بەپێی بەیاننامەیەکی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان، دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شاندێکی یەكێتی ڕاگەیاندنی ئازاد لە باکژور و ڕۆژهەڵآتی سوریا و ئەنجومەنی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان لە هەولێر کۆبوونەتەوە، ئەمڕۆ ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش لەنێوانیاندا واژۆ کراوە، بە ئامانجی دروستکردنی بەردی بناغەی کار، کە لە دواڕۆژدا هۆکاربێت بۆ دروستکردنی هەماهەنگی لە نێوان هەموو یەکێتی و ئۆرگانە میدیاییەکانی تری کوردستان.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە چۆنیەتی ئەنجامدانی هەماهەنگی لە نێوانیاندا کراوە و گفتوگۆ لەسەر رەوشی رۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان و کردنەوەی خول و ڕاهێنانی رۆژنامەنووسان بۆ زیاتر پاراستن و سەلامەتی رۆژنامەنووسان کراوە.
دەقی ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنەکە:
– کار بکرێ هەموو میدیاکانی کوردستان پێکەوە پەیامێکی رۆژنامەنوسی پیشەییان هەبێت، کە دوور بێت لە هاندان و ڕق و کینەو دووبەرەکی، بەڵکو پەیامێک بێت بەرژەوەندی باڵای دۆزی کوردستان ڕەچاوبکات، بەپێی بنەماکان.
– کار بکرێت بۆ گۆڕینەوەی پسپۆڕی لە میانی ئامادەبوون لە کۆڕ و چالاکی و وۆرک شۆپی ڕۆژنامەنوسی هاوبەش، سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستانیش هەموو ئامادەییەکی لەوبارەیە نیشاندا.
– هەوڵدان بۆ کردنەوەی سەکۆیەکی کراوە بۆ گفتوگۆ و دیالۆگ لەمەڕ پڕۆژەی دروستکردنی (فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنوسانی سەرتاسەری کوردستان) کە پێشتر سەندیکای ڕۆژنامەنوسان کاری لەسەر کردووە، کە ببێتە بناغەی پرۆژەی نیشتیمانی هەموو سنوورە سیاسییەکان ببڕێت و لە بەرژەوەندی تێکڕای ڕۆژنامەنوسە کوردستانیەکان بێت لە هەر کوێیەک بن.
– هەماهەنگی بکرێت لەنێوان سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان و یەکێتی ڕۆژنامەنوسانی ئازاد لە ڕۆژئاوا، بۆ یەکخستنی هەڵوێست و پشتگیریکردن، بۆ چوونە ناو ڕێکخراوە ڕۆژنامەنوسییە نێودەوڵەتییەکان.
– کار بکرێت لەگەڵ لایەنە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ دۆزینەوە و هاریکاری و میکانیزم بۆ ئاسانکاری هاتن و چوونی ڕۆژنامەنوسان لەنێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوادا.
ک-ش