لە پاریس بۆ یادکردنەوەی شەهیدانی هەردوو کۆمەڵکوژی پاریس کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ئەنجامدرا؛ ڕێپێوان و گردبوونەوە بەڕێوەچوو. ڕێپێوانەکە بە پێشەنگایەتی تەژەکە_ئە و کەجەدەکە_ئە ئەنجامدرا و کوردستانیان لە تەواوی ئەوروپاوە بەشداربوون. دواتر لە گۆڕەپانی ڕیپەبڵیک گردبوونەوە ئەنجامدرا.
کوردستانیان و دۆستەکانیان درووشمی "شەهید نامرن" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بکوژ دیارە بۆچی فەرەنسا بێدەنگە" و "بژی بەرخۆدانی قەسەدە"یان بەرزکردەوە.
هەروەها وێنەی ساکینە جانسز و فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز و ئەڤین گۆیی و میر پەروەر و عەبدولڕەحمان کزل هەڵگیرا.
"لەپێناو ئازادیی شەهیدبوون"
پاش مەراسیمی ڕێزگرتن هاوسەرۆکی کەجەدەکە_ئە زوبەیدە زومروت قسەی کرد، لە کەسێتی شەهیدانی کۆمەڵکوژییەکانی پاریس هەموو شەهیدانی بیرهێنایەوە، تیشکی خستەسەر تێکۆشانی ساکینە جانسز و ڕایگەیاند ئێستە ملیۆنان ژنی شۆڕشگێڕ شوێنکەوتەی ساکینەن و دژی فاشیزم و داگیرکاری بەرخۆدان دەکەن، جەختی کردەوە لەسەر درێژەدان بە تێکۆشانی ژنە پێشەنگە شەهیدکراوەکان، تیشکی خستەسەر هێرشەکان بۆ سەر ڕۆژئاوا و گوتی: "ژنانی کورد لە ڕۆژئاوا بەرخۆدان دەکەن، بۆ بەها مرۆڤایەتییەکان دژی چەتەکانی داعش بەرخۆدان دەکەن. هاکان فیدان هەڕەشەی لە فەرەنسا کرد. لێرە بانگەواز دەکەین، پێویستە ئەمڕۆ جیهان و وڵاتانی ئەوروپا بێدەنگ نەبن، ستاتۆی کوردان قبووڵ بکەن. دۆسیەی کۆمەڵکوژییەکان ئاشکرا بکەن. هەواڵگری تورک ئەم کۆمەڵکوژییەی ئەنجامدا. دەوڵەتی فەرەنساش ئەمە دەزانێت. باوەڕمان بە تێکۆشانی خۆمانە. بەرخۆدان دەکەین. تا بەدیهاتنی دادپەروەری بەرخۆدان دەکەین. بە تێکۆشانی خۆمان ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر دەکەین".
ئەندامی ئەنجوومەن، جنێڤێ گاریگۆس لەسەر ناوی شارەوانی پاریس ڕایگەیاند پشتگیری لە تێکۆشانی گەلی کورد بۆ دادپەروەری دەکەن، گوتی: "پێویستە خاوەنداری لە تێکۆشانی گەلی کورد بکەین. گەلی کورد دژی چەتەکانی داعش تێکۆشانی مەزنیان کرد".
بنەماڵەی شەهیدان چوونە سەر ستەیج و سڵاویان لە گەل کرد، لەسەر ناوی بنەماڵەی شەهید ئەڤین گۆیی، زەینەب کارا قسەی کرد، ڕایگەیاند بەداخەوە هێشتا کۆمەڵکوژییەکان ڕوون نەکراوەتەوە، تا ڕوونکردنەوەیان درێژە بە تێکۆشان دەدەن، گوتی: "ئێمە وەک گەلی کورد دەڵێین، بکوژان دیارن، بۆچی فەرەنسا بێدەنگە؟ درێژە بە تێکۆشان دەدەین".
پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە دیلان دیرایەت تاشدەمیر ڕایگەیاند دژی شاردنەوەی کۆمەڵکوژییەکان بەرخۆدان دەکەن، بێدەنگی دەوڵەتی فەرەنسای بەرامبەر کۆمەڵکوژییەکان شەرمەزار کرد، گوتی: "دەزانین پلانی کۆمەڵکوژییەکە لە ئەنقەرە دانرا. بەهۆی ڕوون نەکردنەوەی کۆمەڵکوژی یەکەم، کۆمەڵکوژی دووەم ڕوویدا. بکوژان دەناسین و دەمانەوێت دادگایی بکرێن".
