بە دیمەن

ڕێپێوانی ئامەد: ژنان لە دەوری بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک یەکدەگرن

بەهەزاران ژن لە ئامەد بۆ 'چارەسەری کۆمەڵایەتی' ڕێپێوانیان کرد و پەیامی "ئێمە لە دەوری بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک لەدەور یەکتر کۆدەبینەوە. ئەم پرۆسەیە بە چارەنووسی عەقڵی پیاوسالاری ناسپێرین" بەرز کردەوە.

لە شاری ئامەد، بە هەزاران ژن بە دروشمی "ژنان بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی و چارەسەری دیموکراتیک ڕێپێوان دەکەن" چالاکیان ئەنجامدا. چیگدەم کلچگون ئوچار، هاوسەرۆکی بەدەپە و تولای حاتەم ئۆغوللاری هاوسەرۆکی پارتی دیموکراسی یەکسانی گەلان (دەم پارتی)، بەشداری ڕێپێوانەکە بوون کە لەلایەن بزووتنەوەی ژنانی ئازاد (تەژەئا) بەڕێوە چوو.

ژنانی زۆربەی شارەکانی تورکیا و کوردستان لە ناوەندی شاری ئامەد کۆبوونەوە و دەستیان بە ڕێپێوان کرد. لە میانی ڕێپێوانەکەدا، ژنان دروشمی "بژی ئاشتی کۆمەڵایەتی"، "ژن، ژیان، ئازادی"، "ژن کۆمەڵگا ئازاد دەکات"، "ئێمە بۆ یەکێتی لێڕەین" و "بەرخۆدان ژیانە"یان وتەوە.

خەجێ شاهین لەسەر ناوی ژنانە بەیاننامەیەکی خوێندەوە و سەرنجی خستەسەر 'بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک'ی ڕێبەر ئاپۆ و وتی: "لە دەوری بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ یەکدەگرین و دەبینە هێزی پێشەنگ و ئەم پرۆسەیە بەڕێوە دەبەین، هەروەها ئەزموونەکانی خۆمان لە پرۆسەی ئاشتیدا جێبەجێ دەکەین، ئەم پرۆسەیە بۆ دەسەڵات و عەقڵیەتی پیاوسالاری بەجێی ناهێڵین هەتا لەبار بچێت. چونکە ئێمەی ژنان لە شەڕەکانی دەسەڵاتداری پیاوسالاردا زیان و باجێکی زۆرمان داوە. وەک ژنانی بزووتنەوەی کورد کە بەساڵانە شانبەشانی بزووتنەوەی ژنانی تورکیە، لە دژی دەسەڵاتداری پیاوسالار تێدەکۆشین. ئەو سیاسەتە شەڕخوازنە لە دژی ژنانی کوردیش ئەنجام دەدرێن و بڵاوبوونەوەی ئەم سیاسەتانە لە هەموو بەشەکانی تورکیادا بەشێکن لەم سیاسەتە شەڕخوازانەیە بۆ سەر زمان و کولتوور، بۆ سەر بەهاکان کە بەهەزاران ساڵە لەلایەن ژنانەوە بنیات نراون.

'ناهێڵین ئەم پرۆسەیە پووچەڵ بکرێتەوە'

کاتێک داوا دەکرێت کە ڕاستی ژنی کورد لەناو کۆمەڵکوژیدا بنیات بنرێت، بێگومان ئەوەی دەستپێشخەری بەرخۆدانی کرد و مانای بە بەرخۆدان بەخشی و ئێمەی گەیاندە ئەم راستیە، پاراستنی کولتوور، زمان و مێژوومان بووە. داواکاری ئێمە بۆ ئاشتی ئەمڕۆ لەسەر بنەمای پاراستنی ئەو بەهایانە بنیات نراوە. ئەگەر ئاشتی لە زمانی دایکی و کولتووری کۆمەڵایەتی بنیات بنرێت، بێگومان مانادارتر دەبێت. لەسەر مێزی ئاشتی تێکۆشانی ئازادی ژنان بە بەشداری ژنان بەڕێوە دەچێت. مۆخاتەب بوونی ڕێبەری گەلی کورد بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان کە دیسان ئاشتی وەک تاکە ڕێگای چارەسەری نیشان داوە، یەكێتی وەکوو ئەرکێک دەخاتە سەر شانی ئێمە.

