بنەماڵەی ئەر و داغ سەردانی حزبی زەحمەتکێشانیان کرد

بنەماڵەی هەردوو زیندانی مانگرتوو لە خواردن، مەزڵوم داغ و عەبدولڕەحمان ئەر، سەردانی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستانیان کرد.

بنەماڵەی هەردوو زیندانی مانگرتوو لە خواردن، مەزڵوم داغ و عەبدولڕەحمان ئەر سەردانی بارەگای حزبی زەحمەتکێشانی کوردستانیان کرد لە هەولێر و داوایانکرد هەوڵ بدرێت بۆ جێبەجێکردنی داخوازییەکانی داغ و ئەر.

مەزڵوم داغ و عەبدولڕەحمان ئەر لە زیندانی هەولێرن، ماوەی ٦١ ڕۆژە مانیان لە خواردن گرتووە دژی فشارەکانی پەدەکە و یەکپۆشی و مامەڵەی خراپ، ڕەوشی تەندروستی هەردووکیان ناجێگیرە، دوێنێ بنەماڵەکانیان لە باکوری کوردستانەوە گەیشتنە هەولێر بۆ وەرگرتنی زانیاری دەربارەی ڕەوشی کوڕەکانیان، ئەوانیش پێکهاتبوون، لە شاهین ئەر و فاتمە ئەر، دایک و باوکی عەبدولڕەحمان ئەر؛ دایکی مەزڵوم داغ، قودرەت داغ؛ مامی مەزڵوم داغ، حەمید داغ.

ئەمڕۆ سەردانی حزبی زەحمەتکێشانیان کرد لە هەولێر، باسیان لەوە کرد ئەر و داغ بێبەشکراون لە مافەکانیان و داوایان کرد لە زیندانیکراوانی داعش جیابکرێنەوە. هەروەها داوایان کرد ئازادبکرێن، چونکە بەندکراوی سیاسیین.

داوا دەکەین ڕۆڵەکانمان مافی خۆیان وەربگرن

دایکی مەزڵوم داغ، قودرەت داغ، گوتی: "داوا دەکەین ڕۆڵەکانمان مافی خۆیان وەربگرن، ڕەوشی تەندروستییان خراپە و دوو مانگە مانیان لە خواردن گرتووە، دەبێت شوێنەکەیان بگۆڕێت، دەبێت پشتیوانی داواکانیان بکرێت".

دایکی ئەر، فاتمە ئەر گوتی: "مناڵەکانمان لە زیندان ئازار و ئەشکەنجە دەچێژن، ژیانیان لە مەترسیدایە. خراونەتە نێو زیندانیانی چەتەکانی داعش و مافەکانیان پێشێل دەکرێت، داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین، هاوکاربن لە بەدیهێنانی داواکارییەکانیان".

پشتیوانی بنەماڵەی ئەر و داغ دەکەین

ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، نیشتیمان کەمال ڕایگەیاند، دەبێت داواکاری زیندانییەکان جێبەجێ بکرێت و بخرێنە ژێر چاودێری مافەکانی مرۆڤ، گوتی: "ئێمە دژی پێشێلکارییەکانین بەرامبەر ئەر و داغ، دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەرکی خۆیان بەجێ بگەیەنن بۆ پاراستنی ژیانیان، داواکانیان سادەیە، پشتیوانی بنەماڵەکانیان دەکەین".