وتار

واتای ئیمپریالیزم

مێژووی پاش جەنگی دووەم، بریتییە لە مێژووی ئەمریکای جێگرەوە لەبری وڵاتانی ئیمپریالیست، کە یەکبەیەکیان لە ژێر گوشاری سەرهەڵدانەیلی ئازادیخوازانەدا، ناچار بوون دەستبەرداری پێگەی ئیمپریالیسمییانەی خۆیان ببن.

وشەی ئیمریالیزم لە زماندا، لە ڕیشەی ئیمپراتۆرییەوە داتاشراوە، واتا چێکردنی ئیمپراتۆرییەت. لە مانای بەرینیدا هەموو چەشنە فراوانخوازی، قەڵەمڕۆخوازی و هەژموونییەکی بەهێز بەسەر لاوازەوە، دەگرێتەوە. ڕوونە ئەم جۆرە ئیمپریالیزمە هەمیشە بە درێژایی دیرۆک بوونی هەبووە. وەکوو ئیمپراتۆرییەتەکانی ئێران، ڕۆم و عوسمانیی و ئەوانی تر. لە سیستەمی نێودەوڵەتیی یۆنانی کۆندا، ڕستێک کۆڵۆنی لە دەریای ئیژەدا هەبوون، زادەی حەوجەی دەوڵەتەشارە بەهێزەکانی وەکوو ئەسینا و ئەسپارتا بە پێگە ستراتیژییەکان و پاراستنی ڕێڕەوە ئاوییەکان بوون. هەرەوەتر، ئەم داگیرگانە بۆ ڕاکێشانی زیادەی ژمارەی دانیشتووان و دابینکردنی خۆراک، سوودیان لێ دەبینرا. [١]

ئیمپریالیزم، وەک چەمک، مانایەکی نوێتریش دەگرێتەوە، ئەویش فراوانخوازیی دەوڵەتەیلی پێشکەوتووی ئەورووپاییە لە بەشەکانی تری جیهاندا لە ماوەی ٥٠٠ ساڵی دواییدا. ئەم جۆرە فراوانبوون و گەشەیە، بە لەدایکبوون و پێگەیشتنی سەرمایەدارییەوە ڕایەڵ کراوە. [٢بەو واتایەی پێشڤەچوونی سەرمایەداری، گۆڕانکارییەکانی بواری تەکنەلۆژیا، پێویستییەکانی هەڵقوڵاو لە دینامیکێت و زەروورەتی ناوەکیی ئا ئەم شێوازی بەرهەمهێنانە (حەوجە بە کەڵەکەکردن)، فراوانخوازی و هەژموونسەپاندنیان بەسەر سەرزەمینەیلی دیکەدا لێ کەوتووەتەوە.

ئیمپریالیزم لەم مانایەدا بە تەنێ بە واتای کۆڵۆنیالیزم یان داگیرگەسازیی نایەت، ئاخر بەگوێرەی پێویستییەکانی قۆناغە جیاجیاکانی پێشڤەچوونی کۆمەڵگەی سەرمایەداری، شێواز و جۆری چەوسانەوە جیاواز بووە، بەم پێیە پاش تێپەڕاندنی کۆڵۆنیالیزم یان داگیرگەسازیی کلاسیک و بەدەستهێنانی سەربەخۆیی لەلایەن سەرزەمینەیلی داگیرکراوەوە، هێشتا ئیمپریالیزم، کە ناواخنەکەی سوودڕنین و چەوسانەوەی گەلان و سەرزەمینەیلی ترە، لە ڕێگەی هێشتنەوەی وابەستەییە ئابووری و داراییەکانەوە، درێژی بە هەبوونی خۆی دا. دە ئاخر تانوپۆی ئابووریی کۆمەڵگە ژێردەستەکان، بەناو تۆڕی سیستەمی جیهانیی سەرمایەداریدا، کە پێک هاتووە لە دوو بەش، (پەراوێز یان وڵاتەیلی پاشکۆ و دواکەوتوو) و (ناوەند، میترۆپۆڵ یان وڵاتە ئیمپریالیستییەکان)، چنراوە. لەم سیستەمە جیهانییەدا دابەشکارییەکی نێودەوڵەتیی کار لە ئارادایە، ئەنجامی ئەمەیش بەردەوامیی وابەستەییی ناوچە پەراوێزنشینەکان و چڕبوونەوەی زێدەبار (یان کەڵەکەکردنی سەرمایە) لە وڵاتانی ڕۆژاوا بووە، تاکوو لێرەوە و لە ڕێگەی هێنانەبوونی زێدەبارێکی بەردەوامەوە، سامان و دەسەڵاتی خۆیان بە زیانی وڵاتانی ژێردەست پتر بکەن.

