کۆمەڵکوژی سەر عەلەوییەکان
ڕۆژی دووشەممە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕاپۆرتێکی لێکۆڵینەوەی وردی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەماوەی سێ ڕۆژ کۆمەڵکوژی کە لە ناوچە گوندنشینەکانی لازقیە و تەرتوسی سوریا لە مانگی ئادار ڕوویدا، نزیکەی هەزار و ٥٠٠ هاوڵاتی مەدەنی عەلەوی کوژران و دەیان کەسی دیکەش بێسەروشوێن بوون.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرز هێرشەکان لانیکەم لە لایەن ١٢گرووپی چەکدار لەژێر فەرماندەیی وەزارەتی بەرگری سووریا ئەنجامدراون کە لەلایەن تەحریر شامەوە بەڕێوەدەبرێن. زۆربەی ئەو گرووپانە ساڵانێکە لە ئاستی نێونەتەوەییدا لەسەر تاوانی کوشتن، ڕفاندن، دەستدرێژی و پێشێلکارییەکان دژی مافی مرۆڤ لە لیستی داواکاریدان.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرز کە بە ڕێگەی وێنەی مانگی دەستکرد و شایەتحاڵی مەیدانی و بەڵگەنامە فەرمییەکان بەدەست هاتوون، کۆمەڵکوژییەکان لانیکەم لە ٤٠ ناوچە بەڕێوە چووە.
پەیوەندی ڕاستەوخۆی وەزارەتی بەرگری سووریا بە کۆمەڵکوژییەکەوە
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری، بەتایبەتی حەسەن عەبدولغەنی، وتەبێژی وەزارەتی سووریا دەکات کە لەو کۆمەڵکوژییانەی لە ناوچە کەناراوییەکانی سوریا ئەنجامدراون. زانراوە کە حەسەن عەبدولغەنی بە ڕێگەی تێلگرامەوە سەرپەرەشتی هێرشەکانی کردووە و ڕاستەوخۆ هێرشە مەیدانییەکانی ئاڕاستە کردووە.
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە عەبدولغەنی بە تایبەتی لە وەڵامی ئەوانەی سەبارەت بە هێرشەکانی جەبالە پەیوەندیان لەگەڵ گرتووە بە وتنی: "خوای گەورە پاداشتتان بداتەوە" دەستخۆشی خۆی دەربڕییوە.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز چاوپێکەوتنی لەگەڵ چەند ئەفسەرێک لەوانە محەمەد ئەلجاسم (ناسراو بە ئەبو ئەمشات) فەرماندەی هێزی سوڵتان سلێمان شا (کە بە ئەمشات-یش ناسراوە) ئەنجامداوە، بە گوتەی ئەوان، وەزارەتی بەرگری، هەرێمی کەناراوەکانی بەچەند ناوچەی جیاواز دابەشکراوە و ئەو ناوچەی کە هێرشەکەی تێدا ئەنجامدراوە بە هێزی ئاسایشی گشتی و هێزی ٤٠٠ و یەکینەی عوسمانی سپێردراوە. ئەم هێزانە لە ١٠ شوێنی جیاوازدا جێگیرکرابوون و نزیکەی ٩٠٠ کەسیان کوشتووە.
هەروەها باس لەوەش دەکرێت کە ئەو گرووپانەی کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە پاڵپشتی دەکرێن، وەک هێزی سوڵتان سلێمان شا (ئەل ئەمشات) و هێزی حەمزە (ئەلحەمزات) لە هەشت ناوچەی جیاواز چالاکیان کردووە و نزیکەی ٧٠٠ کەسیان کۆمەڵکوژ کردووە.
هەروەها گرووپە جوداخوازەکانی دیکەی وەک سوپای ئیسلام و سوپای پیاوانی ئازاد و سوپای عیزەت لەو هێرشانەدا بەشدارییان کردووە. ئەم گروپانە لە چوار ناوچەی جیاواز هێرشیان کردوو و نزیکەی ٣٥٠ کەسیان کوشتووە.
جگە لەمەیش چەکدارانی چیچانی، ئۆزبەکی و پارتی ئیسلامی تورکستان لەو هێرشانەدا بەشداریان کردووە. بەشێک لەوانە لە ناوچەی ئەرزە و بانیاس بوون. لەو هێرشانەدا نزیکەی ٥٠٠ کەس کوژراون.
ئەو گروپانەی لە ناوچەکەدا بەشداریان کردووە
زیاتر لە ٤٠ چەکدار، فەرماندە و بەرپرسی ئەمنی و هەروەها زیاتر لە ٢٠٠ لە کەسوکاری قوربانیان و کەسانی دیاریکراوی حکومەت، لەگەڵ ئاژانسی ڕۆیتەرز قسەیان کردووە و ڕایانگەیاندووە کە ناوچەی کەناراوییەکان بە چەند بەش دابەشکراوە و بەو پێیە هێرشەکان پلانیان بۆ دانراوە.
ئەو گروپانەی دەوترێت دەستیان هەبووە لە کۆمەڵکوژییەکەدا بریتین لە:
* ناوەندی ئاسایشی گشتی
* هێزی٤٠٠ـەمین (هێزی نوخبەی پێشووی هەتەشە)
* گرووپی عوسمان
* گرووپی سوڵتان سلێمان شا (ئەمشات)
* گرووپی حەمزە (ئەلحەمزات)
* سوپای ئیسلام
* سوپای پیاوانی ئازاد
* سوپای عیزەت
* چەکدارانی پارتی ئیسلامی تورکستان، چەکدارانی ئۆزبەک و چیچانی.
بەشێک لەو گرووپانە بە گرووپی سەر بە تورکیا ناسراون و بەشێکی دیکەشیان چەتەی جوداخوازی بیانین. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو گرووپانە نزیکەی هەزار و ٥٠٠ هاوڵاتی عەلەوییان لە ١٠ناوچە کوشتووە.
بێدەنگی حکومەتی دیمەشق
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، وەزارەتی بەرگری سوریا، نووسینگەی سەرۆکایەتیی سوریا و دەزگای ئاسایشی گشتی، وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆیتەرزیان نەداوەتەوە.