دەمیرتاش: متمانە و پشتگیریی خۆم بۆ عەبدوڵا ئۆجالان دووپات دەکەمەوە

هاوسەرۆکی گشتیی پێشووی هەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش لە کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، گوتی: " متمانە و پشتگیریی خۆم بۆ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان دووپات دەکەمەوە".

شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی کە پێکدێت لە سری سورەیا ئۆندر و پەروین بوڵدان و ئەحمەد تورک، لەگەڵ هاوسەرۆکی گشتیی پێشووی هەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش لە زیندانی جۆری F ی ئەدرنە کۆبوونەوە. سەڵاحەدین دەمیرتاش پاش کۆبوونەوەکە، لە هەژماری خۆی لە میدیای دیجیتاڵ ئەمەی بڵاوکردەوە:

"خوشک و برایانی هێژا، بەبۆنەی سەردانی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی بۆ لای ئێمە، سڵاو و خۆشەویستی خۆم بۆ هەمووان دەنێرم. سوپاسی شاندەکەمان دەکەم کە بە فیداکاری و جدییەتی مەزنەوە درێژە بە خەبات دەدەن، منیش ڕایدەگەیەنم کە متمانەم بەهێزە بە پارتەکەمان (دەم پارتی) و بەتایبەت بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان کە بۆ چارەسەری دیموکراتیک و ئاشتی لە دوورگەی ئیمراڵی هەوڵی مەزن دەدات.

بابەتی سەرەکی لەم قۆناغەدا، پشتگیری ڕای گشتییە. بۆیە شەفافیەت زۆر گرنگ و پێویستە. دەبێت شاندەکەمان لایەنە سیاسییەکانی ناو پەرلەمان ئاگادار بکاتەوە، وە لە ڕۆژانی داهاتوودا ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و لایەنە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان ئاگادار بکاتەوە. هەروەها گرنگە زمانی ئاشتی لە هەموو لایەکدا زاڵ بێت. هەرکەسێک لەسەر ئەو بابەتانە قسە بکات پێویستە خۆی لە هەڕەشە و سوکایەتی و لێدوانی ئاژاوەگێڕانە بەدوور بگرێت و لەبری ئەوەی باسی قسەی پووچ و بێمانا لەسەر سەرکەوتن و شکست بکات، باس لە داهاتوویەکی هاوبەش بکات کە هەمووان تێیدا سەربکەون.

هەرچەند هەوڵبدەین خۆمان دووربخەینەوە لە ناونانی پرۆسەکە، لەلای ئێمە ئەم پرۆسەیە، ناودەبرێت بە پرۆسەی "دیموکراتیکبوون، ئاشتی و خوشک و برایەتی". وەک ئەو ئەکتەرانەی لەسەر بناغەی دیموکراتیک و ئاشتییانە سیاسەت دەکەین، داوا دەکەین و پشتگیری دەکەین لە کۆتاییهێنان بە شەڕ و توندوتیژی. دووپاتی دەکەینەوە، ئەگەر هەلومەرجی بەڕێز ئۆجالان مسۆگەر بکرێت و لەم ڕووەوە دەسپێشخەریی بکات، ئێمە پشتگیری لێ دەکەین. هەڵبەت دەسپێشخەریی بانگەوازکردن لای ئەوە. وەک ئەوەی ڕایگەیاند، بەرپرسیارێتی بەدیهێنانی بناغەی یاسایی و سیاسیی بانگەوازەکە لە ئەستۆی حکومەت و پەرلەماندایە. لەم قۆناغەدا، پشتگیری هەموو هەوڵێکی ئاشتی دەکەین. بەڵام ئەوەی ئەم بانگەوازە بکات و بەردەنگی ئەم بانگەوازە، ئێمە نین. وەک سیاسەتمەداران، ڕۆڵ و ئەرکی ئێمە پتەوکردنی بناغەی ئاشتییە، هاندانی لایەنەکانە بۆ ڕێخۆشکردن بۆ ئاشتی. بەڵام لەوە زیاتر، بەرپرسیارێتی بنەڕەتیمان ئەمەیە؛ بۆ دیموکراسی و ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری و مافی بنەڕەتی مرۆڤەکان تێکۆشانی ئاشتییانە و مەدەنی و سیاسی فراوان بکەین. پێویستە ئیتر ڕێگە و دەرفەت بۆ ئەم تێکۆشانە بکرێتەوە و بناغەی ئاشتی پتەوتر بکرێت. دەمانەوێت ئەم بابەتە بگەیەنین بە کەسانی پەیوەندیدار.

پێویستە هەمووان بزانن، نیازی باش هەیە، ئامادەکارییەکان بەگوێرەی ئەم نیازە باشانە هەن. بەڵام بۆ ئەوەی پرۆسەکە مسۆگەر بکرێت، پێویستە هەنگاوی بەرچاو و دەستبەجێ بنرێت. بۆ نەهێشتنی ناکۆکییەکان کە چەندین ساڵە لەم خاکانەدا بوونەتە هۆی ئێش و ئازار و هەموو وزەی وڵاتی بردوووە و بۆ بەدیهێنانی ئاشتی سیاسی، ئامادەیی هەموو جۆرە پشتگیرییەکین.

بەڵام ئەگەر ڕێگەی ئاشتی سیاسیی بکرێتەوە، بەجۆرێک هەموو ڕێگەکانی تێکۆشان بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی و دیموکراتیکبوون و یەکسانی و دادپەروەری و ئازادی کراوەبن، ئەمە بە کەڵکی هەمووان و وڵات دێت. بەم جۆرە پشتگیری کۆمەڵایەتی بۆ ئاشتی سیاسی زیاتر دەبێت و قبووڵکردنی هەمەڕەنگی گەل، هەموو ئاژاوەگێڕی و هەوڵەکانی تێکدان پووچەڵ دەکاتەوە.

سوپاسی بەڕێز سەرۆککۆمار و بەڕێز دەوڵەت باخچەلی و بەڕێز ئۆزگور ئۆزەل و هەموو سەرۆکی پارتەکان دەکەم کە لەم قۆناغە چارەنووسساز و مێژووییەدا، دەسپێشخەریی ئاشتی دەگرنە ئەستۆ. دووپاتی دەکەمەوە، بێ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی شەخسی و حزبی، بێ دوودڵی پشتگیری هەموو هەنگاوێک دەکەم بۆ پتەوکردنی دیموکراسی.

لەکۆتاییدا دەمەوێت ئەوە دووپات بکەمەوە؛ کوردان بەتایبەت ڕوویان لە تورکیایە. باوەڕم وایە ئەگەر ئاشتی و دیموکراسییەکی بەهێز بنیات بنرێت، پێکەوە لەم پرۆسەیەدا بە سەرکەوتوویی دەردەچین. بۆیە هیواخوازم و داوادەکەم کۆماری تورکیا ڕووبکاتە کوردان و ئاشتییەکی مەزن و شکۆدار بەدی بهێنێت.

دیسانەوە سوپاسی شاندەکەمان دەکەم، سڵاو و خۆشەویستی گەرمی خۆم بۆ هەمووان دەنێرم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.

سەڵاحەدین دەمیرتاش، ١١ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، زیندانی ئەدرنە".