قەسەدە دەنگۆکانی سەبارەت بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە بیابانی سوریا بەدرۆخستەوە

قەسەدە ئەو هەواڵانەی بەدرۆخستەوە کە باس لەوە دەکەن هێزەکانیان لە بیابانی سوریا ئۆپەراسیۆنێک دژی چەتەکانی داعش دەست پێ دەکەن، دووپاتی کردەوە، ئەوان هەردەم ئامادەن بۆ بەشداریکردن لە هەر هەڵمەتێکی نیشتیمانیی سوریی و نێونەتەوەیی دژی داعش.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) لەسەر ماڵپەڕی فەرمیی خۆی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، دووپاتی کردەوە، ئەو هەواڵانەی باس لە ئامادەکاریی هێزەکانیان دەکەن بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێک دژی چەتەکانی داعش لە بیابانی سوریا، دوورن لە ڕاستییەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەی قەسەدە، گوتراوە: "چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندن زانیاری ناڕاستیان بڵاوکردووەتەوە کە گوایە هێزەکانمان ئامادەکاریی دەکەن بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێک دژی پاشماوەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە بیابانی سوریا. دووپاتی دەکەینەوە، کە ئەم زانیارییانە دوورن لە ڕاستییەوە، هەموو جمووجووڵەکانی هێزەکانمان لە چوارچێوەی ئاسایی خۆیاندا ئەنجام دەدرێن.

هێزەکانمان دووپاتی دەکەنەوە، هەردەم ئامادەن بۆ بەشداریکردن لە هەر هەڵمەتێکی نیشتیمانیی سوریی و نێونەتەوەیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش. هێزەکانمان هەر هەڵمەت و ئۆپەراسیۆنێک ئەنجام بدەن لە ماڵپەڕ و پلاتفۆرمە فەرمییەکانی خۆیانەوە ئاشکرای دەکەن".