سەرۆکی پەرلەمان نوعمان کورتولموش دەربارەی ئەو کۆمیسیۆنەی کە پلان وایە لە چوارچێوەی "پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" لە پەرلەمان پێکبهێنرێت، بانگهێشتنامەیەکی ئاڕاستەی پارتە سیاسییەکان کرد.
جێگری سەرۆک فراکسیۆنەکانی لایەنە سیاسییەکانی پەرلەمان بانگهێشتی کۆبوونەوەی کاتژمێر ١٠:٠٠ـی پێش نیوەڕۆی ڕۆژی ١٨ـی تەمموز کراون، هەروەها داوا لەو لایەنانەی کە نوێنەریان نییە لە پەرلەمان کراوە کە هەر لایەنێک نوێنەرێکی ئامادەبێت.
لە کۆبوونەوەکەدا زۆر بابەتی پەیوەست بە ناوی کۆمسیۆن، پێکهێنانی بە یاسا یان بە دەستپێشخەری سەرۆکی پەرلەمان، تاوتوێ دەکرێت، ئەگەر لە کاتی کۆبوونەوەکەدا بڕیارێک لەسەر چۆنییەتی پێکهێنانی کۆمسیۆنەکە درا، ئەوا ئامادەکارییەکی نووسراو لەسەر بنەما و پێوەرەکانی پێکهێنانی دەکرێت، دوای ئەم گفتوگۆ و ئامادەکارییانە، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، کورتولموش پێکهێنانی کۆمیسیۆنەکە ڕادەگەیەنێت.
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، هەریەک لە وتەبێژی کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان (هەدەکە) و پەرلەمانتاری ئەرزەڕۆم مەراڵ دانیش بەشتاش، پەرلەمانتاری ئەنتاڵیا ساروخان ئۆلوچ، پەرلەمانتاری ئیستەنبوڵ جەنگیز چیچەکی بۆ ئەندامبوون لە کۆمیسیۆنەکە دەستنیشان کردووە.