هەفتەی داهاتوو دەم پارتی و مەهەپە کۆدەبنەوە
بڕیارە هەفتەی داهاتوو هاوسەرۆکانی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان و تولای حاتەم ئۆغوللاری لە پەڕلەمان لەگەڵ سەرۆکی گشتی مەهەپە دەوڵەت باخچەلی کۆببنەوە.
بڕیارە هەفتەی داهاتوو هاوسەرۆکانی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان و تولای حاتەم ئۆغوللاری لە پەڕلەمان لەگەڵ سەرۆکی گشتی مەهەپە دەوڵەت باخچەلی کۆببنەوە.
بە مەبەستی زەمینەسازی و بەهێزکردنی پرۆسەی چارەسەری کە بە 'بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک'ی ٢٧ی شوباتی ڕێبەر ئاپۆ، وە بە بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە پێی نایە قۆناغێکی پراکتیکی نوێیەوە، دەم پارتی گەڕێک سەردانی و کۆبوونەوەی لەگەڵ پارتەکانی پەڕلەمانی تورکیا دەستپێکردووە.
ئەمڕۆ تونجەر باقرخان بە یاوەری شاندی هاوڕێی؛ گوڵستان کلچ کۆچگیت و سزای تەمەلی سەرۆک فراکسیۆنی دەم پارتی لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغلوو لە ناوەندی گشتیی پارتی گەلەجەک کۆبوونەوە و تاوتوێی کارە و هانگاوەکانی پرۆسەی چارەسەری کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر گرنگی فراوانکردنی کۆبوونەوە و دیالۆگی نێوان پارت و لایەنەکان، هەروەها دامەزراندنی کۆمسیۆنێک بە کۆی دەنگی پەڕلەمان و بەشداری هەموو لایەنەکان کرایەوە بۆئەوەی لە پەڕلەمانەوە هەنگاوەکانی پرۆسەکە بە یاسایی بکرێن.
دەم پارتی ڕایگەیاند لە کۆبوونەوەکانی بەردەوام دەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش هەفتەی داهاتوو هاوسەرۆکانی دەم پارتی تونجەر باقرخان و تولای حاتەم ئۆغوللاری لە ٢٧ـی ئایار کاتژمێر ١١:٣٠ لە پەڕلەماندا لەگەڵ سەرۆکی گشتی مەهەپە دەوڵەت باخچەلی کۆدەبنەوە.
چاوەڕوان دەکرێت هەر لە هەفتەی داهاتوودا دەم پارتی لەگەڵ ئاکەپەدا کۆببێتەوە.
ئەم کۆبوونەوانەی دەم پارتی لەکاتێکدا ئەمڕۆ ئەنجوومەنی گشتی دەم پارتی ئەنجامنامەی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ گەلدا ئاشکرا کرد کە لە ٢٢ی ئایارەوە بۆ هەڵسەنگاندنی پرۆسەی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" ئەنجام درابوون و تێیدا جەخت کراوەتەوە لە گرنگی کۆبوونەوە و دیالۆگەکان و ڕاگەیاندرا: "سەرکەوتن و بە ئامانج گەیاندنی پرۆسەکە پێویستی بە تێکۆشانی چالاکی و ڕێکخستنکارییەکە لەناو گەلدا ئەنجام بدرێت."