لەم واتایەدا، ئیمپریالیزم ئەوە هیچ لەگەڵ کۆڵۆنیالیزم (یان داگیرگەسازیی کلاسیک) دا هاوواتا نییە، بگرە قسە دەربارەی جۆرێکی تری ئیمپریالیزم، یان قۆناغێکی تایبەتیی گەشەی سەرمایەدارییە، ئەوێ قۆناغێ وا هەندێک نازناوی (ئیمپریالیزمی نوێ) یان پێ داوە و مەبەست لێی، قەڵەمڕۆخوازیی، فراوانخوازی و شاڵاوی تاڕادەیەک هاوکات و سەرلەنوێی وڵاتانی ئەورووپاییە بۆ بەچنگخستنی داگیرگە (بەتایبەت لە ئەفریقادا) لە چارەکی کۆتاییی سەدەی نۆزدەهەم و هەروەتر ململانێ و گێرمەوکێشەی وڵاتانی ئیمپریالیستە بۆ سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی جیهان لە چاخی سەرمایەداریی قۆرخکاریدا. ئاساییە لەم هەڵگۆزانەدا، ئەوە بزوێنەر و دینامێکێتی ناوەکیی، یان پێشەڤەچوون و پەرەسەندنی کۆمەڵگەی سەرمایەداریە زنجیرەیەک پێویستیی و نیاز قووت دەکەنەوە و هۆکارن تاکوو ئەم وڵاتانە لەپێناو وەڵامدانەوەی ئەم پێویستی و نیازانەدا، دەست بۆ ڕنینەوە و چەوساندنەوەی ناوچەکانی تری جیهان ببەن و لەم ڕێگەیدا دەست بۆ پەلبەست و کۆتوبەندکردنی گەلان و دانیشتوانی سەرزەمینەیلی تر دەبەن، سیستەمی ئابووری-کۆمەڵایەتییان هەڵدەوەشێننەوە و ژیانیان بە پێویستی و نیازەکانی خۆیانەوە گرێ دەدەن. بەگوێرەی ئەم بیردۆزە، بەپێی هەر قۆناغێکی پێشڤەچوونی سەرمایەداری، شێوازێکی تایبەتی فراوانخوازیی سازگار و گونجاو لەگەڵ پێویستیی و نیازەکانی ئەو قۆناغەدا هاتووەتە ئاراوە، بەگشتیی ئەم پێشڤەچوونەی سەرمایەداری، بەسەر سێ قۆناغدا دابەش دەکەن:

١. قۆناغی سەرمایەداریی بازرگانی.

٢. قۆناغی سەرمایەداریی پیشەسازیی ڕۆنراو لەسەر ململانێ.

٣. قۆناغی سەرمایەداریی پیشەسازیی ڕۆنراو لەسەر تایبەتسازیی و قۆرخکارییەکان.

سەرمایەداریی بازرگانی، هەڵقوڵاوی شۆڕشی بازرگانیی سەدەی شانزەهەم و حەڤدەهەمی زاینییە لە وڵاتانی ئەورووپای ڕۆژاوا، ئەوێ شۆڕشێ وا لە دەرئەنجامی بەکارهێنانی کەشتییە دەریابڕەکان و داهێنانی تۆپەوە سەری هەڵدا. شۆڕشی بازرگانی، فیوداڵیزمی لە وڵاتانی ئەورووپایی هەڵوەشاندەوە و خاوەنەیلی سەرمایەی بازرگانیی، واتا بازرگانان، خاوەن کەشتییەکان و ئەوێ توێژانەی بەمانەوە ڕایەڵ بوون، بە دەسەڵات گەیاند. لەم قۆناغەدا، وڵاتانی ئەورووپایی پتر هاوردەکار بوون تاکوو هەناردەکار، جا خەریکی بازرگانیی کاڵای دەگمەن و پێویستی وەکوو بەهارات، بەرهەمەکانی ناوچە گەرمەسێرییەکان و کانزا گرانبەهاکان بوون. شۆڕشەکانی ئەم سەردەمە، شۆڕشی سەرمایەی بازرگانین لە دژی فیودالیزم. دەبێت ئاستەنگ و بەربەستەکانی سەر ڕێی بازرگانان هەڵگیرێن و جموجووڵی ئازادی کاڵا دابین بکرێت، دەبێت بازاڕێکی فراوان بهێنێنرێتە ئارا و ڕێگەوبان بونیاد بنرێت، یەکەی دراو و کێش و بڕ و پێوانەی پەسەندکراو لە گشت جێیەک، بچەسپێنرێن، (کورت و پوخت، بناغەی دەوڵەتە تازەکان یان دەوڵەتەیلی نەتەوەیی چێ کرا)، لەم سۆنگەوە، پادشاکان (لە وڵاتانی کەناری زەریای ئەتڵەسی لە ئەورووپا) لەگەڵ بازرگانان و سەرمایەی بازرگانیدا، دژ بە فیوداڵەکان، دەستیان تێکەڵ کرد و ئاکام، بینەری شۆڕشەکانی وەکوو شۆڕشی ١٦٤٨ی ئینگلیستانین.

