەڵبژاردن ئامادە کردوە."

'ئێمە هەرگیز لەبیری ناکەین'

بوڵدان تەرمی گەریلای هەپەگەی وەبیرهێنایەوە کە لەناو گوێنیەکدا ڕادەستی عەلی رەزای باوکی کرایەوە و وتی "بەمە جارێکی دیکە دوژمنایەتی خۆیان بەرامبەر بە کورد بۆ ڕای گشتی ئاشکرا کرد. ئەمە تاوانێکی ڕق و کینە. تێکۆشانی ژنان و خەبات و کەرامەتی مرۆڤایەتی لە سیاسەتی دوژمنایەتی ئێوە بەهێزترە، بەدڵنیاییەوە ئەم سیاسەتەی دوژمنایەتی و ڕق و کینە تێکدەشکێنین، مێژوو و دادپەروەری ڕاستەقینە تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی لەبیر ناکات.

هێزی سەرەکی ئەم سیستەمە ڕزیوە، ژنان دەتوانن بیگۆڕن. هۆشیاری دیموکراسی و یەکسانیخوازانەی ژنان کاریگەریی گۆڕینی سیاسەت و کۆمەڵگای هەیە. بۆیە خەباتی ژنان گرنگە. بۆ ھەڵبژاردن گفتوگۆ لە مەیدانی سیاسیدا دەکرێت، ھەندێک حیساب دەکرێت. دەمەوێت بە ڕوونی بیڵێم. هەر حسابێک کە جێگە بۆ هاوڵاتیان نەکاتەوە شکست دەهێنێت. بە بیرۆکەی هەدەپە کە لەسەر پێشخستنی خەباتی ژنان دامەزراوە و پارتێکی ژنانە، ئێمە پێگەی خۆمان لەم بابەتەدا بە شێوەیەکی ڕوون نیشان دەدەین. با هاوپەیمانی کۆمار و گەل باش بزانن. با کەس لەسەر هەدەپە سیاسەت نەکات. با هەدەپە نەکەنە سەرمایەیەکی سیاسی. با هەمووان سنووری خۆیان بزانن. کاتێک هەدەپە قسە دەکات، پێویستە هەزار جار بیر بکەنەوە”.

پەروین بولدان ڕایگەیاند، ئەوانەی هەڕەشە لە ژنان دەکەن بە دەنگی ژنان شکست دەهێنن و وتی "ئەمڕۆ ژنان لە هەموو پارچەکانی کۆمەڵگا خەباتێکی هاوبەشیان هەیە بۆ چارەسەرکردن، ژنان خەباتێکی بەهێز و هاوبەش دەکەن لە دژی نایەکسانی و توندوتیژی و ستەم و شەڕ. لێرەدا ئیرادە و خەبات و تێکۆشان هەیە. بۆیە هیوا لای ژنانە، ههیوا و ئۆمێد لە خەباتی هاوبەشی ژناندایە."

ف.ق