بە دیمەن

گردبوونەوەی "شێخ سەعید" لە کۆڵن: بەرخۆدانی ١٠٠ ساڵە بەردەوام دەبێت

بەبۆنەی ١٠٠هەمی ساڵیادی شۆڕشی ١٩٢٥ بە پێشەنگایەتی شێخ سەعید، لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا گردبوونەوەیەکی جەماوەری بەڕێوەچوو.

گردبوونەوەکە بە پێشەنگایەتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) و کۆمەڵگەی ئیسلامیی کوردستان (جیک) و ئەنستیوتی کورد لە گۆڕەپانی (Heumarkt) لە کۆڵن بەڕێوەچوو.

بەشداربووانی گردبوونەوەکە شێخ سەعید و ٤٧ هەڤاڵەکەی و پێشەنگانی مێژووی بەرخۆدانی کوردیان بیرهێنایەوە و دووپاتیان کردەوە، تێکۆشانی ناسنامە و ئازادیی گەلی کورد بێ‌پچڕان بەردەوام دەبێت.

نەریتی بەرخۆدان

لە گردبوونەوەکەدا، پۆستەری شێخ سەعید و خالد جەبری و سەید عەبدولقادر و یوسف زیا بەرزکرانەوە و گۆڕەپانی گردبوونەوەکە بە وتەی سیمبولەکانی بەرخۆدان ڕازێنرایەوە.

دووپاتکرایەوە کە تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆ درێژەپێدەری ئەم هێڵی بەرخۆدانە مێژووییەیە. هاوسەرۆکی کەنەکە ئەحمەد کاراموس ڕایگەیاند شۆڕشی ١٩٢٥، شۆڕشی گەل بوو دژی سیاسەتی نکۆڵی کەمالیست و پەیماننامەی لۆزان، جەختی کردەوە کە ئەو پرۆسەیەی ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێ کردووە، ئایندەی گەلی کورد دەستنیشان دەکات.

'نەوەکانمان تۆڵەمان دەکەنەوە'

سەرۆکی جیک، مەلا شەوکەت چاکر ڕایگەیاند وتەکەی شێخ سەعید "نەوەکانمان تۆڵەمان دەکەنەوە"، ئەمڕۆ لە ڕیزەکانی تێکۆشانی گەلی کورددا وەڵامی خۆی وەرگرتووە. هەروەها دووپاتی کردەوە، گەلی کورد سەدان ساڵە بەرخۆدان دەکات، ئیتر ئەم گەلە فریو نادرێت و تێکۆشانیان لەڕێگەی تەڤگەری ئازادییەوە بەردەوام دەبێت.

بەردەوامی و ئەنجامی بەرخۆدان

هاوسەرۆکی کەجەدەکە_ئە زوبەیدە زومروت ڕایگەیاند ژنانی کورد میراتێکی مەزنی بەرخۆدانیان لەم تێکۆشانە جێهێشتووە، گوتی: "ئەو تێکۆشانەی ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێ کرد، بە ئامانجی ئافراندنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و ئازاد، درێژەپێدەر و ئەنجامی ئەم بەرخۆدانەیە. ڕێبەر ئاپۆ بە وانەوەرگرتن لەم ڕاستییە مێژووییە، لەڕێی پارادایمێکی نوێوە، درێژە بە تێکۆشان دەدات".

'سەرمان بەرزە'

سەرۆکی گشتی پیک، حیکمەت سەربڵند، گوتی: "وەک گەلی کورد سەرمان بەرزە، گەلی کورد لە هەموو جێیەک بۆ شەمەزارکردنی لەسێدارەدانی ڕێبەرانی و ڕێزگرتن لە تێکۆشانەکەین، دەڕژێتە گۆڕەپانەکان".

نەوەی شێخ سەعید، حەسەن بەسڕی فورات سڵاوی لە بەشداربووانی گردبوونەوەکە کرد، تیشکی خستەسەر شۆڕشی ١٩٢٥ و یادەوەریی شێخ سەعید و هەڤاڵانی.

'تێکۆشانی ئازادیی بەردەوام دەبێت'

سیاسەتمەدار ئیدریس بالوکەن، گوتی: "ویستیان یادگەی کۆمەڵایەتی سەرکوت بکەن. گەلی کورد خاوەنداری لەم تێکۆشانە کرد و ئەمڕۆش لێپرسینەوە لەم ستەمە دەکات".

بالوکەن جەختی کردەوە، گەلی کورد یادگەی سەد ساڵەی خۆی دەپارێزێت، تیشکی خستەسەر ئەو پرۆسەیەی کە ڕێبەر ئاپۆ بۆ چارەسەری پرسی کورد دەستی پێ کردووە، دووپاتی کردەوە کە بۆ سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە دەبێت دەوڵەت بەرپرسیارێتییەکانی خۆی جێبەجێ بکات و گۆڕانکاری لە دەستووردا بکات.

