دەوڵەتی ئێران سزای پێنج ژنی دیکەی دا
دەوڵەتی ئێران لە درێژەی چەوساندنەوەی ژناندا پێنج ژنی دیکەی سزادا.
دەوڵەتی ئێران لە درێژەی چەوساندنەوەی ژناندا پێنج ژنی دیکەی سزادا.
ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی هەرانا و سەرچاوە میدیاییەکانی دیکە ڕایانگەیاند، دوو ژن لە ئێران سزای زیندانیی کردنیان بەسەردا سەپێندرا و سێ ژنی دیکەش دەستبەسەر کران.
لە هەواڵەکاندا هاتووە: " ڕۆیا سابات ژنێکی بەهایی خەڵکی شیراز و دانیشتووی ئیمارات بە تۆمەتی”هاوکاریکردنی هاوڵاتیان و حکوومەتی ئیسرائیل، تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی و پرۆپاگەندە دژی دەوڵەت” لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی شیرازەوە سزای ٢٥ ساڵ زیندانییکردن، دوو ساڵ قەدەغەکردنی دەرچوون لە وڵات، هەڵوەشاندنەوەی پاسپۆرت، بێبەشکردنی لە مافە کۆمەڵایەتییەکان و قەدەغەکردنی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بەسەردا سەپێندرا. سزاكە لە ڕۆژی ٢٨ـی ئایاری ئەمساڵدا بە ڕۆیا سابات ڕاگەیاندراوە."
لە بەردەوامییدا دەڵێت: " ڕۆیا سابات ماوەی ٢٣ ساڵە لە ئیمارات دەژی و لە ٤ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ بۆ چاودێری دایک و باوکی، کە نەخۆش بوون، گەشتی بۆ شیراز کرد، بەڵام لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەستگیرکرا و دوای حەوت مانگ لە زیندانی عادل ئاباد لە شیراز بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. سێ ژنی بەهایی دیکە بە ناوەکانی شەیدا ڕۆحانی، شیدە تەواکوڵی و شیلا تەواکوڵی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بە بێ فەرمانی دادوەر دەستبەسەر کران و تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە."
ماڵپەڕێکی هەواڵی دیکەش ئاماژەی بە سزادانی ژنێک کردووە و هاتووە: " مەهشید گۆهەری توێژەر و نووسەر و مامۆستای پێشووی زانکۆی فێردەوسی بە تۆمەتی”پرۆپاگەندە دژی دەوڵەت” لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەشهەدوە سزای نۆ مانگ زیندانییکردنی بەسەردا سەپێندرا. ئەو ژنە مامۆستایە بە هۆی چالاکییە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەكانی و پشتیوانیکردن لە پۆشینی جلوبەرگی ئارەزوومەندانە و پاڵپشتیكردن لە خوێندکارانی ناڕازی لە شۆڕشی”ژن ژیان ئازادیی” لە زانکۆ لە پیشەکەی دوورخراوەتەوە."