ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان لە دەستپێکی شۆڕشەوە تا ئەمڕۆ سات بە سات بەردەوامی بە بەرخۆدان و تێکۆشان دەدەن و مۆری خۆیان لە گۆڕەپانی ژیان و کار و خەبات داوە. کارەکانی دامەزراوەی ژنی ئازادی سوریاش یەکێکە لەو خەباتانەی کە پایایەکی سەرەکیی پێشخستن و گەورەکردنی تێکۆشانی ژنانە.
سوڵتانێ خشۆ، بەرێوبەری دامەزراوەی ژنی ئازادی سوریا لەسەر دەستپێکی دامەزراندنی دامەزراوەی ژنانی ئازاد و میکانیزمی کارەکانی دامەزراوەکە قسەی کرد و وتی، "دامەزراوەی ژنی ئازاد لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ بە پێشەنگایەتیی پێنج ژن و دەرفەتی زۆر کەم دامەزرا. کاری سەرەتای دامەزراوەی ژنی ئازاددا بڵاوکرنەوەی ڕاپرسی بوو لەناو خەڵکدا و بەگوێرەی ئەنجامەکانی ڕاپرسییەکان کار و خەباتەکانی ئێمە لە دامەزراوەی ژندا پێشکەوتووە. هەروەها ناوەندەکانی ژنی ئازاد لە هەموو کانتۆن، شار و ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و کەمپەکان کراونەتەوە."
ئامانجی دامەزراوەکە بەرێکخستنکردنی ژنانە
سوڵتانێ خشۆ لە بەردوامی قسەکانیدا باسی ئامانجی کارکردنی دامەزراوە ژنی کرد و وتی: "ئامانجی سەرەکیی کارکردنی دامەزراوەی ژن پێشخستنی ژنان و منداڵانە. لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مافەکانی ژنان و منداڵان پێشێلدەکرێت. بەتایبەت ژنان کە وەک پلە دوو سەیر دەکرێن. ئێمەش ویستمان هاوکاری پێشکەشبکەین بەو بەرەیەی کە لە هەموو ڕووێکەوە بە ئەرکی خۆی هەڵدەستێت بەڵام دان بە مافەکانیدا نانرێت. لە سەرەتادا ئێمە ماڵ بە ماڵ دەگەڕاین تاوەکو ژنان لەناو دامەزراوەکەدا بەڕێکخستن بکەین و کاری دامەزراوەی ژنیان پێبناسێنین."
دامەزراوەی ژن بە ناسنامەی ژن کاردەکات
سوڵتانێ ئاماژەی بەوە کرد لە ساڵی ٢٠٢٠ ناوی دامەزراوەی ژن گۆڕاوە و بەو شێوەیە دوا: "لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ئێمە ناوی دامەزراوەی ژنمان گۆڕی. لەسەرەتادا ناوی دامەزراوەی ژنی ئازادی ڕۆژئاوا بوو بەڵام دوایی درک بەوە کرا کە دامەزراوەی ژنی ئازاد بە ناسنامەی ژنەوە کار دەکەن نەک بە ناسنامەی هەرێمێکەوە، لەبەرئەوە ناوەکەمان کرد بە دامەزراوەی ژنی ئازادی سوریا."
پێویستە ژن ڕاستیی خۆی بناسێت
سوڵتانێ ئاماژەی بەوە کرد، کاری دامەزراوەی ژنی ئازاد لەسەر بنەمای کۆمیتەکان بەڕێوەدەچێت و وتی، "کاری دامەزراوەی ژن لەسەر دامەزراندن و بنەمای کۆمیتەکان دامەزراوە، هەربۆیە ئەو کۆمیتانەی لەخۆی دەگرێت ئەمانەن؛ کۆمیتەی پەروەردە، کۆمیتەی تەندروستی، کۆمیتەی پرۆژە، کۆمیتەی دیپلۆماسی، کۆمیتەی مافناسی، ئەرشیف و ڕاگەیاندن. ئامانجمان ئەوەیە ژنێکی بەهێز و ژنێک کە مافەکانی خۆی دەناسێت بونیات بنێین. لەبەرئەوەی ئەوەی لەهەمووان زیاتر دەتوانێت کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک بونیات بنێت ژنە، ئەوەی لەهەمووان زیاتر پەیوەندیدارە بە ماڵ و کۆمەڵگەوە ژنە. وڵاتێک کە مافی ژنی تێدا نەبێت ئەو وڵاتە هەمیشە شکستخواردووە. ئامانجمان ئەوە بوو کە ژن ڕاستیی خۆی بناسێت و ئازادیی خۆی بناسێت تا بتوانین داهاتوویەکی ئازاد بونیات بنێین."
ژنان کاری هەرە پیرۆز ئەنجامدەدەن
سوڵتانێ باسی لەوە کرد، لە هەموو کۆمیتەکانی ئێستادا بەشی پراکتیک و تیۆری هەن و وتی، "هەموو کۆمیتەکانی ئێستامان لەم بەشانە پێکدێن، بەشی تیۆری هەیە. لەپاڵ هەر کارێکی پراکتیکی کارکردنی تیۆری گرنگیی خۆی هەیە. لە دۆزی ئازادیی ژندا سەربەخۆیی دارایی لایەنێکی گرنگە. هەر بۆیە لەم بارەیەوە پڕۆژە بۆ ژنان پەرەی پێدراوە. لەبەرئەوەی ژن هەمیشە تەنیا چاوەڕوانی کاری ماڵەوە و بەخێوکردنی منداڵیان لێکراوە، کە لەڕاستیدا پیرۆزترین کارە، بەڵام بەهۆی ناتێگەیشتوویی کۆمەڵگە ئەم کارانەی ژن بە بچووک دەبینرێن. بۆ ئەمەش گەلێک کارگەی دروومان کراونەتەوە. ژمارەیەکی زۆر ژن دێنە کارگەکانەوە و دوای ئەوە ئێمە چەند فێستیڤاڵێک ڕێکدەخەین و بەرهەمی ئەو ژنانە لە فێستیڤاڵەکاندا پێشکەش دەکەین. ئەمە وادەکات ژنێکی بەهێز دروستبێت."