دۆخی تەندرووستی زەینەب جەلالیان ناجێگیرە

ژنە کوردی زیندانی سیاسی زەینەب جەلالیان لە زیندانی یەزد بارودۆخی تەندرووستیی ناجێگیرە و لە چارەسەری پزیشکی بێبەشکراوە و پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە.

بە گوێرەی ڕاگەیاندنەکانی ئێران کە لە چوارچێوەی مافەکانی مرۆڤدا کاردەکەن، دۆخی ژنە کوردی زیندانی سیاسی زەینەب جەلالیان لە زیندانی یەزد، دۆخی تەندرووستی نا جێگیرە، کاربەدەستانی زیندان ڕێگرن لە پێدانی چارەسەری پزیشی بە جەلیان کە پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە.

ئاماژەش بەوەکراوە؛ زەینەب جەلالیان چەندین جار لەلایەن بەرپرسانی زیندانی یەزد ڕووبەڕووی توندوتیژی و سوکایەتیکردن بووەتەوە.

زەینەب جەلالیان لەدایکبووی ١٩٨٢ ـە و خەڵکی گوندی دێم قشڵاقی شارۆچکەی ماکۆی سەر بە پارێزگای ورمێ ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، لە ١٠ـی ئاداری ٢٠٠٧ لە دەروازەی شاری کامیاران دەستگیر کرا، لە ٤ـی تشرینی دووەمی ٢٠٠٨ لەلایەن لقی ١ـی دادگای شۆڕشی کرماشان بە سەرۆکایەتی دادوەرعەلی مورادی بە تۆمەتی “چەکداری و هاوکاری و ئەندامێتی لە پژاک و پرۆپاگەندە دژ بە دەوڵەت” سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، لە ساڵی ٢٠٠٩ دادگای تێهەڵچوونەوە لە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە سەرۆکایەتی محەمەد عەلی ڕۆشنی سزای لەسێدارەدانەکەی پەسەند کرد.

لە ساڵی ٢٠١١ پاش هەڵوێستی بەرفراوانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و بەیاننامە یەک لەدوای یەکەکانی ڕێکخراوی جیهانیی چاودێری مافی مرۆڤ و ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەڵەوتی، سزاکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا و بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی ڕەوانەی زیندانی یەزد کرا.