سۆهر: لە ڕۆژێکدا شەش کەس کوژراون و گۆڕێکی بەکۆمەڵیش دۆزراوەتەوە

سۆهر ڕایگەیان لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا بە هۆکاری جیاواز شەش کەس لە سووریادا کوژراون و گۆڕێکی بەکۆمەڵیش لە دێرۆزۆر دۆزراوەتەوە.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ (سۆهر) پەیوەست بە ڕووداوەکانی ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی سووریا ئامارێکی بڵاوکردەوە  و ئاماژەی بەوەدا بەهۆکاری جیاواز شەش کەس لە کات و شوێنی جیاوازدا کوژراون.

سۆهر ئاشكرای کرد گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە ناوچەی ڕەوادی گوندەواری دێرەزۆر لە نزیک بازگەی تەلعای ڕژێمی پێشووی سووریا دۆزراوەتەوە، لە گۆڕەکە بەلانیکەمەوە ٨ ڕووفات دەرهێنراوە.

سۆهر ئاماژەی بەوەشدا لە دەرووبەری دەشتاییەکانی مەیدانی گوندەواری ڕۆژهەڵاتی دێرەزۆر ئەفسەرێکی حکومەتی دیمەشق لە تیمی پوچەڵکردنەوەی مین کە بە ڕەگەز عێراقییە بە هۆی تەقینەوەی مینەوە کوژراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە بەهۆی تەقینەوەی پاشماوەی جەنگەوە لە گوندەوارەکانی ڕۆژهەڵاتی حومس سێ کەس گیانیان لەدەستداوە. ئاشكرایشی کردوو کە لە شارۆچکەی نەمەر، کچێک کە کێشەی دەروونی هەبووە بەچەقۆ دایکی خۆی کووشتووە، هەروەها لە گەڕەکی ڕەمیلی باشووری لازقییە بە چەقۆ گەنجێک لە لایەن دوو کەسەوە دەکووژرێت.