بە دیمەن

چالاکوانانی ژینگەیی: پێویستە سەرەتا ئاشتی لەگەڵ سروشت و ژینگەی کورددا بکرێت

ئەندامانی ئەنجوومەنی ئیکۆلۆژیای ئاماد کە ئێژن "ئەوانەی ئاشتی لەگەڵ ژینگەدا ناکەن ناتوانن ئاشتی لەگەڵ مرۆڤ بەدیبێنن" داوایان کرد هەموو ئەو کارانە ڕابگیرێت کە بەناوی 'ئاساییش'ـەوە ئەنجام دەدرێن.

چالاکوانانی ژینگە

لە ئامەد بە بەشداریی پارێزەر، ئیکۆلۆژیست، ڕۆژنامەوان و هاووڵاتیانی گوند، ئەنجوومەنی ئیکۆلۆژیی ئامەد دامەزرا. ئامانجی ئەنجوومەنەکە ئەوەیە کە لە دژی سیاسەتەکانی وێرانکردنی ئیکۆلۆژیا لە شارەکان تێکۆشانێکی یاسایی و جەستەیی بەڕێوەبەرێت. ئەندامانی ئەنجوومەنەکە، بە تیشک خستنەسەر زیادبوونی تاڵانکاریی ژینگەیی هاوکات لەگەڵ گفتوگۆکانی ئاشتی ڕایانگەیاند، "ئەوانەی دەیانەوێت لەگەڵ مرۆڤدا ئاشتی بکەن، پێویستە لەگەڵ ژینگەدا ئاشتی بکەن."

ئەلیدا زەری: لە شوێنێک کە شەڕ لەگەڵ ژینگەدا سەریهەڵدابێت، مرۆڤ ناتوانێت باسی ئاشتی بکات

ئەلیدا زەری، ئەندامی کۆمەڵەی ئیکۆلۆژیا و ئەنجوومەنی ئیکۆلۆژیای ئامەد ئاماژەی بەوە کرد، وێرانکردنی ژینگە لەلایەن دەوڵەتەوە بە هۆکاری ئەمنی زیانی بۆ پڕۆسەی ئاشتی دەبێت. ئەلیدا زەری ئاماژەی بەوە کرد، ئەو گوندنشینانەی بە دەنگی تەقینەوە خەبەریان دەبۆوە شوێنی ژیانیان پێ چۆڵکراوە و باسی لەوە کرد، بەهۆی پڕۆژەکانی بەنداو، کارگە و بڕینەوەی دارەکانەوە خەڵک ناچاربوون کە شوێنەکانی خۆیان چۆڵ بکەن. ئەلیدا زەری وتی، "دوژمنایەتی لەگەڵ ژینگە دوژمنایەتییە لەگەڵ خەڵک،" و داوای دەستبەجێ ڕاگرتنی وێرانکاریی ئیکۆلۆژیی کرد.

مەزڵوم یەڵماز: بە بیانوی ئاساییش ژینگە و خەڵک دەکرێنە ئامانج

مەزڵوم یەڵماز، بەڕێوبەری کۆمەڵەی ئیکۆلۆژیا ڕایگەیاند، ژیانی ئیکۆلۆژی بەو مانایە دێت کە هەموو بوونەوەران لەنێو ئاشتیدا بژین. یەڵماز ئاماژەی بەوە کرد، چالاکیی سەرمایەدارانی (بەنزین، بەرد، کانەکانی لم) هەڕەشەن بۆ سەر هاوسەنگیی ژینگەیی. یەڵماز باسی لەوە کرد، ژینگە و گۆڕەپانەکانی ژیانی مرۆڤەکان بە پاساوی ئاساییشی ناوچەکە هەڕەشەیان لەسەرە و گوتی، لەمەودوا چیتر هەڕەشە لەسەر ئاساییش بوونی نییە، پێویستە ئەم هێرشانە ڕابگیرێن. یەڵماز ئاماژەی بەوە کرد، وێرانکاریی ئابووری و ئیکۆلۆژیی خەڵک ناچار دەکات کۆچ بکەن و وتی، پێویستە بەیەکەوە دژی ئەو تاڵانکارییە شەڕبکەین.

محمد یەڵماز: ئاشتی دارە، چیایە و ئاوە

محمد یەڵماز، دانیشتووی گوندی دوکوزاتلیی لە لج باسی لەوە کرد، ئەو کارگەیەی لە گوندی ئەوان کاردەکات ژیانی ئەوان وێران دەکات و تەنها سەرمایەداران دەوڵەمەند دەکات. یەڵماز ئاماژەی بەوە کرد، ئیکۆلۆژیا و ئاشتی لێک جودا ناکرێنەوە و گوتی، "ئاشتی دار، چیا و ئاوە." یەڵماز باسی لەوە کرد کە زیانگەیاندن بە ژینگە زیان بە جەستەی مرۆڤەکانیش دەگەینێت و ڕەخنەی لە بێدەنگی خەڵکی شار گرت لەهەمبەر ئەو وێرانکارییەی گوندنشینان تێیدا دەژین. بە وتنی "ئەو شتانەی ئەمڕۆ کاریگەرییان لەسەر من هەیە، سبەینێ زیاتر کاریگەریی لەسەر ئەوان دەبێت" داوای تێکۆشانێکی هاوبەشی کرد و وتی، پێویستە دەوڵەت هەنگاوی بەپەلە بنێت بۆ پاراستنی ژینگە.