قەسەدە هێرشێکی داعشی تێکشاند
قەسەدە ڕایگەیاند شەڕڤانانیان هێرشێکی چەتەکانی داعشیان بۆسەر خاڵێکی سەربازی لە شارۆچکەی بەحرە تێکشاندووە.
قەسەدە ڕایگەیاند شەڕڤانانیان هێرشێکی چەتەکانی داعشیان بۆسەر خاڵێکی سەربازی لە شارۆچکەی بەحرە تێکشاندووە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) دەربارەی هێرشی چەتەکانی داعش لە شارۆچکەی بەحرە بە ڕاگەیاندراوێک دەستنیشانی کرد، دوێنێ ئێوارە شانەی چەتەکانی داعش هێرشی سەر خاڵێکی هێزەکانی قەسەدەیان کردووە کە کەوتووەتە شارۆچکەی بەحرەی گوندەواری ڕۆژهەڵاتی دێرەزۆر و دەستبەجێ هێرشەکە تێکشکێندراوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "شانەیەکی تیرۆرستی داعش بە ئۆتۆمبیلێکەوە هێرشیان کردە سەر خاڵێکی سەربازیمان لە شارۆچکەی بەحرە، شەڕڤانانمان وەڵامی هێرشەکەیان دایەوە و بەوهۆیەوە شەڕێکی سەختی لێکەوتەوە. لە ئەنجامدا ئەندامێکی چەتەکانی داعش بریندار بوو، وە ئەوانی دیکەش بە ئۆتۆمبیلەکەیانەوە هەڵهاتن. دوو لە شەڕڤانانیشمان بە سوکی بریندار بوون."
لە ڕاگەیاندراوەکەدا قەسەدە دووپاتی کردووەتەوە لە ئۆپراسیۆنی پاککردنەوە و ڕاماڵینی ڕێکخراوە و تیرۆرستییەکان و لە ناوبردنی پێگەی ماددی و مەعنەویان بەردەوام دەبێت.