خالیدە تورکۆغڵو: لە هەر هەلومەرجێکدا تێدەکۆشین

خالیدە تورکۆغڵو کۆمەڵکوژی پاریسی وەک پلانێکی ئاکەپە-مەهەپە بۆ سڕینەوە و لەناوبردن پێناسە کرد و وتی: "هەوڵیان دا گەل و ژنانی کورد بترسێنن، بەڵام ئەم تێکۆشانە لە ڕۆژئاوا گەشەی کرد و ئەمڕۆ بۆتە تێکۆشانێکی ئازادی جیهانی."

خالیدە تورکۆغڵو پەرلەمانتاری دەم پارتی بە بۆنەی ١٢هەمین ساڵوەگەری تیرۆرکردنی ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمز کە لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ لە پاریس شەهید کران، قسەی کرد و پشت پەردەی کۆمەڵکوژییەکەی هەڵسەنگاند.

خالیدە تورکۆغڵو لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فوراتدا ڕایگەیاند کە کۆمەڵکوژی پاریس تەنها دژی گەلی کورد ئەنجام نەدراوە، بەڵکو دژی تێکۆشانی ئازادی ژنانە و ئاماژەی بەوەدا کە ئەمە کۆمەڵکوژییەکی بەربڵاوە.

لە دژی تێکۆشانی ئازادی هێرشێکی هەمە لایەنەیە

خالیدە تورکئۆغڵو ڕایگەیاند کە ئەم کۆمەڵکوژییانە لە ئەنجامی هێرشێکی شەخسی نەبووە، بەڵکو تیرۆرکردنێکی پلان بۆ داڕێژراو بوو، لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "کۆمەڵکوژی پاریس هێرشێکی فرەلایەنەیە لە دژی تێکۆشانی ئازادیخوازی گەلی کورد. لە ساڵی 1999دا بەدواوە پرۆسەی دانوستان لە ئارادایە و ئەمەش پەیوەندیدار بوو بە پرۆسەکەوە و هێرشێکی پلان بۆ داڕێژراو بوو، بۆیە لە کاتی هەڵسەنگاندنی کۆمەڵکوژی پاریسدا، پێویستە زیاتر سەرنج بخرێتە سەر هۆکاری کۆمەڵکوژییەکە بێت. سەکینە جانسز هێمایەکی تێکۆشانی ئازادیی ژنانی کورد بوو. وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی ئازادی کورد چەندین ساڵ پێشەنگایەتی بەرخودانی کرد. هەروەها چەندین ساڵ فیدان دۆغان لە بواری دیپلۆماسیدا ڕۆڵی گرنگی گێڕاوە، لەیلا شایلەمزیش ڕۆڵی لە خەباتی گەنجاندا گرنگ بوو، بۆیە هێرشێکی ڕاستەوخۆ بوو بۆ سەر ناوەندە دامەزرێنەرەکانی تەڤگەری ئازادیی کورد.

خالیدە تورکئۆغڵو ڕایگەیاند کە ئامانجی کۆمەڵکوژییەکە لاوازکردنی ورە و جۆشی تێکۆشانی گەلی کورد بوو و وتی: "تێکۆشانی ئازادیی ژنانی کورد نەک تەنیا بۆ گەلی کورد خاوەن پێگەیەکی تایبەتە، بەڵکوو بۆ بزووتنەوەکانی ژنان لە سەرانسەری جیهاندا گرنگی خۆی هەیە. بۆیە نەک هەر ژنانی کورد بەڵکوو دەبێ هەموو بزووتنەوەکانی ژنان لێپرسینەوە لەم کۆمەڵکوژییە بکەن.

"کۆمەڵکوژییەکە بەشێکە لە پلانێکی نێونەتەوەیی"

خالیدە تورکئۆغڵو بەبیری هێنایەوە کە گەلی کورد بەساڵانە بۆ ئەوەی دۆسیەکە ڕوون بکەنەوە تێکۆشان دەکەن و ئاماژەی بەوەدا کە ئەو کۆمەڵکوژییە نەک تەنها لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ئەنجامدراوە، بەڵکو هێزە جیهانیەکانیش بەشدارن لەم تیرۆرکردنەدا. بەڵام ئەمە تەنیا بەم شێوەیە ڕوون ناکرێتەوە هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری تێدا ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە. حکومەتی فەرەنسا لەبری ئەوەی بەرپرسان و تاوانباران ئاشکرا بکەن، هەوڵیاندا بە دەستگیرکردنی کەسێک ڕووداوەکە پەردەپۆش بکەن و ڕاستیەکانی کۆمەڵکوژییەکە بشارنەوە."

