ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی گشتیی کەجەکە، سۆزدار ئاڤێستا بۆ ئەو دەیان هەزار کەسەی لە پاریس کۆبوونەوە قسەی کرد و گوتی: "دوو کۆمەڵکوژییەکە بەشێوەی ڕێکەوت نەبوون. تاوانباران دیارن. میت و دەوڵەتی تورک و گلادیۆ پێکەوە پلانی کۆمەڵکوژییان دانا. لە چوارچێوەی ئەم پلانەدا، کۆمەڵکوژییەکە ئەنجامدرا. ئەم کۆمەڵکوژییانە چەند ئامانجێکیان هەیە. هەرچەند هێزی پشت کۆمەڵکوژییەکان دیارن، بەڵام هێشتا کۆمەڵکوژییەکان ڕوون نەکراونەتەوە و لێپرسینەوە لە تاوانباران نەکراوە. تا ڕوونکردنەوەی هەردوو کۆمەڵکوژییەکە تێکۆشانی گەلی کورد بەردەوام دەبێت".
سۆزدار ئاڤێستا گوتی: "لە ١٢ هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی یەکەمی پاریسدا، کە لە ئەنجامدا یەکێک لە دامەزرێنەرانی پارتەکەمان ساکینە جانسز و هاوڕێ فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز، وە لە کۆمەڵکوژی دووەمی پاریسدا کە یەکێک لە پێشەنگانی تێکۆشانی ئازادیی ژن ئەڤین گۆیی و وڵاتپارێزی هێژا عەبدولڕەحمان کزل و هونەرمەندی گەلی کورد میر پەروەر شەهیدبوون، بەڕێزەوە بیردەهێنینەوە. لە کەسێتی هاوڕێ هێژاکانماندا هەموو شەهیدانی تێکۆشانی ئازادیی کوردستان بە ڕێزەوە بیردەهێنینەوە. وەک پارتی شەهیدان دەستمان بەم تێکۆشانە کرد و ئەو ئاستەی ئەمڕۆ پێی گەیشتووین لەسایەی تێکۆشانی شەهیدانەوەیە. بۆیە خۆمان بە قەرزاری شەهیدان دەزانین".
سۆزدار ئاڤێستا ڕایگەیاند "هەڵوێست و تێکۆشانی گەل و ژن و گەنجانمان لە دەرەوەی وڵات نموونەییە". هەروەها گوتی ژنانی کورد چەندین ساڵە لەسەر هێڵی ساکینە جانسز تێدەکۆشن. سۆزدار ئاڤێستا ڕایگەیاند لەسەر ئەم بناغەیە، تێکۆشانی ئازادیی ژنانی کوردستان و تێکۆشانی ئازادیی کوردستان لە هەموو جێیەک بڵاوبووەتەوە و ناسراوە.
لە درێژەدا گوتی: "بەڵێنمان دا هێڵی هاوڕێ سارا بکەینە بناغەی تێکۆشانمان بۆ ئازادیی ژنان. ئەمە ١٢ ساڵە لەسەر ئەم بناغەیە تێدەکۆشین. ئەمڕۆ لە هەرێمەکەمان و لە کوردستان پرۆسەیەکی چارەنووسساز هەیە. هێرشەکان بۆ سەر شۆڕشی ڕۆژئاوا بەردەوامن. پلانێک دژی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەیە. ئەو هەڵمەتە نێونەتەوەییەی کە دۆستانمان بۆ ئازادیی ڕێبەرێتی دەستیان پێ کردووە و لەلایەن ژنان و گەنجان و گەلەکەمانەوە خاوەنداری لێ دەکرێت، ئەنجامی هەبوو. لەسەر ئەو بناغەیە دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامدرا. بەڵام هێشتاش ماوە. تا ئازادی ڕێبەر ئاپۆ بەدەست نەهێنرێت، ناتوانین بڵێین پڕۆسەی ئاشتی دەستی پێکردووە. پرۆسەکان لە ژینگەی ئازاددا پێشدەکەون. بۆیە پێویستە درێژە بە تێکۆشان بدەین".