بازرگانانی ئەورووپایی لەم قۆناغەدا کاڵای کەمتریان لە هەگبەدا بوو بۆ ئاڵوگۆڕ لەگەڵ ئەو بەرهەمانەی وا حەوجەیان پێی هەبوو. دەی کەوابوو هەوڵەکانیان بە ئاڕاستەی بەچنگخستنی پشکێک لە بازرگانیی نێوان وڵاتانی ئاسیا وەگەڕ خرا، لەم بگرەوبەردەیەدا، بەرهەمی کوالێتیبەرزی ڕۆژاوا یان سیستەمی پێشکەوتووتری بازرگانیان نەبوو، کە بووبێتنە بزوێنەری پێشخستنی ئامانجەکانیان، بەڵکوو هێزی سەربازیی پێشکەوتووتری وان (کەشتی و تۆپ) توانای ئەوەی پێ دان سیستەمی بازرگانی نەریتیی لە ناوچە جیاجیاکان هەڵبووەشێننەوە و بە زاڵبوون بە سەر ڕێگا دەریاییەکاندا، بازرگانیی خۆیان بکەن بە جێگرەوەی بازرگانیی وڵاتانی ئاسیایی.

سەرچاوەکانی داهاتی بازرگانیی وڵاتانی ئەورووپایی لەم قۆناغەدا زادەی ئەم چوار ژێدەرەی ژێرێ بوو:

١. ڕێڕەوی زێڕ لە ئەمریکاوە، ٢. بازرگانیی کۆیلە لە ئەفریقاوە، ٣. بەدەستهێنانی پشکێک لە بازرگانیی نێوان وڵاتانی ئاسیا ٤. بازرگانیی بەهارات و بەرهەکانی ناوچە گەرمەسێرییەکان.

شۆڕشی بازرگانی و هەڵکشانی بڕی ئاڵوگۆڕ، زەمینەی بەرهەمهێنانی پتری لە وڵاتانی ئەورووپاییدا فەراهەم کرد و بەرهەمی پیشەسازیی هەندێک لە وڵاتانی ئەورووپایی گەشەی کرد، هەروەتر بە برەوسەندنی پیشەسازیی جۆراوجۆر بە پێودانگی شۆڕشی پیشەسازی لە نیوەی دووەمی سەدەی هەژدەهەمدا (کە سەرەتا ئینگلیستان و پاشان لە شوێنەکانی تری ئەورووپادا ڕووی دا)، بەرهەمهێنانی کارخانەیی و بەرهەمهێنان لە ئاستی بەرفرواندا سەریان هەڵدا. بە پەیدابوونی بەرهەمهێنانی پیشەسازییانە، دۆزی دەستڕاگەیشتن بە کەرەستەی خاو و گەڕان بە دوای بازاڕدا بایەخێکی هێجگار زۆری پەیدا کرد. لەو وڵاتانەی پتر زەمینەی شۆڕشی پیشەسازیی فەراهەم بوو، سەرمایەی پیشەسازیی جۆراوجۆر وەک هێزی باڵادەست و زاڵ لە کۆمەڵگەدا سەریان هەڵدا و ئیتر ئەوە ڕوونە کەوا ئەم چەشنە سەرمایانە، سیاسەتی دەوڵەتیان بە ئاڕاستەی دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان پاڵ پێوە نا. لە سەرانسەری ڕێڕەوی پەرەسەندنی سەرمایەداری لە ئەورووپای ڕۆژاوادا، نابێت پرسی کێبەرکێ و کێشمەکێش لەسەر داگیرگەکان لەنێوان ئەم وڵاتانەدا نادیدە بگیرێت. خۆ ئەگەر لە سەدەی شانزەهەم و حەڤدەهەمدا بەریتانیا لەپێناو دەستڕاگەیشتن بە دەریاکان و زاڵبوون بەسەر بازرگانیی ئاسیا و ئەفریقادا، لەگەڵ پورتووگال، هۆڵەندا و ئیسپانیا لە ململانێدا بووبێت، ئەوا لە سەدەی هەژدەهەمیش ململانێی مەزن لەنێوان بەریتانیا و فەڕەنسادا بوو، کە پاش جەنگی حەوتساڵە (١٧٦٣-١٧٥٧) بەسەرکەوتنی بەریتانیا ئەنجامگیر بوو و زەمینەی هەژموونی جیهانیی بەریتانیای وەکوو وڵاتێکی ئیمپریالیستیی پلەیەک، لە سەرانسەری سەدەی نۆزدەهەمدا ڕەخساند. هەنگاوی کۆتاییی ئەم سەرکەوتنە سەربازییە، (شەڕی واتەرلۆ) بوو، شکستی فەڕەنسا، پێگەی بەریتانیای تۆکمەتر کرد.