"تێکۆشانی ژنان بۆ ئازادی بێدەنگ ناکرێت"
وتەبێژی تەژەکە_ئە ئایدن کاپلان داوای کرد کۆمەڵکوژییەکان ئاشکرا بکرێن، جەختی کردەوە بەهۆی بەرژەوەندی سیاسی و ئابوورییەوە کۆمەڵکوژییەکان دەشارنەوە، گوتی: " دەبینین چ لە ڕۆژئاوا و چ لە باشوور ئەو هێزەی گەلی کورد ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی دەکاتەوە، دەوڵەتی تورکە. بکوژ ئەردۆغان و هاکان فیدانن. دەبێت ئەمانە بدرێنە دادگا. داوا لە فەرەنسا دەکەم بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات. تێکۆشانی ژنان بۆ ئازادی بێدەنگ ناکرێت".
ئایدار: پێویستە دەسکەوتەکانی ڕۆژئاوا بپارێزین
ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، زوبەیر ئایدار ڕایگەیاند تا بەسزاگەیاندنی بکوژان درێژە بە تێکۆشان دەدەن.
زوبەیر ئایدار تیشکی خستەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوا، گوتی: "وەک گەلی کورد ڕۆژەڤی سەرەکیمان، ڕۆژئاوا و دەسکەوتەکانی ڕۆژئاوایە. چۆن کۆبانێمان پاراست، ئاواش ڕۆژئاوا دەپارێزین. هەروەها ٣ مانگە لە باکوری کوردستان باس لە چارەسەری پرسی کورد دەکرێت. دیدارەکان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ بەڕێوەچوون. پەیامی ڕێبەر ئاپۆ ڕوونە و داوای کرد ئەم پرسە بە دیالۆگ و ئاشتی چارەسەر بکرێت. ئێمە وەک تەڤگەری ئازادی پشتگیری ڕێبەرێتیمان دەکەین. بەڵام پەیامی جیاواز لە تورکیاوە دێت. سەرەڕای ئەوەی ئەردۆغان و دۆستەکانی هیچ هەنگاوێک لەم ڕووەوە نانێن، بەڵام کاری خراپیش دەکەن، دەست بەسەر شارەوانییەکاندا دەگرن و هێرش دەکەنە سەر باشوور و چەکی کیمیایی بەکاردەهێنن. لە پرۆسەیەکی وەهادا هەڕەشەکانی سەر گەلی کورد قبووڵ ناکەین".
ئایدار ڕایگەیاند بۆ ئاشتی ئامادەن، بەڵام ئەگەر ئەوان هەڕەشە بکەن تا کۆتایی بەرخۆدان دەکەن، گوتی: "پێویستە گەلەکەمان بێجگە لە قسەی تەڤگەرەکەمان گوێ لە هیچ چەواشەکارییەکی ئەوان نەگرێت، متمانە بە ڕێبەرێتی و تەڤگەرەکەمان بکەن، تا کۆتایی خزمەتی گەلەکەمان دەکەین".
لۆرانس کۆهین و یان برۆساش قسەیان کرد و جەختیان کردەوە نابێت فەرەنسا کوردانی نیشتەجێی وڵاتەکەی ڕادەستی تورکیا بکاتەوە، هەروەها پشتیوانیان بۆ گەلی کورد دووپات کردەوە.
لەسەر ناوی (Insoumis) ئارناود ڕێگاڵ داوای کرد کۆمەڵکوژییەکان ڕوون بکرێتەوە، بانگەوازی کرد دەوڵەتی فەرەنسا هێرشی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوا ڕابگرێت.
بە ناوی پارتی چەپ، جان کریستۆف سێنات گوتی: "چارەسەری پرسی کورد بە ئازادیی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی دێتەدی. هەروەها چارەسەری سیاسی بە دەرکردنی پەکەکە لە لیستی تیرۆر دێتەدی. کوردان دۆست و هاوپەیمانی ئێمەن. پێویستە ئەم پرۆژە دیموکراتیکە بپارێزین کە داوای ئازادیی ژنان دەکات. پێویستە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دان بە گەلی فەڵەستین و کورددا بنرێت و دادپەروەری بێتەدی. بۆیە بەرنامەی تەڤگەری ئازادیی ڕزگارکەرە".
گردبوونەوەکە بە گۆرانییەکانی گرووپی هونەری مزگین بەردەوام بوو.