جیهان بەگشتی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمی ڕووبەڕووی کەمی ئاو بوونەتەوە و شەنگالیش بەدەر نییە لەو مەترسییە. شەنگال بەرەو وشکەساڵی دەڕوات و ٧٥%ی ئاوی کەمیکردوە. هەروەها پسپۆڕانی ئیکۆلۆژی هۆشداری دەدەن لەوەی ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا تاوەکو ٢٠٣٠ شەنگال بە تەواوی دووچاری کێشەی بێ ئاوی و وشکەساڵی دەبێت.
سەرەڕای ئەوەی شەنگال هەرێمێکی چیاییە و دەرفەتی دروستکردنی بەنداوی هەیە، بەرەو وشکەساڵی دەچێت. کەمبوونەوەی ئاو لە تۆڕەکانی ئاودان و نەبوونی پلانی ئاوی بەردەوام ئەم پرسە گەورەتر دەکات. هەروەها زیادبوونی ڕێژەی دانیشتوان پێویستی بە ئاو زیاتر دەکات و ئەمەش فشار لەسەر سەرچاوەکانی ئاو زیاتر دەکات.
کاریگەریی لەسەر کشتوکاڵ و ژیانی گوندنشینەکان دەکات
کەمی ئاو ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دەکات و ئەمەش مەترسی لەسەر دابینکردنی پێویستییەکانی گەلی شنگال دروست دەکات.
کەمی ئاو چەندین مەترسی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، دەبێتە هۆکاری پرسەکانی تەندروستی و قەیرانی مرۆیی دروست دەکات. نەخۆشی جۆراوجۆر لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، کەمی ئاو زیانێکی زۆر بە ئیکۆلۆژیای هەرێمکە دەگەیەنێت و جۆراوجۆری بایۆلۆژی کەم دەکاتەوە.
بۆئەوەی ئەم دۆخە ڕوونەدات پێویستە هەنگاوی خێرا، کاریگەر بنرێت و گرنگترینی ئەو هەنگاوانەش نۆژەنکردنەوەی بەنداوەکان و ڕزگارکردنی هەرێمەکەیە لەم قەیرانە.
پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو
پێویستە سەرچاوە ئاوییەکانی ئێستا بپارێزرێت و ڕێگری لە لەناوچوونیان بکرێت. لە سەردەمی ڕژێمی سەدام حوسێن دا و بەتایبەتی کاتێک گەل لە چیاکان دوورخرانەوە، زۆرینەی کانیاوەکان لە لایەن ڕژێمەوە پڕکرانەوە.
دەبێت گەلی ئێزدی ئەم دۆخە هەستیارە لەبەرچاو بگرن، چونکە لەم ساڵانەی دواییدا هەزاران بیری ئاو هەڵکەندراون، هەڵکوڵینی زەوی و دەرهێنانی ئاو بەم شێوەیە کاریگەرییەکی زۆری هەیە.
دۆخی شنگال سەبارەت بە کەمی ئاو جدییە و پێویستی بە دەستوەردانێکی بە پەلەیە کە ڕێگری لە کارەساتێکی مەزن بکرێت.