لە سووریا لەماوەی شەو و ڕۆژێکدا ١٨ کەس کوژراون

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ (سۆهر) ڕایگەیاند لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا لە سووریا لانیکەم ١٨ کەس کوژراون.

ئالۆزییە ناخۆییەکانی سووریا بەردەوامە، لەو بارەیەوە سۆهر ڕایگەیاند لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا لانیکەم ١٨ کەس بە ڕووداوی جیاواز کوژراون کە بەشێکییان منداڵ و گەنجی پێکهاتەی دروزی و عەلەوین.

سۆهر ئاماژەی بەوەداوە لە ناوچەی قەتنەی گوندەواری شام دوو گەنجی دروزی لە لایەن هێزەکانی دیمەشقەوە کوژراون، هەر لەهەمان ناوچە پزیشكێکی عەلەوی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی دیمەشقەوە دوای دەستگیرکردنی بە دڕندەترین شێوە دەکوژرێت.

سۆهر ئاشکرای کرد لە شاری سەنەمین لە لایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە فەرماندەی پێوشوی سوپای ئازاد، ماهر عەلی و کوڕەکەیان کوشتووە. لەهەمان ناوچە لە ئاڵۆزی نێوان گروپە چەکدارەکاندا خوێندکارێکی زانکۆ کوژرا.

ئاماژەش بەوەکراوە چەند چەکدارێکی نەناسراو لە حەلەب مامۆستایەکی زانکۆیان کوشتووە کە عەلەوییە، لە گوندەواری سەلەمەی ڕۆژهەڵاتی حەما کۆمەڵێک چەکداری نزیک لە دیمەشق هەڵیناکوتاوەتەسەر ماڵێک و کەسێکییان کوشتووە.

دەشڵێت، لە دەشتاییەکانی تەدموری گوندەواری ڕۆژهەڵاتی حومس سێ تەرم دۆزراونەتەوە، لە دیمەشقیش تەرمی گەنجێک دۆزراوەتەوە کە مانگێکە ڕفێندراوە.

سۆهر ئاشکرای کردووە لە شارۆچکەی مریەی دێرەزۆر ٣ منداڵ بە هۆی تەقینەوەی پاشماوەی جەنگەوە گیانیان لە دەستداوە، لە گوندەواری حەمایش منداڵێکی کچ کە پێشتر بەهۆیی هێرشکردنە سەرماڵەکەیان بریندار ببوو، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.

لە کۆتایدا سۆهر ڕایگەیاند لە لازقیەیش بەهۆی کێشەی کۆمەڵایتییەوە گەنجێک کوژراوە.