عەزیزی ومورادی بەهۆی چالاکییەکانی ناو زیندان سزای نوێیان بۆ بڕایەوە

بە تۆمەتی "تێکدانی دیسپلینی ناو زیندان"، هەریەک لە پەخشان عەزیزی بەرگریکاری مافەکانی ژنان و وەریشە مورادی ئەندامی کەژار سزای شەش مانگ زیندانیان بەسەردا سەپێندرا.

بەگوێرەی هەواڵێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دانیشتنی تایبەت بەو دۆسیەیە لە لقی دووی دادگای سزادانی کۆمەڵەی دادوەری قودسی تاران بەڕێوەچووە رۆژی شەممە ١٩ی تشرینی یەکەم بڕیارەکەیان پێڕاگەیەندراوە.

ئەو دوو ژنە زیندانیە سیاسیە کوردە ئامادەی ئەو دانیشتنەی دادگا نەبوون و لە بڕیارەکەدا هاتووە بەهۆی "تێکدانی دیسپلین و نەزمی زیندان" هەرکامێکیان سزای شەش مانگ زیندانیان بۆ بڕاوەتەوە.

ئەو دۆسیە نوێیە دوای ناڕەزایەتی زیندانیانی سیاسی بەشی زیندانی ئێڤین بەرامبەر بە لەسێدارەدانی رەزا رەسایی زیندانی سیاسی کورد کرابووەوە.

وەریشە مورادی ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) کە زیاتر لە ساڵێکە لە زیندانە، تۆمەتی بەغی یاخود یاخیبوونی ئاراستە کراوە و لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە هاوکات لە گەڵ رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی سزای لەسێدارەدان، دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە.

تائێستا دوو دانیشتنی دۆسیەکەی لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر سەڵەواتی بەڕێوەچووە.

هەرچی پەخشان عزیزی توێژەری کۆمەڵایەتی و چالاکوانی مافەکانی ژنانیشە، دوای زیاتر لە یەک ساڵ مانەوە لە زیندان لە ٢٣ی تەمووزی ئەمساڵدا بە تۆمەتی "یاخیبوون" و "ئەندامبوون لە گروپە بەرهەڵستکارەکان" سزای لەسێدارەدان و ٤ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرابوو.