٢٦ ساڵە بەسەر خیانتە گەورەکەی پارتی دێموکراتی کوردستان (پەدەکە)دا تێپەڕ دەبێت، کە لە ٣١ ئابی ١٩٩٦ پارتی دێموکراتی کوردستان – پەدەکە ئەو دەبابانەی بەعسی هێناویەوە هەولێر، کە پێشتر بە خوێنی هەزاران شەهید لە ڕاپەرینی ساڵی ١٩٩١ کوردستان دەرکرابوون.
ئەو خیانەتەی پەدەکە پەڵەیکی ڕەشە لە مێژووی ئەو حزبەدا و هەموو ساڵێک وەک ڕۆژێکی کارەسات و خیانەتی گەورەی نیشتمانی یادی دەکرێتەوە، لەو بارەیەوە شرۆڤەکاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیاز حامید بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد و شرۆڤەی خۆی پێشکەش کرد لەسەر ئەو خیانەتە.
لەسە سەرەتای قسەکانی ناوبراو بەم شیوەیە دوا: "پارتی سەرکەوتنێکی نائەخلاقی هەڵبژارد، بەسەر دۆڕانێکی شەرەفمەندانە. حیکمەتێک لە سەر بەردێک هەڵکەنراو و لهسهر تابلێتی پهرستگایهکی کۆن نوسراوە، 'دۆڕان لهبهرامبهر سهرکهوتنێکی نائهخلاقانه ههڵبژێره*! '، تەمەنی ئەم حیکمەتە ١٢٠٠ ساڵێک دەبێت، لێ بەلێ پاش ئەو هەموو ساڵە، ئەو هەموو گۆڕانکارییە دراماتیکییە وپڕ لە تراژدیایە و پڕ لە کۆمەڵکوژی وشەڕو شۆڕ و شۆڕشەکانی دنیا، بەڵام پیر نەبووە و نامرێت، چونکە حەقیقەتە. پارتی لە دوای راپەرێنەوە تا شەڕی ناوخۆ، بەهۆی خۆسەپاندن و داگیرکردن، دەیوست هەموو جومگە سەرەکییەکان بەخۆیەوە ببەستێتەوە و هەر ئەویش کۆنترۆڵی بکات. ئەو شەڕە رەوشێکی خراپی دروستکرد، مەودای بەداگیرکارانی کوردستان دا، تا ئاگری شەڕ قورستر بکەن و ناکۆکییەکان گەورەتر، شەڕێك بوو دواتر گۆڕدرا بەشەڕی بەوەکالەت بۆ تورکیا و ئێران، ئێستاش بەردەوامی هەیە.
لە درێژەی نرخاندەکانی نایز حامید دەڵێت:" پارتی بۆ سەرکەوتن لەوشەڕە، گوێی نەدا بە هیچ پرینسپێک، بۆ کورد کوشتن و کوشتنی گەلانی عێراق سەرسەخترین دوژمنی پەلکێشی کوردستان -هەولێر کرد. پارتی بۆ "سەرکەوتن" شێوازی زۆر نائەخلاقانە و دوور لە هەموو مۆڕاڵێکی مرۆڤانە، پەلکێشی تانکەکانی بەعسی سەدامی کرد و، پەرلەمانی کوردستانی پێداگیرکرد."
ناوبراو جەخت لەوەش دەکاتەو ەکە ئەم سەرکەوتنە شەرمەزارییە، تا پارتی بمێنێت، لەکەیەک دەبێت، ئیدی لێ رزگار نابێت، پارتی باجی ئەو "سەرکەوتن"ە نائەخلاقییەی دا و زیاتریش دەدا، پارتی نەها بۆتە بەشێک لە مەنزومەی قێزەوەنی جاسوسیی تورکیا. خیانەتی ٣١ ی ئاب، بەردەوامە، تا هەولێر لە لایەن پارتیەوە داگیرکرابێت، ٣١ی ئاب بەردەوامە، ٣١ی ئاب بەرهەمی ئیتفاقی نێوان پارتی و بەعس بوو، زهنیەتی بەعس ئێستا حاکمە لە هەولێر، زهنیەتی بەعس و زهنیەتی تۆرانی ئاکەپە جیاوازییان نییە، بۆیە خەڵکی هەولێر بە جیاوازی هەژمونی داگیرکەرانەوە لە قۆناغە جیاجیاکانەوە، هەست ناکەن لە ژێر داگیرکاریی دەرباز ببوبێتن.