خالیدە تورکئۆغڵو وتی: "ژنان بەردەوام پێشەنگی تێکۆشانی ئازادی بوون. بۆیە سیستمە باڵادەستەکان دەیانەوێت بە ئامانجگرتنی ژنان بەرخۆدانی کۆمەڵایەتی لەناو ببەن. بۆیەکوشتنی ژنانی تێکۆشەری ئازادی و یەکسانی لە هەموو جیهاندا بە ڕێکەوت نییە. بە بێ سزا هێشتنەوەی تاوانباران هەوڵێکە بۆ شەرعیەتدان بەو کردەوەانە. ئێمە دەزانین ئەم کۆمەڵکوژییانە شەڕی تایبەتە و لە هەموو شەرت و مەرجێکدا درێژە بە تێکۆشانی خۆمان دەدەین.

'دووەمین کۆمەڵکوژی دێرسیمە'

خالیدە تورکئۆغڵو ئاماژەی بەوەشدا کە کۆمەڵکوژییەکە لە کاتی پڕۆسەی یەکلاکردنەوەدا ڕوویدا و سەبارەت بەو قۆناغە وتی: "کۆمەڵکوژی پاریس لە سەردەمی جێگربوونی سیاسەتی دیموکراتیکدا ڕوویدا. لەو کاتەدا بەڕێز ئۆجالان ئەم کۆمەڵکوژییەی بە "کۆمەڵکوژی دووەمی دێرسیم" ناوبرد لەم ماوەیەدا دەوڵەت سیاسەتی کۆمەڵکوژی پەیڕەو دەکرد بۆ ئەوەی گورزێک لە پڕۆسەی دانوستان بدات. بینیمان کە دەوڵەت بە تەواوی بوو بە دەوڵەتی شەڕ."

خالیدە تورکئۆغڵو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "کۆمەڵکوژییەکە تەنیا بە تورکیاوە سنووردار نییە بەڵكوو ئەو وڵاتانەی لە سەرانسەری جیهاندا کە ناتوانن ئاشتی لەگەڵ گەلەکەیان بنیات بنێن، سیاسەتی هاوشێوە پەیڕەو دەکەن، لەم جۆرە پرۆسانەدا هێرشەکان تەنها توندوتیژی جەستەیی نین، لە هەمان کاتدا لە ڕێگەی دەستدرێژی، تۆقاندن و ستراتیژی دابەشکردنی کۆمەڵگا ئەنجام دەدرێن بۆیە دەبێت لە پرۆسەی ئاشتیدا زۆی ئاگاداری ئەو جۆرە مەترسیانە بین و ڕێگە نەدرێت بە هیچ شێوەیەک ئەوە جۆرە هێرشانە بە ڕەوا سەیر بکرێن."

'تێکۆشان لە ڕۆژئاوا گەشە دەکات'

خالیدە تورکئۆغڵو سەبارەت بە ڕۆژئاوا ڕایگەیاند کە کۆمەڵکوژی پاریس هێرشێک بووە بۆ سەر ناوەندەکانی دامەزرێنەری تەڤگەری ئازادی کورد و ئاماژەی بەوەدا کە تێکۆشانی بزووتنەوەی ژنانی کورد سنوورەکانی بەزاندووە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "کۆمەڵکوژی پاریس بەشێک بوو لە پلانی حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە. ئەوان بە زانابوون بۆ ترساندنی گەل و ژنانی کورد، ژنانیان کردە ئامانج، ئەم تێکۆشانە لە ڕۆژئاوادا گەشەی کردووە و بووەتە تێکۆشانی ئازادی جیهانی. ئەم شۆڕشە دەگاتە سەرکەوتن و بە دڵنیاییەوە لێپرسینەوە لەم کۆمەڵکوژیانە دەکەین."