بە دیمەن

پارێزگاری کەرکوک: پرۆسەی سەرژمێری بە سەرکەوتوویی تەواوبوو و مێژوومان تۆمارکرد

ڕێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک لە کۆنگرەیەی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، ڕێژەی بەشداریکردنی هاووڵاتییان لە سەرژمێری ١٠٠٪ بووە، سەرجەم پێکهاتەکانی کەرکوک هاوکاربوون لە سەرکەوتنی پرۆسەی سەرژمێری.

پرۆسەی سەرژمێری عێراق

کاتژمێر ١١:٣٠ی درەنگانی شەوی ڕابردوو پێنج-شەممە، ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، ڕێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "پرۆسەی سەرژمێری پرۆسەیەکی گرنگی نیشتمانییە و ئێستاشی لەگەڵ بێت قۆناغی تۆمارکردنی هاووڵاتییان لە پرۆسەکە بەردەوامە، دەستخۆشی لەسەرجەم تیمەکانی سەرژمێری و دەزگا ئەمنییەکان دەکەم، هاوکات سوپاسی خەڵکی کەرکوک دەکەم کە بەشێوەیەکی کارا بەشدارییان لەم پرۆسەیە کرد و هاوکاربوون لە سەرکەوتنی پرۆسەکە".

پارێزگار ئاماژەی بە ڕێژی بەشداریکردنی هاوڵاتییان لە تۆمارکردنی ناوەکانیندا کرد  و و تی: "ڕێژەی بەشداریکردنی هاووڵاتییان لە سەرژمێری ١٠٠٪ بووە، هەروەها پرۆسەکە بەبێ گرفت بەڕێوەچوو، مانەوەی هاووڵاتییان لە ماڵەکانیان و هاوکاری کردنی تیمەکانی سەرژمێری بووە هۆکاری سەرکەوتی پرۆسەکە لە شاری کەرکوک".

ڕێبوار تەها لە درێژەی قسەکانیدا سوپاسی بەشداربوون و هاوکاریکردنی هاوڵاتیانی کرد لە بە سەرکەووتوگەیاندنی پرۆسەکە و وتی: "سوپاسی تەواوی پێکهاتەکانی شاری کەرکوک دەکەین کە هاوکاری ئیدارەی کەرکوک بوون بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی سەرژمێری، کە لەم پرۆسەیە مێژووێکمان لە کەرکوک تۆمارکرد، ڕێژەی بەشداریکردنی هاووڵاتییان لە سەرژمێری ١٠٠٪ بووە، جێی خۆیەتی پیرۆزبایی لە کۆمەڵانی خەڵکی کەرکوک بکەم".

بڕیارە دوای ٤٨ کاژمێر ئەنجامەکانی سەرژمێری لەسەرتاسەری عێراق رابگەیێندرێت، جگە لە ناوچەکانی مادەی ١٤٠ (ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان) کە بەپێی رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق ئەنجامەکانی سەرژمێری راناگەیێندرێن تاوەکو بەراورد نەکرێن بە ئەنجامەکانی سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ و دڵنیابوونەوە لە دروستی زانیارییەکان بەهۆی دۆخی سیاسی و نەتەوەیی و ئەو گۆڕینە دیموگرافیای ئەو ناوچانە کە لەڕێگای پڕۆسەی بەعەرەب کردنەوە تیدا ڕوویداوە.

جێگای ئاماژەیە، بۆ یەکەمجار لەدواى ٣٧ ساڵ، پرۆسەی سەرژمێری گشتیى دانیشتوان لەسەرتاسەری عێراق و هەرێمى کوردستان پێکەوە ئەنجام دەدرێت، هەروەها لە چوارچێوەی پرۆسەکەدا، رۆژانى ٢٠ و ٢١ی ئەم مانگە بۆ تۆمارکردنى خێزانەکان دەستنیشانکرابوو و قەدەغەی هاتووچۆی گشتی لەسەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان پەیڕەوکرا، تاوەکو کاتژمێر ١٢ی شەوی رۆژی ٢٢ لەسەر ٢٣ی مانگ قەدەغەی هاتووچۆ لە نێوان پارێزگاکان بەردەوام دەبێت.