تیرۆر و زیندانی ئازادیخوازانی هەولێر وبادینان بەتایبەتی سەرهەڵداوانی شیلادزێ، بەرهەمی ئەو خیانەتەیە.
نیاز حامید پێ وایە ڕەگی ئەو خیانەنە تا ئێستا درێژەی هەیە و دەڵێت :" ٣١ی ئاب، تەنها رۆژێک نییە ٢٤ کاتژمێر بێت، بەڵکو کۆکراوەی خیانەتەکانی ناو نەتەوەیەکە لە بنی مێژووەوە تا ئێستاشی لەگەڵدابێت هەر بەردەوامی هەیە. بە کورتی دەتوانرێت خیانەتێک لە پێش لە دایکبوونی مەسیح بە هەزاران ساڵیش لە زەمەنی ئیمپراتۆریەتی ماددەکان کرابێت، ناوی بنێین ٣١ی ئاب، ئەگەر دوای هەزار ساڵی دیکەش بکرێت هەر ناوی بنێین ٣١ی ئاب. ٣١ ی ئاب داماڵینە لە هەر نرخێکی مرۆیی".
ئەو شرۆڤەکارە بەم شێوە باسی خیانەت دەکات لە ناو گەلانی دونیاو بەراوردی دەکات بە کوردستان: "گەلانی دنیا، هەموو خیانەتکارانیان روو رەشکردووە، بەرکەناریان خستوون و ریسواییان کردوون. بەشێک لە کوردان زاکیرەیان نییە یا دەیانەوێت نەیانبێت."
لە کۆتای قسەکانیدا دەڵێت:" ٣١ی ئاب خیانەتێکە بە تەوێڵی بەرەیەکی بێ بەهای ناو نەتەوەیەک کە ناهێلێت ژیان بکات. ئێستا باشور لە سایەی دەرئەنجامەکانی ٣١ی ئابدا ژیان دەکات، چۆن ژیانێکە؟!. هیچ پاساوێک ناگاتە ئەو خیانەتە، گوایە ئێران دەهات، دەبوو سەددام بێتەوە، کەرامەتی نەتەوەیەک بنپێبخات، هەرگیز وانییە. خۆ هێنانی سوپای تورک ٣١ی ئابێکی دیکەیە، خۆ وەپێشکەوتن بۆ پاسدارانی ئێرانی بۆ لێدانی شارە تازە ئازادکراوەکانی رۆژهەڵات لە هەشتاکان، ٣١ی ئابێکی دیکەیە. خۆ شەنگال و خەندەق و گەمارۆ بۆسەر رۆژئاڤا، ٣١ی ئابێکی دیکەیە، ٣١ی ئابەکان درێژەیان دەبێت. بۆچی گەلی فەرەنسا، ئێستا هەیە، بۆچی فیشیەکانیان تێدا دووبارە نابێتەوە؟ بۆچی پۆلۆنییەکان، هەنگارییەکان، ئیسرائیلییەکان بوونیان هەیە؟!. بۆچی کورد بوونی نییە، لانیکەم لەم پارچەیەی کە بە نەفرەتی کوردایەتیدا دەناڵینێت؟!، چونکە ٣١ی ئابەکانمان زۆرترە لە نەورۆزەکانمان. نەورۆز یەک رۆژ، ٣١ی ئابەکان سەدان لە ساڵێکدا. ئەوەی ئێستا بە خێرایی ئەو رووەتەی خیانەت لە رەگەوە دەردەهێنێت، هەڵسوڕاوانی هەنگاوی ١٥ ی ئابی ١٩٨٤ کە ئێستا بە روونی هێلی خیانەتی لە هێلی وڵاتپارێزیی جوداکردۆتەوە و هەمیشە ریسوا و لاوازی دەکات."
ژ.ت