بەرهەهێنانی پیشەسازیی، ئاتاجی دابینکردنی کەرەستەی خاو و بازاڕ بوو. جۆری کەرەستەی خاوی ئەم قۆناغە، لەگەڵ ئەو کەرەستەیەی لە قۆناغی شۆڕشی بازرگانییدا بەکار دەهێنرا، جیاواز بوو. لێرەدا پێویستی بە کەرەستەی وەک لۆکە، کەناف [٣، قاوە، کاکاو، کەرەستەی ڕەنگکردن و کانزای جیاجیا سەری هەڵدا. دەبوو زەویی دەستلێنەدراو و خۆرسک بچێنرێن، تاکوو کەرەستەی خاو و ماددەی سەرەتایی پێویست و خوردوخۆراک بۆ ژمارەی دانیشتووانی ڕوو لە زیادبوونی وڵاتانی مێترۆپۆڵ دەستەبەر ببێت. لە سیستەمە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکانی بەر لە سەرمایەداریدا، ئامانجی فراوانخوازی، تاڵانکردنی زێدەباری بەردەستی ناو کۆمەڵگەکانی دیکە بوو. لەم قۆناغەدا، تاڵانی، دزی، دزیی دەریایی، بازرگانیی کۆیلە، دەرهێنانی زێڕ و زیو ئاسایی بوون. بەڵام لە قۆناغی سەرمایەداریی پیشەسازییدا، ئەوە هیچ سەرچاوە و زێدەباری بەردەست تاڵان دەکران، سەربار، دابینکردنی پێداویستیی کۆمەڵگە پێشکەوتووەکانی پیشەسازیی، حەوجەی بە هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگە نەریتییەکان بوو، تاکوو پێویستییەکانی ناوەندە پیشەسازییەکانی ئەورووپا دابین و دەستبەر ببێت. بناغە و کرۆکی سەرمایەداریی پیشەسازیی، بریتییە لە پێویستیی ناوەکیی ئەم سیستەمە بە بەرهەمهێنان و فرۆشتن لە ئاستی فراوانتر و فراوانتردا (ئەویش بۆ دابینکردنی زێدەبار یان کەڵەکەکردن)، بە ڕەچاوکردنی ئەو مەترسییانەی هەڕەشەن لەسەر وەبەرهێنەر، (وەکوو کێبەرکێ ناوخۆیی و دەرەکییەکان، پێشڤەچوونی تەکنەلۆژیا، پاشەکشەی ئابووری و هۆکارگەلی تر)، وەبەرهێنەر دەکارێت بازاڕ و سەرچاوەکانی کەرەستەی خاوی خۆی کۆنترۆڵ بکات. ڕاستییەکەی کۆنترۆڵ و زاڵبوون لە دونیایەکی تژی لە مێمڵی و کێبەرکێدا، کتومت هەوڵدانە بۆ مانەوە (مانەوەی کۆمپانیا ئابوورییەکان). بە تەنێ لە ڕەوشێکی بەم ڕەنگەدا قازانج دەستبەر دەکرێت، سەرمایە لە مەترسیی لەناوچوون دەپاڕێزرێت، ئیشوکاری کرێکاران بەردەوام دەبێت، وەبەرهێنەر بەرەو وەبەرهێنانی زیاتر دەبزوێنرێت و کورت و پوخت ئاوهایی گشت شتێک لە وڵاتی سەرمایەداریدا باش دەچێت بەڕێوە. خۆ وا نەبێت، قەیران دامێن و بەرۆکی وڵاتانی پیشەسازیی دەگرێت. دەستبەرکردنی ئەم ئامانجانە وەنەبێت هەر لەڕێگەی داگیرگەسازیی کلاسیکەوە بلوێت، بەڵکوو سەرمایەگوزاریی ناڕەسمی یان دەسەڵاتی ئابووریی و دارایش، ئامانجی وڵاتی مێترۆپۆڵیان لە چاخی سەرمایەداریی پیشەسازییدا دەستبەر دەکرد. هەروەکچۆن وڵاتانی ئەمریکا و بەریتانیا لە سەدەی نۆزدەهەمدا و لەبەرانبەر ئیسپانیا و پورتووگال (لە بەرازیل)، پاڵپشتییان لە سەرهەڵدانی سەربەخۆخوازانەی وڵاتانی ئەمریکای لاتین دەکرد، لێ پاش بەدەستهاتنی سەربەخۆیی، پڕیان بە بازرگانی وڵاتانی لاتیندا دەکرد بۆ خۆیان، جا ڕستێک دەرفەتی وەبەرهێنان و شتی تریشیان بۆ خۆیان دەچنییەوە. کەواتە لە قۆناغی شۆڕشی پیشەسازیدا، وێڕای داگیرگەسازیی نەریتیی لە شێوەی گرتنی داگیرگەدا، بەبێ بوونی لینکی کۆڵۆنیالزیمی ڕەسمیش، هێشتا پێویستیی دابینکردنی کەرەستە سەرەتاییەکان و بازاڕی ساغکردنەوەی کاڵاکانی پیشەسازی و وەبەرهێنان، شیانی بەدەستهێنان بوون.

