بنکەیەکی ئەمریکا لە نزیک هەولێر بە درۆن هێرشی کرایە سەر

ڕاگەیاندراوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بە درۆن هێرش کراوە سەر بنکەیەکی سەربازی ئەمریکا لە نزیک شاری هەولێری پایتەختی باشووری کوردستان.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست کەوتوون، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە ناوچەی هەریر لە هەولێر بە درۆن هێرشی کرایە سەر بنکەی سەربازی ئەمریکا. تا ئێستا هیچ ڕاگەیاندنێک سەبارەت بە هێرشەکە نەدراوە و هیچ کەسێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لە هێرشی ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو بۆ سەر بنکەیەکیان لە ئەنبار، 8 سەرباز برینداربوون و ئەوانیش وەڵامی هێرشەکەیان داوەتەوە. سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، هێزەکانی ئەمریکا لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە ناوچەی کورف ئەلساکرێ لە باشووری بەغدا، ٥ ئەندامی حیزبوڵایان کوشتووە.

بەگوێرەی دەسەڵاتدارانی سەربازی ئەمریکا، لە مانگی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا لانیکەم ٦٦ جار هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی  ئەمریکا لە عێراق و سوریا و لە ئەنجامی ئەو هێرشانەشدا ٦٢ سەربازی ئەمریکی بە سوکی برینداربوونە.