لە گردبوونەوەکەدا، هونەرمەند هۆزان ئایدن و دەنگبێژ مەعروف، بۆ یادکردنەوەی شێخ سەعید و هەڤاڵانی گۆرانیان چڕی. گردبوونەوەکە بە بانگەوازکردن بۆ زیندووهێشتنەوەی سیمبولەکانی بەرخۆدان لە یادگەی کۆمەڵگەدا، کۆتایی هات.

ئەنجامنامەی کۆنفرانسەکەی برۆکسل

لە گۆڕەپانی گردبوونەوەکەدا، ئەنجامنامەی کۆنفرانسی نێونەتەوەیی بە ناونیشانی "شێخ سەعید و کۆمەڵەی ئازادی: مێژوو و یادگە و ناڕەزایەتیی کۆڵەکتیڤ" کە لەلایەن کەنەکە و جیک و ئەنستیوتی کوردانی ئەڵمانیا  و بەلژیکا لە ٢٧_٢٨ی حوزەیران لە برۆکسلی پایتەختی بەلژیکا ئەنجامدرا، خوێنرایەوە.

لە ئەنجامنامەکەدا ئاماژە بەوە کرا، هێشتا شوێنی گۆڕی شێخ سەعید و ٤٧ هەڤاڵەکەی ئاشکرا نەکراوە، ئەم ڕەوشە نەوەک هەر بۆ کورد، بۆ ویژدانی مرۆڤایەتیش پێشێلکردنێکی گەورەی مافەکانە.

ئەنجامنامەی کۆنفرانسەکە بەم جۆرەیە:

بابەت و گفتوگۆکان لە کۆنفرانسەکەدا ڕوونیان کردەوە کە شۆڕشی ساڵی ١٩٢٥ "ڕووداوێک نەبووە کە لە ڕابردوودا ڕوویدا و کۆتایی پێهات"، بەڵکو بابەتی ڕاستی و یادەوەری و دادپەروەرییە کە تا ئەمڕۆش بە شێوازی جیاواز بەردەوامە. لەم چوارچێوەیەدا پێمان خۆشە ئەم تێبینی و بانگەوازانەی خوارەوە بکەین:

١- ئەوەی کە گۆڕی شێخ سەعید و ٤٧ هەڤاڵەکەی لە دوای لەسێدارەدانیان لە ساڵی ١٩٢٥ەوە ئاشکرا نەکراون، نادادپەروەرییەکی گەورەیە نەک تەنها بەرامبەر بە بنەماڵەکانیان و گەلی کورد، بەڵکو بەرامبەر هەموو مرۆڤە خاوەن ویژدانەکان و مافە گەردوونییەکانی مرۆڤ. چونکە نەبوونی گۆڕ بەو مانایەیە کە ڕێزنەگرتنە لە مردوو. نەزانینی شوێنی تەرمی مرۆڤ ڕێگری دەکات لە پرسەی کۆمەڵایەتی و یادکردنەوە و بیرهێنانەوە.

٢- بۆیە نەبوونی گۆڕ تەنها کێماسییەکی جەستەیی نییە؛ هاوکات ڕێگایەکە بۆ سەرکوتکردنی یادەوەری و کۆنترۆڵکردنی شوێن و پشتگوێخستنی مافی پرسەی کۆڵەکتیڤی گەل. ئەوانەی بێ گۆڕ دەمێننەوە، هەوڵدەدرێت لە مێژووشدا لەبیربکرێن و لەشکۆیان بدرێت، تاوەکو ناسنامەی کۆڵەکتیڤ لەبیربکرێت. بۆیە لە تێکۆشانی ئەوان بۆ دادپەروەری و دانپیانانی مێژووییدا، ئەم ڕەوشە هێشتا یەکێکە لە داخوازییە سەرەکی و هەنوکەییەکانی گەلی کورد.

٣_ هەرچەندە هەموو زانیارییەکان لەبارەی ئەم گۆرە بەکۆمەڵەوە لە ئەرشیفی دەوڵەتدا هەن، بەڵام ئەوەی تا ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی لەبارەیەوە نەدراوە، نیشانەی نەبوونی ئیرادەی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕابردوو و ڕاستییەکانە. دیاریکردنی شوێنی گۆڕەکان و ناسینەوەی بە شێوازی زانستی و گەڕاندنەوەی تەرمەکان بۆ بنەماڵەکانیان بەرپرسیارێتییەکی مرۆییە کە سەد ساڵە جێبەجێ نەکراوە.

٤_ ئەم ڕەفتاری بێ گۆڕ هێشتنەوەیە، تەنها بە شێخ سەعید و هەڤاڵەکانییەوە سنووردار نەبووە.

- ئەو کەسانەی لە ساڵی ١٩٣٠ لە دۆڵی زیلان و لە ساڵی ١٩٣٥ لە ساسۆن کوژران لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا بە خاک سپێردران.