لەم قۆناغەدا، هەناردەکردنی سەرمایە لە پێناو کشتوکاڵی بازرگانیی و دۆزینەوە و دەرهێنانی کانزاکان و هەروەتر کۆنترۆڵی بازاڕدا، دەبێتە شتێکی باو.

سەرمایەداریی پیشەسازیی، وەکوو دەیبینین، بە سرووشتی خۆی وابەستەی جۆرە دابەشکردنێکی کارە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا کە ناوچە پەراوێزنیشینەکان دەکات بە هەناردەکەری کەرەستەسەرەتاییەکان و بەکارهێنەری کاڵا پیشەسازییەکانی وڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەداریی. کەواتە لەم قۆناغەدا، قازانجی پیشەسازی و ئاستی ژیانی کرێکاران لە وڵاتانی پێشکەوتوودا، بە ڕەوتی خستنەڕووی کەرەستەی خاو لە ناوچە پەراوێزنشینەکانەوە بەستراوەتەوە، هەر وەک چۆن ئاستی ژیان لەم ناوچانەدا گرێدراوی بەرزونزمیی بەهای کەرەستەخاوەکانە لە بازاڕەکانی جیهاندا (کە بەزۆری یەکجۆر بەرهەمە، وەکوو نەوت، یان کاکاو یانژی شەکر).

قۆناغی سێیەم، کە ناونیشانی ‘’ئیمپریالیزمی نوێ’’ی لەخۆ گرتووە، بە نزیکەیی لە چارەکی کۆتاییی سەدەی نۆزدەهەمەوە دەست پێ دەکات تاکوو جەنگی جیهانیی یەکەم (١٨٨٠-١٩١٤). خەسڵەت و تایبەتمەندیی ئەم دەورەیە بریتییە لە شەپۆلێکی نوێی فرانبوون و کشان لەلایەن وڵاتانی پێشکەوتووی ئەورووپاییەوە لەپێناو دابەشکردنی ئەو بەشەی جیهان وا دابەش نەکراوە و هەروەتر لەپێناو ململانێ و کێشمەکێش بۆ سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی ئەو بەشەی جیهان وا دابەش کراوە. چاخی قۆرخکارییان بەم دەورە وتووە، بەو واتایە کە درووستکردنی ناوەندە پیشەسازیی و داراییەکان، بەرەو قۆرخکاری دەڕوات و بینەری دەرکەوتنی کۆمپانیا زەبەلاحەکانین لە بواری پیشەسازییە گشتییەکاندا، ئەمە وێڕای بادانەوەی هێجگار سرووشتییانەی سەرمایەداری بەرەو چڕبوونەوە و جەمبوون. داهێنانە تەکنەلۆژییەکانی سێ دەیەی کۆتاییی سەدەی نۆزدەهەم، زەمینەی پێویستیان بۆ جەمکردنەوەی پتر ڕەخساند، بە جۆرێک لەم سەردەمەدا پێشڤەچوونە تەکنەلۆژییەکانی ناو بوارەیلی فیزیا، کیمیا، تێرمۆدینامیک، ئەلیکترۆموگناتیس و تواندنەوەی کانزاکان، لە دەرکەوتنی کارخانە نوێیەکانی پۆڵا، بزوێنەری سووتانی ناوەکی [٤، کارەبا، نەوت، ڕێگای ئاسن، کەشتیی هەڵم و بەرهەمی جۆراوجۆری نوێدا هۆکار بوون. بۆ نموونە ڕێگای ئاسن هۆکار بوو تاکوو کارخانە ناوچەییەکان بتوانن لە ئاستی نیشتمانییدا (سەرانسەری وڵات) چالاکییان هەبێت و لقی کڕینوفرۆش بکەنەوە و بەرەو چڕبوونەوە و جەمبوونی پتر بڕۆن. ئەم کارخانە نوێیانە حەوجەیان بە وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریی بەربڵاو بوو، سا بۆیە ئاستی جەمبوون (جەمکردن و گلێرکردن و چڕکردنەوەی سەرمایە لە چەقێکدا) بەرەو پلەیەکی باڵاتر هەڵکشا.

