بۆ ناساندنی كەلتوور و میراتی شارستانیی سریانی سیمینارێک لە کەرکوک بەڕێوەچوو

لە شاری پێکەوەژیان شاری کەرکوک، لەژێر ناونیشانی (كەلتوور و میراتی شارستانیی سریانی) سیمینارێک بۆ نووسه‌ر و کەسایەتی رۆشنبیر مووشی پۆڵس ڕێکخرا.

ئێوارەی ئەمرۆ لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان کە بەشاری پێکەوەژیانی پێکهاتەکان ناسراوە، بۆ ناساندنی کەلتوور و شارستانی سریانی، کتێبخانەی کارێز لەشارەکە میوانداری نووسه‌ر و کەسایەتی رۆشنبیری دیاری شاری کەرکوک مامۆستا مووشی پۆڵس کرد کە کەسایەتیەکی سریانی ناسراوە لە بواری ئەدەب و نووسیندا.

مووشی پۆڵس لەژێر ناونیشانی (كەلتوور و میراتی شارستانیی سریانی) سیمینارێکی پێشکەش کرد بۆ زیاتر ناساندنی کەلتوور و مێژوو و زمانی سریانی، هەروەها لە سیمینارەکەدا ژمارەیەکی بەڕچاو لە کەسایەتی رۆشنبیر و نووسەری شارەکە ئامادەبوون.

مووشی پۆڵس نووسەری سریانی دیاری شاری کەرکوک، سەبارەت بە پێکهاتەکانی شارەکە گوتی: " خوێنی من تێکەڵ بە خوێنی پیکهاتەکانی شارەکە بووە. سەردەمانێک هاوسێکانم لە هەرچوار نەتەوەکەی کەرکوک هەبووە و هیچ جیاوازیەک نەبووە لەنێوانماندا و بەشداری هەموو بۆنەکانی یەکترمان کردووە. تەواوی پێکهاتەکانی شارەکە هەر چوار زمانەکەیان دەزانی کە هەرچەندە من شەش زمانیشم دەزانی، بەداخەوە پاشان رژێمی بەعس بەپلان هەوڵیدا تا پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکانی شارەکە تێکبدا و جیاکاری دروست بکات".

هەروەها سەبارەت بە ناچارکردنی کریستیانەکان بە کۆچکردن لە عێراق ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد: "لەسەردەمی رژێمی بەعس خوێندنگەیەکیان بۆ سریان زمانەکان دروستکرد و لەو ساڵەدا ئاستی دووەمی بەدەستهێنا، رژێمی بەعس ئەم سەرکەوتنەی قبوول نەکرد و بڕیاری داخستنی قۆتابخانەکەیدا و ناوی گۆڕی، پاشان پێکهاتەکانی دیکەی شارەکەی تێکەڵ بەو قوتابخانەیە کرد تا بوونی سریانەکان کاڵبکاتەوە و نەیانهێڵێت، رۆژگارێک گەڕەک هەبووە ٩٠٪ی کریستیان بوون، بەڵام لەدوای شەری ئێران-عیراق- کریستیانەکان هەستیان بەمەترسی کرد. بۆیە کۆچکردن دەستی پێکرد لە ئیستاشدا ژمارەی کریستیانەکان زۆر کەمی کردووە".

لەدرێژەی قسەکانی دەربارەی کەمبوونەوەی ژمارەی کریستیانەکان لە عێراق، مووشی پۆڵس نووسەری سریانی، بەغەمگینەوە گوتی: " کۆچکردنی کریستیانەکان لە عێراق بەجۆرێکبووە کە هیچ هاوڕێەکی نووسەر و ئەدیبم نەماوە لە عێراق یەک هاوڕێم مابوو ئەویش کۆچی کرد بۆ ئەمریکا. لەئیستادا کەس نەماوە بەسریانی بۆی بنووسم، من نووسەرێکی ئاشوریم بەڵام کەس نەماوە تە بەزمانی ئاشوری و سریانی بۆی بنووسم. بۆیە تەواوی نووسینەکانم کردووە بە عەرەبی تاوەکو هاوڵاتیان بتوانن بیخوێننەوە. چونکە هەموو رۆشنبیران و کەسایەتی کریستانەکان  کۆچیان کردووە".

هەروەها باسی کەسایەتی ئاشورییەکان و ڕۆڵیان لە کۆمەڵگای عێراقیدا کرد و کەسایەتی رۆشنبیری و نووسەری بەتوانای ئاشوری و مامۆستای ناودار هەبوون کە ڕۆلی کاریگەریان هەبوو لە دەولەمەندکردنی وێژە و کایە ڕۆشنبیرییەکانی عێراق و کایەکانی دیکەی کۆمەڵگا، بەڵام هەمووان کۆچیان کرد بۆ دەرەوەی ووڵات".

هەروەها ئەو نووسەرە تیشکی خستەسەر زمانی ئاشوری-سریانی و جیاوازی نێوان زمانی سریانی و ئاشوری و ناوبراو ڕایگەیاند: "هەردوو زمانی ئاشوری و سریانی یەک زمانن، بەڵام لە زاراوەیە جیاوازن. هەردووکیان بە ئاسانی لەیەک تێدەکەن. وشەی ئارامی وشەیەکی شامییە و نەک عراقي و کتێبی ئینجیل بە ئارامی نووسراوە کە ئەو زمانە لە چەند وڵاتێک بووە، سەردەمانێکیش زمانی سریانی و ئاشوری- سریانی باڵادەستبووە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

ف.ق