ئەگەر ئاشتی لەسەر زمانی دایکی بنیات بنرێت، هەنگاوێکی بەمانادارتر دەبێت

ئێمە قەت لە قۆناغی چاوەڕوانیدا نامێنین و نابین. ئێمە چاوەڕێی ئەوە نین هێزی دەوڵەت و سیاسەتی هەنگاو بنێت. دەبێت پرۆسەکە لە گۆرەپانی پەرلەمان بە شێوازی یاسایی و پێویستیەکانی ئەنجام بدرێت. پێویستە ژنان وەک ئەکتەرێکی چالاک لە هەموو ئاستێکی ئەم پرۆسەیەدا، لە هەموو کۆمیسیۆنەکاندا کە دادەمەزرێنرێت، لە هەموو گروپێکی ئەرکداردا جێگیر بکرێن و بەشدار بن. چونکە زمانی ژن زمانی ئاشتییە. ئەو کۆمەڵگایەی کە ژنان خەونی پێوە دەبینن؛ پێکەوە ژیانێکی یەکسانە بۆ ژنان، پیاوان، منداڵان، گەنجان و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا. کۆمەڵگای دیموکراتیک لەڕاستیدا کۆمەڵگەی ژنانە. هەموو دەستکەوتەکانی ژنانە کە بە تێکۆشان و فەداکارییەکی زۆرەوە بەدەستیان هێناوە. کۆمەڵگایەکە دژی توندوتیژی و کۆمەڵکوژی ژنان دەوەستێتەوە.

کۆمەڵگای دیموکراتیک کۆمەڵگەی ژنانە

پرۆسەی ئاشتی و دانوستانەکان بە شێوەیەکی سروشتی پرۆسەیەکی یاسایی نوێی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. بە شێوەیەکی یاسایی دانپێدانانە بە گەلی کورد، عەلەوی و ئەو چینە کۆمەڵایەتیانەیە کە شوناسیان هەتا ئێستا نکۆڵی لێکراوە لەبواری یاسایی و یەکسانیەوە. دامەزراندنی کۆمیسیۆنەکان گرنگە بۆ ئاشکراکردنی زیانەکانی ڕابردوو. ئێمە لەو باوەڕەداین لەم پرۆسه نوێیەدا پێویسته هەموو رێکارە یاساییەکان له پێکهاتەی ڕەگەزی، نەتەوەپەرەستی، ئایینی و بەسۆپابوونەکان پاک بکرێنەوه و لەسەر بنەمای یەکسانی ڕەگەزی و چەمکی ئازادی ژن بنیات بنرێت.

ئەو هەنگاوانەی کە دەبێت بنرێن

* دەبێت دەستبەجێ ئازادی دانوستانکاری سەرەکی ئاشتی، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، بە شێوەی جەستەیی جێبەجێ بکرێت. و پێویستە هەلومەرجی کارکردنی ئازاد و ئەمنی بۆ بڕەخسێندرێت.

*ئەو کۆمیسیۆنەی کە لەژێر چاودێری پەرلەماندا دادەمەزرێت، پێویستە ژنان وەک هێزێکی کاریگەر ببینێت و بۆ چارەسەری دیموکراسیانەی پرسی کورد هەنگاو بنێت.

*دەبێت هەبوون، شوناس، کولتوور و زمانی گەلی کورد لە دەستوور مسۆگەر بکرێت.

*دەبێت واز زمانی پیاوسالاری، ڕەگەزی، نەتەوەپەرەستی و بەسوپا بوون بهێنرێت و زمانێکی هاوبەشی ئاشتی بنیات بنرێت.

*پێویستە لەژێر چاودێری پەرلەماندا هەموارکردنەوەی یاسایی بکرێت بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژی و کۆمەڵکوژی دژی ژنان. هەروەها دەبێت باس لە هێرشکردنە سەر ماف و دەستکەوتەکانی ژنان بکرێت و کار بۆ کۆتاییهێنان بەم هێرشانە دەست پێبکرێت.

*قبووڵ ناکەین کە ئەو هەڵبژێردراوانەی کە بە ئیرادەی گەل لەسەر بنەمای دیموکراسی هەڵبژێردراون لە ئەرکەکانیان دوور بخرێنەوە. هەرەوەها دەبێت ئەو قەیومانەی دانراون دەستبەجێ لابدرێن لە شارەوانییەکان و شارەوانییەکان رادەستی هاوشارەوانیەکان بکرێنەوە."