سەربار، لەم قۆناغەدا، دەستبەری کۆنترۆڵی قۆرخکاریی بە سەر سەرچاوەکانی کەرەستەخاوەکاندا، هەم لە پێناو کێبەرکێ لەگەڵ کۆمپانیاکانی تر و هەم لەپێناو پاراستنی ئەو وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریانەی وا لە گۆڕێدان، بایەخی زیاتری پەیدا کرد.

هەناردەکردنی سەرمایەش لەم قۆناغەدا بایەخی زۆری پەیدا کرد. ڕۆڵی هەناردەکردنی سەرمایە فرەیە، لەوانە سازاندنی بازاڕی دەرهێنانی کانزاکان و کۆنترۆڵی قۆرخکارییانەی کەرەستەخاوە ستراتیژییەکان. بە دابینکردنی ڕێگەی دەریاییی هەرزان و هێڵەکانی پەیوەندیی، لەگەڵ فراوانبوونی هەژموونی ئیمپریالیستیی بە سەر تاڕادەیەک سەرانسەری جیهاندا، ڕەوتی دابینکردنی تۆڕێکی بازرگانیی جیهانی بە ئەنجام گەیشت و دابەشکردنی نێودەوڵەتییانەی کار کە بۆ ناوەندەکانی مێترۆپۆڵ هێجگار سوودمەند بوو، جێبەجێ و نوێ کرایەوە.

لە تایبەتمەندییەکانی تری ئەم قۆناغە، پەرەسەندنی ناوەندەکانی سەرمایەی قۆرخکارییە لە وڵاتانی تری پیشەسازیی (وەکوو ئەمریکا، ژاپۆن، فەڕەنسا و ئەڵمانیا) و کۆتاییی چاخی باڵادەستیی بەریتانیایە. هەنگاوە سیاسی و ئابووری و سەربازییەکانی ئەم وڵاتانە، کاریگەر بە پێویستییە ئابووری – کۆمەڵایەتییەکانیان، زنجیرەیەک پەیوەندییان بەدی هێنا، کە وان پەیوەندیی، بە چاخی ئیمریالیزم ناودێر دەکرێن.

نابێت وا بهزرین گوایە هەر کردەیەکی فراوانبوون و هەژموونێتی، بە ناچاری کاریگەرە بە گوشارێکی ئابووریی، چونکە دەلوێت پاراستنی داگیرگەیەک نەک هەر گرێدراوی قازانجی دەمودەست نەبێت، بەڵکوو بگرە بە دیوێکدا تێچووی فرەیشی بەدواوە بێت. بەڵام بە دێوێکی تردا لە کێبەڕکێی دەسەڵات و وەکوو پێگەیەکی ستراتیژی و هەنگاوێکی پێشگیرانە و خۆپارێزانە، وەها داگیرگەیەک بەسوودە، ئاخر پاراستنی تۆڕی ئیمپریالیستیی، حەوجەی بە هەنگاوی سیاسی، سەربازی، کولتووری، ڕیکلامکردن و هتدە