- شوێنی گۆڕی سەید ڕەزا و هەڤاڵانی کە لە دوای کۆمەڵکوژی دێرسیم لە ساڵی ١٩٣٧ لە سێدارە دراون تا ئەمڕۆ ئاشکرا نەکراون.

_ ئەم سیاسەتەی بێ ناونیشانکردن و لەبیرکردنی یادەوەرییەکانیان، وەک سیاسەتێکی فەرمی لە هەموو شۆڕشەکانی ئەو سەردەمەدا جێبەجێ کراوە.

_ بەهەمان شێوە، گۆڕی بەدیعوزەمان سەعیدی کوردی (سەعیدی نەورسی)، کە ساڵی ١٩٦٠ لە دەربەدەری گیانی لەدەستدا نادیارە، هەرچەن وەسیەتی کردووە لە بەدلیس بنێژرێت.

٥- یەکێک لە مەرجە بنەڕەتیەکانی تورکیا بۆ گەیشتن بە ئاشتی لەگەڵ گەلی کورد ڕووبەڕووبوونەوەی پرسەکانی یادەوەری و ڕاستییە. شاردنەوەی گۆڕەکان و تاوانبارکردنی کەسایەتییە مێژووییەکان و بێبایەخکردنی یادەوەرییەکانیان بەربەستی جیددییە بۆ ئاشتییەکی بەردەوام.

٦_ بەم هۆکارانە، بانگەواز لە کۆماری تورکیا و دامەزراوە بەرپرسیارەکان دەکەین، ئەم هەنگاوانە بنێن:

- ئاشکراکردنی شوێنی گۆڕی شێخ سەعید، خالید بەگ جبری، سەید ڕەزا، سەید عەبدولقادری نەهری، شێخ شەریف، یوسف زیا، ڕەشۆی سلۆ، شێخ ڕەسووڵ، شێخ زاهیر و سەعیدی کوردی، ئەو کەسایەتیانەی کە بەهایەکی گەورەی مێژوویی، سیاسی، کولتووری و ڕەمزییان هەیە بۆ گەلی کورد… هاوڕێ و شوێنکەوتووەکانیان کە لەگەڵیاندا شەهیدبوون؛ تەرمەکان بگەڕێننەوە بۆ بنەماڵەکانیان، ڕێگە خۆش بکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆمەڵایەتی؛ کۆتایی بە هێرش و بێڕێزی و نزیکبوونەوەی نکۆڵیکارانە بەرامبەر یادەوەری ئەم کەسانە بهێنن.

- نەهێشتنی لێدوانی دوژمنکارانە لە دژی ئەو کەسایەتیانە لە مێژووی فەرمی و سیستەمی پەروەردەدا. پێویستە هەموو ئەرشیفەکانیان بەڕووی ڕای گشتیدا بکەنەوە بۆ ئەوەی ڕاستییەکان دەربکەون.

- دانانی میکانیزم بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئازارەکانی ڕابردوو و ئاشکراکردنی ڕاستییەکان و گەیشتن بە دادپەروەری و ئارامکردنەوەی ویژدانەکان و کاراکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی.

٧- ئەوە سەد ساڵە سیاسەتی نکۆڵی و لەناوبردن و لەسێدارەدان و تەسفیەکردن بەردەوامە. زۆربەی شۆڕشەکانی کورد ڕووبەڕووی دادگاییکردن و لەسێدارەدان بوونەتەوە. دوایین شۆڕشی کورد بە پێشەنگایەتی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان کە ٥٢ ساڵە بەردەوامە، ئێستا لەسەر مێزی دانوستانە. بەم بۆنەیەوە داوا لە دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورکیا دەکەین کۆتایی بە سیاسەتی نکۆڵی بهێنن و واز لە پاکتاوکردن و تەسفیەکردن بهێنن و دان بە ماف و ڕاستی گەلی کورددا بنێن.

ئاشتی تەنها بە بێدەنگکردنی تفەنگەکان نایەتەدی؛ بەڵکو هاوکات بە پێدانی مافی زیندووەکان و دۆزینەوەی شوێنی بۆ مردووەکان و داننان بە یادەوەرییەکانیان و پێدانی ماف و ڕووبەڕووبوونەوەی بنەڕەتی لەگەڵ ڕاستییەکانی ڕابردوودا دەکرێت.

گۆڕە ونکراوەکانی شێخ سەعید و هەڤاڵەکانی لە ڕاستیدا پوختەی یادەوەری و مێژووی کوردن کە لە ماوەی ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا هەوڵی لەبیرکردن و سڕینەوەیان دەدرێت. بەڵام هەرچەندە گۆڕ و تەرمەکان ون بکرێن، یادەوەری ناوەستێت، مێژووش بشاردرێتەوە، داوا و تێکۆشانی دادپەروەری بەردەوام دەبێت.