بە هەزاران کوردستانی بەشداریان لە پرسەی شەهید رێزان جاویددا کرد

بە هەزاران کەس لە هاوڵاتیان، دایکانی ئاشتی شارەکانی کامیاران، دیولان، سنە و مەریوان بەشداریان لە پرسەی شەهید ڕێزان جاوید لە شاری مەهەباد کرد.

رۆژی ١٠ی ئابی ٢٠٢٢، شەهیدبوونی فەرماندە رێزان جاوید لە ئەنجامی هێرشێکی تیرۆریستی رژێمی داگیرکەری تورک لە قامشلۆ راگەیەنرا. دوابەدوای بڵاوبوونەوەی شەهادەتی ڕێزان جاوید، لە شارەکانی شنو، بوکان، سەردەشت، ورمێ، بانە، سەقز و سنە و کرمانشان، بە هەزاران کوردستانی، روویان لە ماڵی دایکی شەهید لە مەهاباد کرد و یادی شەهیدیان کردەوە.

بەپێی زانیاریەکانی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دایکانی ئاشتی لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە کۆمەڵ و بە جیا، سەردانی مەهابادیان کردووە و بەشدارییان لە پرسەی شەهید ڕێزان جاویددا کرد.

پرسەی شەهید رێزان چەند رۆژی داهاتوودا، لە ناونیشانی "مەهاباد، شەقامی سەید نزام. گەڕەکی شافعی، ژمارە خانووی ١٣" بەردەوام دەبێت.

یوسف رەبانی (ڕێزان جاوید) هاوسەرۆکی پێشووی کۆدار و ئەندامی ئەنجومەنی پژاک، ٦ی ئاب لە هێرشێکی رژێمی داگیرکەری تورک لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان شەهید بوو.

ف.ق