پاش جەنگی یەکەم، لەسەر شانۆی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، بینەری ڕستێک گۆڕانکاریی دیکەین، لەوانە، ئەمریکا باڵادەستیی ئابووری و داراییی بەریتانیا بەر هەڕەشە دەخات و دوای جەنگی دووەم وەکوو وڵاتێکی ئیمپریالیستیی پلەیەک، دەبێتە جێگرەوەی ئەو وڵاتە. تایبەتمەندییەکی تری ئەم ماوەیە ئەوەیە، بینەری دەرکەوتنی کۆمپانیا فرەنەتەوەکانین کە پێکهاتەی دامەزراوەیی و میتۆد و ڕێوشوێنەکانیان، دەگەڵ پێویستییەکانی ئیمپریالیزمی قۆناغی قۆرخکارییدا سازگار و گونجاون.

ئەم کۆمپانیایانە، لە سۆنگەی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو، سەرمایەی پێویست و ڕیکلام، دەتوانن لقەکانیان لە وڵاتانی جیاجیادا، تەنانەت لە وڵاتە پێشکەوتووەکانیشدا، بکەنەوە، بەمجۆرە لە بەربەستەکانی ڕسوماتی گومرگی دەپەڕنەوە و بە دەرکردنی ڕکابەرەکان لە سەر سەکۆ، کۆنترۆڵی قۆرخکاری لە بازاڕدا بەدەستەوە دەگرن.

ئەگەرچی تاکوو پێش جەنگی دووەم، ڕکابەریی و پێکهێنانی هاوپەیمانی لەنێوان وڵاتانی ئیمپریالیستیدا خەسڵەتی هەرە دیار بوو، هەنووکە چەق و قورسایی لە ڕکابەریی نێوان وڵاتانی ئیمپریالیستییەوە، بەرەو پاراستنی سیستەمی ئیمپریالستیی و پێشگرتن لە بچووکبوونەوەی، گواستراونەتەوە.

ئەم بابەتە بەهۆی ڕەوتی لەکۆڵۆنیالیزەخستنی [٥پاش جەنگی دووەم و دەرکەوتنی سەرهەڵدانە ئازادییخوازەکان لە وڵاتە جیاجیاکانی جیهانی سێهەمەوەیە، ئەوێ ڕەوت و سەرهەڵدانێ وا نەک هەر سەربەخۆیی سیاسیی، بەڵکوو شۆڕشی کۆمەڵایەتیشیان لەبەرچاو بووە.

ئامانجی وڵاتانی ئیمپریالیسم ئەوەیە تەنانەت پاش هاتنەئارای سەربەخۆیی، هێشتاکانێ وابەستەیی ئابووریی و دارایی داگیرکەکانی پێشوو بە ناوەندەکانی مێترۆپۆڵەوە وەکوو خۆی بمێنێتەوە. دەستوەردانی جۆراوجۆری سەربازیی، دەستوەردان و خۆتێهەڵقورتان لە کێشمەکێشەکانی ناوەوەی وڵاتانی پەراوێز، هەنگاوەیلی دیپلۆماسیی جیاجیای وەکوو بەستنی پەیمان و پاڵپشتیکردن لە ڕژێمەیلی فەرمانڕەوای وابەستە و ئەڵقەلەگوێ، هاوکارییە سەربازیی و داراییەکان و هتد… گشت ئەمانە بۆ یەک مەبەست، پاراستنی سیستەمی ئیمپریالیستیی و پێشگرتن لە جیابوونەوەی وڵاتانی پیشتر داگیرکراو لە قەڵەمڕۆ و کەوشەنی پەیوەندییە ئیمپریالیستییەکان. ویلایەتە یەکگرتووەکان لە پاش جەنگی دووەمەوە، بەهۆی باڵادەستیی هێزەوە، ئەرکی ڕێبەرایەتیی و پێکەوەنانی ئۆردوگای ئیمپریالیستیی و یەکخستنی ئەم بەرەیەی وەئەستۆ گرتووە.

