دۆسیە

لە سوریا ژن و منداڵانی کچی عەلەوی دەکرێنە ئامانج

دوای ئەو هێرشانەی سەر عەلەوییەکان کە مانگی ئادار لە سوریا ڕوویدا، حاڵەتەکانی ڕفاندن زیادیکردووە. لە تەرتوس، لازقیە و حەما بنەماڵەکان ناوێرن منداڵەکانیان بنێرنە قوتابخانە.

بۆشایی ئەمنیی دوای گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن هەتەشە (دەستەی تەحریری شام)ـەوە، ڕێژەی ڕفاندنی ژنان، بەتایبەت منداڵانی کچی عەلەوی زیاترکردووە. بەگوێرەی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەلایەن ڕۆیتەرزەوە ئەنجامدراون، ئەمساڵ لانیکەم ٣٣ ژن و کچ لە ناوچە عەلەوی‌نشینەکانی وەک لازقیە، تەرتوس و حەما ڕفێندراون یان بێسەروشوێن کراون.

سەرانە و هەڕەشە

 یەكێک لەو کەسانەی ڕفێندراوە، عابیر سولەیمانی ٢٩ ساڵە، کە لە ٢١ـی نیسان لە تەرتوس ڕفێندرا. پەیامێک لەڕێی واتسئەپەوە بۆ بنەماڵەکەی نێردراوە، تێیدا هاتووە، "ئەو ناگەڕێتەوە." ئەوانەی ڕفاندوویانە داوای ١٥ هەزار دۆلار سەرانەیان کردووە و وتوویانە، "ئەگەر بنەماڵەکەی ئەو پارەیەیان بۆ نەنێرێت، ئەوان عابیر دەکوژن یانیش وەکو کۆیلە دەیفرۆشن." بەو هۆیەوە بنەماڵەکەی ئەو پارەیەی داویانە لەسەر هەژمارێکی بانکی لە ئیزمیر خەواندوویانە. بەڵام دوای خەواندنی پارەکە هەموو ڕێگاکانی پەیوەندیکردن بەو کەسانەوە دەوەستێت. گومان دەکرێت کە عابیر برابێتە دەرەوەی سوریا، لەوانەیە برابێتە عێراق.

ژنانی تەمەن ١٦-٣٩ ساڵ دەکرێنە ئامانج

لە کۆی ٣٣ حاڵەت کە لەلایەن ڕۆیتەرزەوە تۆمارکراون، ١٦ـیان بەوردی لێکۆڵینەوەیان تێداکراوە. لە حەوت حاڵەتدا بە ئاشک داوای سەرانە کراوە، سێ ژن ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەوانیان بردووەتە دەرەوەی وڵات و بارودۆخی نۆ کەس نازانرێت. هەشتیان ژێر تەمەنی ١٨ ساڵن.

بەرپرسان بێدەنگن

بنەماڵەکان بەهۆی خەمساردی هێزەکانی سەر بە هەتەشەوە ناڕەزایەتی دەردەبڕن. بەرپرسان ڕفاندن بە "هۆکاری تایبەت"ـەوە دەبەستنەوە بەڵام بەڵگەیان نەخستووەتە ڕوو. ئەو کۆمیتەیەی کە لە مانگی ئاداردا دامەزراوە، سەبارەت بە ونبوونەکان هیچ لێدوانێکی نەداوە.

ڕفاندن بە ڕۆژی ڕووناک

ڕووداوەکان بەگشتی لە رۆژدا ڕوودەدەن. کچێکی ١٧ ساڵی لە کاتی چوونیدا بۆ قوتابخانە ڕفێندرا؛ بنەماڵەکەی پەیامێکی هەڕەشەئامێزیان پێگەیشت. خازاما نائیفی ٣٥ ساڵ دوای پێدانی سەرانە ئازاد کرا بەڵام بە تراومای سەختدا تێپەڕیوە.

چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن، لەمانگی ئادارەوە ڕفاندنەکان زیادیان کردووە. بنەماڵەکانی تەربوس، لازقیە و حەما ناوێرن کچەکانیان بنێرنە قوتابخانە. ڕووداوەکان گومان لەسەر بوونی هەڕەشەیەکی پلان بۆ داڕێژراو و سیستماتیک لەسەر کۆمەڵگەی عەلەوی زیاددەکەن.