زیندانیکراوی نەخۆش ئۆدونجو ئەشکەنجەدرا

زیندانیکراوی نەخۆش زەردەشت ئۆدونجو لە زیندانی ئەنتاڵیا سەرەڕای برینەکانی نەبرایە نەخۆشخانە و دەرکەوت کە ئەشکەنجەدراوە.

زیندانیکراوی نەخۆش زەردەشت ئۆدونجو (٣٠ ساڵ) لە زیندانی ئاسایشی باڵای ئەنتاڵیا سەرەڕای نەخۆشی، چارەسەر ناکرێت.

ئۆدونجو ١٠ ساڵە لە زیندانە و ١٧٤ ساڵ سزای زیندانی بەسەردا سەپێنراوە، لە گۆشەی تاکەکەسی زیندانی کراوە. ئۆدونجو لە ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە ١٢ ی شوباتی ٢٠١٤ ئاگری لە جەستەی بەردا و بەهۆی چارەسەرنەکردنییەوە، جەستەی تووشی هەوکردن بووە.

"دەنگی ڕۆڵەکانمان ببیستن"

دایکی ئۆدونجو، سەلما ئۆدونجو ڕایگەیاند ئەمڕۆ کوڕەکەی تەلەفۆنی کردووە، برینەکانی کوڕەکەی تووشی هەوکردن بوون، چەند مانگە نابرێتە نەخۆشخانە، برینەکانی ڕەش و شین هەڵگەڕاون، کاتێک دەبرێتە نەخۆشخانەش دەستی کەلەپچە دەکرێت، بەو هۆیەوە دەستی شین و ڕەش هەڵگەڕاوە، کاتێک دەبرێتە ئەوێ چارەسەر ناکرێت، لە ڕێگەدا سەربازەکان ئەشکەنجەیان داوە. گوتی: "بانگەواز لە پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ دەکەین، دەنگی ڕۆڵەکانمان ببیستن. دەبێت ئەم ڕەفتارانە کۆتایی بێت".