ڕاستییەکەی، مێژووی پاش جەنگی دووەم، بریتییە لە مێژووی ئەمریکای جێگرەوە لەبری وڵاتانی ئیمپریالیست، کە یەکبەیەکیان لە ژێر گوشاری سەرهەڵدانەیلی ئازادیخوازانەدا، ناچار بوون دەستبەرداری پێگەی ئیمپریالیسمییانەی خۆیان ببن (وەک هاتنی ئەمریکا بۆ هند و چین لە پاش چوونی فەڕەنسا)، نها ئەوە ئەمریکایە بە هەبوونی پێگەی سەربازیی لە پتر لە حەفتا وڵاتی جیهاندا، بەڕەی ئیمپراتۆریی ڕانەگەینراوی خۆی لەسەرانسەری دونیادا ڕاخستووە (بێ لە وڵاتانی سۆشیالیستیی). ئەمڕۆکە، وێڕای دابەشکردنی کاری نێودەوڵەتی لە جیهانی سەرمایەداریدا لەنێوان وڵاتانی بەرهەمهێنی کەرەستەی خاو و وڵاتانی پێشکەوتووی پیشازییدا، ڕیزبەندییەک لە ئۆردوگای وڵاتانی ئیمپریالیستدا وا لە گۆڕێ و ئەم وڵاتانە بەپێی هیزی ئابووری و سەربازی، لەم ڕیزبەندییەدا جێکەوت دەبن، ئەوانەی بەهێزترن، وڵاتانی تری ئیمپریالستیی بەکار دەهێنن، دواجار ئەم ڕکابەرییەی ناو ئۆردوگای وڵاتانی ئیمپریالیستی، بەهۆی ئەو مەترسییەی لە سەر سیستەمی ئیمپریالیستییە، خاو و سنووردار بووە. لە ئەمریکا تەکنەلۆژیای نوێی سەربازیی و گەشەی دەستەکانی بەرههێنان، بوون بەهۆی ئامێتەبوونی بەرهەمهێنانی سەربازیی لەگەڵ کەرتە پیشەسازییە باڵادەستەکاندا. ئێستاکانێ لە ئەمریکا کۆمپانیا فرەنەتەوە سەربازییەکان بە سەر دەوڵەتدا زاڵدەست بوون و بەرژوەندییەکانی ئەم کۆمپانیایانە، لە سەری سەرەوەی بەرنامەی دەوڵەتدا جێکەوت کراون. کۆمپانیا فرەنەتەوەکان کە بە ئاڕاستەی کۆنتڕۆڵکردنی بەرفراوان و گەردوونیی پیشەسازییە نوێ و قازانجبەخشەکان (پیشەسازیی وزەی ناوەکیی، کۆمپیوتەر و پەیوەندییەکانی بۆشایی و مانگی دەستکرد) هەم لە «پەراوێز» و هەم لە ولاتانی پیشەسازیی پێشکەوتوودا هەنگاو دەنێن، بایەخێکی زۆریان پەیدا کردووە. ستراتیژ و پێکهاتەی کۆمپانیا فرەنەتەوەکان، کە هۆکارن بۆ سەپاندنی هەژموونی پتر لەناو داگیرگەکانی پێشوودا، بەرنامە ئابوورییەکانی ئەم کۆنەداگیرگانە بەچڕیی دەخەنە ژێر کۆنترۆڵ و هەژموونی خۆیانەوە.

ئێستا وێڕای دابەشکردنی کاری نێودەوڵەتیی و خەسڵەتە هەڵقوڵاوەکانی ناو ڕەوتی دەرکەوتنی کۆمپانیا فرەنەتەوەکان و ڕێبەرایەتیکردنی ئۆردوگای ئیمپریالیزم لەلایەن ئەمریکاوە، ڕیزبەندییەکی تر لە نێوان وڵاتانی سەرمایەداریدا وا لە گۆڕێ، کۆمپانیا بەهێزەکان، دامەزراوە پیشەسازیی و داراییە لاوازەکان بەکار دەهێنن و دەیانڕنێننەوە. کەواتە یەکێک لە خەسڵەتەکانی سەردەمی ئێمە، ڕکابەری و ململانێیە لەنێوان ئەم کۆمپانیانەدا لەپێناو کۆنترۆڵی سەرچاوەکانی کەرەستەی خاو و بازاڕ و دەرفەتەکانی وەبەرهێناندا، بە تایبەت چونکە تەکنەلۆژیای نوێ ڕەهەندێکی نێودەوڵەتیی هەیە و ئەو کۆمپانیایانە دەتوانن تێیدا سەرکەوتن دەستبەر بکەن، کە خودانی توانای دارایی و تەکنەلۆژی و ئەزموونی کردەیی بن. کێبەڕکێ لەنێوان ئەورووپا، ژاپۆن و ئەمریکا لە سەر دەستبەسەرداگرتنی بازاڕەکانی یەکتر، یەکێک لە لایەنە دیارەکانی ئەم ململانێیەی نێو ئۆردوگای ئیمپریالستییە.

سەرچاوە؛ گۆڤاری ئازادی کۆمەڵگە