له‌ چه‌ند شارێكی ئه‌وروپا یادی ئاكارسه‌ل به‌رزراگیرا

ئه‌ندامی ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ی ژنۆلۆژی ئه‌كادیمسیان – رۆژنامه‌وان ناگیهان ئاكارسه‌ل كه‌ له‌ سلێمانی تیرۆركرا له‌ شاره‌كانی وڵاتانی ئه‌وروپا به‌ بیر هێنرایه‌وه‌.

ئه‌ندامی ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ی ژنۆلۆژی ئه‌كادیمسیان – رۆژنامه‌وان ناگیهان ئاكارسه‌ل كه‌ له‌ سلێمانی تیرۆركرا له‌ كانتۆنی بێرنی سویسرا، له‌ به‌رلینی پایته‌ختی ئه‌ڵمانیا و شاری فرانكفۆرت به‌ بیرهێنرایه‌وه‌.

بێرن

له‌ كانتۆنی بێرنی سویسرا مه‌راسیمێك بۆ ناگیهان ئاكارسه‌ل سازكرا. له‌ مه‌راسیمه‌كه‌دا كه‌ له‌كۆمه‌ڵه‌ی كۆلتوری كوردی بێرن سازكرابوو، له‌ هۆڵه‌كه‌ وێنه‌كانی ناگیهان ئاكار سه‌ل دانرابوون. دوای خوله‌كێك بێده‌نگی بۆ رێزگرتن له‌ یادی ناگیهان ئاكارسه‌ل وته‌بێژی كۆمه‌ڵه‌ی كولتوری كوردی بێرن مینه‌ شه‌تینكایا قسه‌ی كرد.

فرانكفۆرت

ژنان له‌ شاری فرانكفۆرتی ئه‌ڵمانیاش له‌سه‌ر بانگه‌وازی بزوتنه‌وه‌ی ژنانی كوردی ئه‌وروپا (ته‌ژه‌كه‌-ئه‌) كۆبوونه‌وه‌ و به‌ خوله‌كێك بێده‌نگی یادی ئاكارسه‌لیان به‌رزراگرت. ژنان له‌سه‌ر رێگای هاوپتواچ كه‌ یه‌ك له‌ قه‌ره‌باڵغترین رێگه‌كانی فرانكفۆرته‌ مۆمیان داگیرساند و بۆ ١٥ خوله‌ك چالاكی شه‌رمه‌زاركردنیان به‌ڕێوه‌برد.

چالاكیه‌كه‌ به‌ وتنه‌وه‌ی دروشمی "ژن، ژیان ئازادی" و "شه‌هید نامرن" كۆتایی هات.

بێرلین

ئه‌نجومه‌نی ژنانی ده‌ستان و گروپی فیمێنیسته‌كان له‌ بێرلینی  پایته‌ختی ئه‌ڵمانیا تیرۆركردنی ناگیهان ئاكارسه‌لیان شه‌رمه‌زار كرد. ژنان له‌ كاتژمێر ١٨:٠٠ له‌به‌رده‌رگای سوتاندنی كتێب له‌ باببلپلاتز كۆبوونه‌وه‌ و بۆ ناگیهان مۆمیان داگیرساند و خوله‌كێك رێزیان گرت.

برێمن

له‌ناوه‌ندی كولتوری كوردی دیموكراتیكی برێمێنی ئه‌ڵمانیاش بۆ یادی ناگیهان ئاكارسه‌ل مۆم داگیرسا. هه‌رله‌ مه‌راسیمه‌كه‌دا یادی هه‌ڤرین خه‌ڵه‌ف كه‌ به‌ر له‌ سێ ساڵ له‌لایه‌ن چه‌ته‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك تیرۆركرابوو و هه‌روه‌ها ژینا ئه‌مینی كه‌ له‌ تاران كوژرابوو، له‌ گه‌ڵ ناگیهان ئاكارسه‌ل یادیان به‌رزراگیرا.

چالاكیه‌كه‌ به‌ دروشمی "ژن، ژیان ئازادی" كۆتایی هات.

هـ . ب