لە کۆپنهاگ ٢٩هەمین ساڵیادی چالاکییە فیداییەکەی شەهید زیلان بەرز ڕاگیرا

لە کۆپنهاگی پایتەختی دانیمارک یادی زەینەب کناجی (زیلان)، گەریلای پەکەکە کە لە ٣٠ی حوزەیرانی ١٩٩٦ لە دێرسیم چالاکیی فیدایی دژی سوپای تورک ئەنجامدا، لە ٢٩هەمین ساڵیادی چالاکییەکەیدا یادی کرایەوە.

لە ساڵیادی چالاکییە فیداییەکەی شەهید زیلان کە لە ٣٠ی حوزەیرانی ١٩٩٦ لە دێرسیم بەڕێوەچوو، ئەنجومەنی ژنانی سێوە لە دانیمارک مەراسیمێکیان بەرێوە برد.

مەراسیمەکە لە ناوەندی کۆمەڵەی دیموکراتیکی کوردانی شاری کۆپنهاگ بەڕێوەچوو، لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستانەوە جەماوەرێکی زۆر بەشداری مەراسیمەکە بوون.

سەرەتای مەراسیمەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ یادی شەهید زیلان دەستی پێکرد. پاشان نۆپەل مونزور بە ناوی بزووتنەوەی ژنانی کوردی ئەوروپا (تەژەکە-ئەوروپا) قسەی کرد و سەرەتا بەڕێزدارییەوە یادی شەهید زیلان، سەما یۆجە، گوڵان گارزان، لەیلا ئاگری، بێریڤان زیلان، ڕاپەڕین ئامەد، بێریتان نورحەق چیا و سەرجەم شەهیدانی مانگی حوزەیرانی کردەوە.

نوپەل مونزور چالاکیە فیداییەکەی زیلانی وەکوو ئیلهامی ڕۆحی بەرخۆدانی ژنان لە بەرامبەر سیاسەتەکانی نکۆڵی و پاکتاوکاری دژی گەلی کورد، پیلانگێڕی نێونەتەوەیی و کۆمەڵکوژی دێرسیم وەسف کرد و وتی: "فیداکاریی هەڤاڵ زیلان و ژنانی تێکۆشەر و پێشەنگ کە لە مانگی حوزەیراندا شەهید بوون دەبێتە هۆی بەردەوامی تێکۆشان و ژیانی ئێمەیە."

نوپەل جەختی لەوەشکردەوە کە لە چوارچێوەی پارادایمی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ، ژنان دەبێ ڕۆڵی پێشەنگایەتی لە گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و بنیاتنانی کۆمەڵگای دیموکراتیکدا بگێڕن، هەروەها پێویستە ژنان لە هەموو بوارەکاند خۆیان بە ڕێکخستن بکەن.

دوای وتارەکان کورتە فیلمێکی دوکیۆمێنتاری لەسەر تێکۆشانەکانی شەهید زیلان و ژنانی تێکۆشەری دیکە کە لە مانگی حوزەیراندا شەهید بوون، نمایشکرا.

مەراسیمەکە بە وتنەوەی دروشمی "شەهید نامرن" و "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی هات.