"پرۆسەکە بە شێوەیەکی یەکلایەنە بەردەوام نابێت"

دانیشتوانی کەمپی شەهید ڕوستەم جودی مەخمور ئاماژەیان بە گرنگی بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ دا و ڕایانگەیاند: "دەمانەوێت کێشەکانی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەلی کورد و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە چوارچێوەی بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ بە دانوستان چارەسەر بکرێن."

دانیشتوانی کەمپی شەهید ڕوستەم جودی مەخمور سەبارەت بە بێدەنگی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوای بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" کە لەلایەن ڕێبەر ئاپۆ پێشکەش کرا و کاریگەرییەکانی شەڕی ئێران و ئیسرائیل لەسەر ئەم پرۆسەیە، لە گەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیان کرد.

دانیشتوانی کەمپی شەهید ڕوستەم جودی جەختیان لەوە کردەوە کە ئەگەر گوێ لە بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بگیردرێت نەک تەنها تورکیا بەڵکو هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش قازانج دەبێت.

دایکێک بە ناوی حەلیم ئیشیک بەرامبەر بێدەنگیی ئەردۆغان سەبارەت بە پرۆسەکە کاردانەوەی نیشاندا و  وتی: "ڕێبەر ئاپۆ داوای کردنەوەی ڕێگای ئاشتی، خوشک و برایەتی و چارەسەری کێشەکانی کورد و تورک دەکات، سەرەتا وا دیار بوو لەدەوڵەتی باخچەلی بۆ ئاشتی هەنگاو دەنێت، بەڵام لە پرۆسەی ئەم دواییەدا ئەو هەنگاوانە دڵسۆزانە نابینرێن، پەکەکە داوای کردنەوەی ڕێگای ئاشتی، خوشک و برایەتی و چارەسەری کێشەکانی کورد و تورک دەکات، لەسەر ئەو بنەمایە ئاگربەستی ڕاگەیاند، بەڵام تورکیا هێشتا وەڵامی نەداوەتەوە و هێرشەکانی چڕتر کردووتەوە، لە کاتێکدا تورکیا دەبوو هێرشەکانی ڕابگرێت، ئەگەر تورکیا بیەوێت لەگەڵ گەلی کوردا ئاشتی بکات، دەبێت کێشەکانی لەگەڵ کورد چارەسەر بکات، ئەگەرنا لێکەوتەکانی لەسەر تورکیا قورستر دەبێت.

ڕێبەر ئاپۆ ١٥ساڵ پێش داوای لە تورکیا، ئێران و بەشار ئەسەد کرد کە بە ڕێگای ئاشتیەوە کێشەکان چارەسەر بکەن، بەڵام گوێ لەم بانگەوازە نەگیرا. تورکیا بەساڵانە دژی پەکەکە چەکی کیمیاوی بەکاردەهێنێت، بەڵام هیچ حکومەتێک لەدژی کاردانەوەی نیشاندا. تورکیا لە لایەک بە ڕای گشتی جیهان دەڵێت: "لەگەڵ کورد ئاشتی دەکەین"، بەڵام لە لایەکی دیکەوە دژایەتی و هێرشەکانی بەردەوامە. ئێمە چیتر کوردی پێشوو نین و تەسلیمیەت قبووڵ ناکەین.

ڕێبەر ئاپۆ هەمیشە بۆ چارەسەری هەنگاوی ناوە

قەسری شریشەی بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ئەو پرۆسەیەی کە رێبەر ئاپۆ دەستیپێکردووە بە شێوەیەکی تاکلایەنە بەردەوامە، وتی: "لایەنی بەرامبەر تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەناوە. وەڵامدانەوەی بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ، وتارەکەی دەوڵەت باخچەلی بوو لە پەرلەمان. ڕێبەر ئاپۆ، هەتا ئێستا چەندین جار ئاگربەستی ڕاگەیاندووە، بۆ نموونە لەلایەن جەلال تاڵەبانیەوە لە ساڵی ١٩٩٣، دەست بە هەنگاونان کرا بەڵام ئەم پڕۆسەیە بە مردنی گوماناوی سەرۆک کۆماری ئەوکاتە تورگوت ئۆزال کۆتایی پێهات، لەوەکاتەوە تا بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی چارەسەری ڕێبەر ئاپۆ هەنگاوی زۆری ناوە، بەڵام حکومەت و دەوڵەتی تورکیا هیچ هەنگاوێکی ئەرێنیان نەناوە. دەوڵەت تەنانەت لەناو خۆیدا یەکگرتوو نییە هەندێکیان لەگەڵ گفتوگۆدان، لەکاتێکدا هەندێکی تر - بەتایبەتی ئەردۆغان و نوێنەرانی ئێستای حکومەت - هەڵوێستێکی جیاواز نیشاندەدەن.یانێ دەیانەوێت لەبەرژەوەندی خۆیاندا پرۆسەکە بەڕێوە ببەن.

شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە ئێستادا کاریگەری لەسەر هەموو جیهان هەیە. بەڕای من سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا لەم بارەوە هەم زیان بە تورکیا و هەم کۆمەڵگای تورکیا دەگەیەنێت. ئێمە وەک کورد و بزووتنەوە سیاسییەکانی کورد، لایەنی هیچ یەک لە شەڕەکە نین. ئێمە دەمانەوێت بە هێڵەکانی ڕێبەر ئاپۆ مافەکانی خۆمان بەدەست بهێنین. ئەگەر حکومەتی تورکیا بە دروستی گوێ لە بانگەوازی و ڕێنماییەکانی ڕێبەر ئاپۆ بگرێت، نەک تەنها تورکیا، بەڵکو بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لەو بارەوە قازانج دەبینێت. بۆیە پێویستە هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی کۆمەڵگای کوردی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە بە ڕێگەی دانوستانەوە لە چوارچێوەی بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ کێشەکان چارەسەر بکەن."