کۆڵبەرێکی ژن بە تەقەی هێزەکانی ئێران کوژرا

ژنە کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی پاوە لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا، پاش ڕووداوەكە باوک و برای ئەو ژنە كۆڵبەرە كوژراوە دەستگیر کراون.

بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان ، ژنە کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی پرشنگ قوباد زاهیری تەمەن ٢٦ ساڵی خەڵکی هانە گەرمەڵەی سەر بە ناوچەی نەوسوودی شاری پاوە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندارببوو.

ئاماژە بەوەشکراوە، پرشنگ قوباد  زاهیری   بەهۆی سەختی برینەکەی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری کرماشان گیانی لەدەست دا.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو ژنە دایكی منداڵێک بووە و هەروەها دوای ڕووداوەكە باوك و برایەکی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کراون.

جێگای ئاماژەیە، بەپێی ئامارەکانی ماڵپەڕی کۆڵبەرنیوز، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ١٤٢ کۆڵبەر لە ناوچەکانی سنووری و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشان بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە، سەرما، کەوتنەسەر مین، کەوتنە خوارەوە لە شاخ و بەرزایی کوژران و برینداربوون، لەم ژمارەیەدا ١٠ کۆڵبەریان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵن.