نوێکرایەوە

دەم پارتی و پارتی گەلەجەک کۆبوونەوە

لە ناوەندی گشتی پارتی گەلەجەک هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان لەگەڵ سەرۆکی گشتی پارتی گەلەجەک ئەحمەد داودئۆغلوو کۆبووەوە.

ئەمڕۆ هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) با یاوەری شاندی هاوڕێی؛ گوڵستان کلچ کۆچیگیت و سەزای تەمەلی سەردانی ناوەندی گشتی پارتی گەلەجەکییان کرد و لە لایەن سەرۆکی گشتی پارتی گەلەجەک ئەحمەد داودئۆغلوو و ئەندامانی پارتەکەیەوە پێشوازییان لێکرا.

کۆبوونەوەکە بە شێوەیەکی داخرا و دوور لە ڕاگەیاندنەکان ئەنجام درا، زانراوە لە کۆبوونەوەکەدا پرۆسەی دیموکراتیزەکردنی تورکیا، کۆتا کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ و بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە تاوتوێ کراوە.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر بەرفراوانکردنی دیالۆگ لە نێوان لایەنەکانی دیکە و ئەو هەنگاوانە کراوە کە پێویستە لە پەڕلەماندا بۆ ئاشتی و چارەسەری بگیرێتەبەر.

لە کۆبوونەوەکەدا دەستنیشان کراوە دامەزراندنی کۆمسیۆنێک بە دەنگی تەواوی پەڕلەمان و بە شێوەیەک هەموو پارتەکانی تێیدا بەشداربێت زۆر گرنگە.

زانراوە لەم هەفتەیەدا دەم پارتی لەگەڵ پارت و هێزە هاوپەیمانەکان و هەروەها لەگەڵ ئاکەپە و مەهەپەدا کۆدەبێتەوە.