شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی: با ئەم دەرفەتە لەدەست نەچێت
شاندی ئیمراڵی دەم پارتی لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش و عەدنان سەلجوق میرزاکلی کۆبوونەوە و گوتیان: "ئاشتی هیچ زیانێکی نییە. هەموو قازانج دەکەن، کەس زیان ناکات. بۆیە ئاشتی شتێکی گرنگ و بەهادارە".
شاندی ئیمراڵی دەم پارتی لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش و عەدنان سەلجوق میرزاکلی کۆبوونەوە و گوتیان: "ئاشتی هیچ زیانێکی نییە. هەموو قازانج دەکەن، کەس زیان ناکات. بۆیە ئاشتی شتێکی گرنگ و بەهادارە".
شاندی ئیمراڵی دەم پارتی پاش کۆبوونەوە لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش و عەدنان سەلجوق میرزاکلی، لەبەردەم زیندانی ئەدرنە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی بەست.
تێیدا سری سورەیا ئۆندەر و ئەحمەد تورک و پەروین بوڵدان قسەیان کرد.
سری سورەیا ئۆندەر تیشکی خستەسەر سەردانەکە و ڕایگەیاند تەندرووستی و مۆراڵی سەڵاحەدین دەمیرتاش و میرزاکلی باشە، دەمیرتاش لە هەژماری دیجیتاڵی خۆی ڕاگەیاندراوی دەبێت، گوتی: "ڕەخنەی ئەوان ئەوەیە، لە تەلەفزیۆندا شتەکان دەشێونرێن و پرۆسەکە بەڕوونی ناچێتە پێش. بە تووڕەییەوە گوتیان "بۆچی هێشتا دەگەڕێن؟" هەڤاڵان پێویست بەم شتانە ناکات. ئەم شتانە خزمەت بەو ئاشتییە ناکات کە لەپێشمانە. شتێک کە ٤٠ ساڵە بەردەوامە، ناتوانرێت بە یەکجار نەهێڵرێت. هەوڵ دەدەین هەموو لایەنەکان لەم کارە بەنرخەدا بەشدار بکەین. بەم مانایە نابێت کەس هەوڵی تێکدانی پرۆسەکە بدات، ئەگەر چارەسەری بکەین بە هەردوولامانەوە چارەسەری دەکەین. ئەگەر ئەم دەرفەتە لەدەست بدەین، ٧٢ لایەن لەم بابەتەدا بەشدار دەبن".
ئۆندەر داوای کرد هەمووان و بەتایبەت ڕاگەیاندنەکان لەم ڕووەوە هەستیاربن، ئاماژەی بەوە کرد، سبەی پاش سەردانی فیگەن یوکسەکداغ و هەڤاڵانی تریان، لە ئەنقەرە ڕاگەیاندراوی بەرفراوانیان دەبێت، گوتی: "کەس لە ئاشتیدا زیانمەند نابێت، پێویستە ئەمە لەبەرچاو بگرین. هەمووان قازانج دەکەن، کەس زیان ناکات. بۆیە ئاشتی شتێکی بەنرخە. زۆرجار لە ڕای گشتییدا چەمکی چارەسەر و ئاشتی تێکەڵ دەکرێن. ئەمە ڕاست نییە. ئاشتی شتێکە بە لەئامێزگرتنی یەکتر دێتەدی. چارەسەر، تێکۆشانی دیموکراتیک و خەباتێکی درێژخایەنە. درێژی و قووڵییەکەی بەگوێرەی ئاستی کێشەکان دەگۆڕێت. ئەمە ئەو ئاشتییەیە کە دەمانەوێت بنیاتی بنێین. بە دڵێکی کراوەوە دەڵێین هیچ لە ڕای گشتی ناشارینەوە. ئێمە دەناسن، بە دڵ و گیان بەدوای ئاشتی کەوتووین. پشتگیری و هاوکاری و پێشنیار و ڕەخنەی هەمووان دەبینین".
سەبارەت بە پرسیاری "ئایا دیارە کەی دووەمین دیداری ئیمراڵی دەکرێت؟"، گوتی: "هێشتا دیار نییە، بەڵام بڕوامان وایە زۆر ناخایەنێت، دووبارە سڵاوی دەمیرتاش و میرزاکلی دەگەیەنین بە هەمووان".
ئەحمەد تورک ڕایگەیاند ئەمەی هەیە هەوڵێکە بۆ زیندووکردنەوەی خوشک و برایەتی هەزار ساڵەی تورک و کورد کە سەدەیەکە تێکدراوە، گوتی: "بڕوام وایە، لە تورکیادا، کورد و تورک پێویستیان بە یەکترە. ئامانجمان ئەوەیە، تورکیا بگاتە ئاستێک کە بتوانێت دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بڵاوبکاتەوە".
پەروین بوڵدان ڕایگەیاند دەمیرتاش و میرزاکلی تەندرووستیان باشە و مۆراڵیان بەرزە، هەڵوێستیان ڕوونە و پشتگیری پرۆسەکە دەکەن، گوتی: "ئەمە بۆ ئێمە زۆر گرنگە. چونکە ئەم پرۆسەیە زۆر بەهادارە. بۆیە سوپاسی بەڕێزان دەمیرتاش و میرزاکلی دەکەین".