ژنانی ئێزدی لە دژی سزای لە سێدارەدان وەستانەوە
ژنانی ئێزدی لە دژی سزای لەسێدارەدان کە لەلاین دەوڵەتی ئێرانەوە لەسەر ژنان سەپاندوویەتی نامەیەکییان ئاڕاستەی ڕێکخستنە پەیوەندیدارەکان کرد.
ژنانی ئێزدی لە دژی سزای لەسێدارەدان کە لەلاین دەوڵەتی ئێرانەوە لەسەر ژنان سەپاندوویەتی نامەیەکییان ئاڕاستەی ڕێکخستنە پەیوەندیدارەکان کرد.
کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی (تاژێ) لە دژی بڕینەوەی سزای لە سێدارەدان بۆ چالاکوانانی مافەکانی ژنان وەریشە مورادی و پەخشان عەزیزی، نامەیەکیان ئاڕاستەی ڕێکخراوی مافەکانی ژنانی ئەوروپا و هەروەها مەرجەعیەتی شێعەکانی عێراق کرد.
لە نامەکەدا ئاماژە بە ستەمی پێنج هەزارساڵەی سیستەمی دەسەڵاتداری پیاوسالاری کراوە لەسەر گەلانی بندەست و بە تایبەت لەسەر ژنان، ئەوەش خراوەتەڕوو کە یەک لەو ستەمانە سەپاندنی سزای لەسێدارەدانە و لەو رووەوە راگەیەندراوە: "دەوڵەتی ئێران لە کاتێکدا خۆی بە ئیسلامی ناودەبات و باس لە دیموکراسی و یەکسانی دەکات، کەچی لە سیستەمێکی ئیسلامییەوە بووە بە سیستەمی لە سێدارەدان. هەموو شێوە فشارێک لەسەر ژنانی ئێران بەڕیوەدەبرێت. بە بەرچاوی جیهانەوە زیندانی ئێڤین گۆڕدراوە بۆ زیندانی ئەشکەنجەدان و قڕکردنی ژنان."
'کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لە بێدەنگیدایە'
لە بەردەوامی ناماکەدا دەسنیشانکراوە تەنها لە ناو ساڵی ٢٠٢٤دا ٨٣١ لە ئێراندا لە سێدارەدراون و ئاماژە بەوەکراوە هەندێک کات بەبێ بەڕێوەبردنی دادگایکردن ئەو کارە ئەنجام دەدرێت و دەڵێت: "ئەم کردەوانە نە بە گوێرەی بنەماکانی ئاینی ئیسلامە و نە بە گوێرەی ڕێسا بنەڕەتییەکانی مافەکانی مرۆڤە و بە هەموو شێوەیەک پێشلکردنە، وێڕای هەموو ئەمانەش کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لە بەرانبەر ئەم ستەمەدا بێدەنگ و بێ هەڵوێستە."
'بە سەپاندنی لە سێدارەدان دەیانەوێت دەنگی ئازادیخوازی ژنان سەرکوتکەن'
هەر لە نامەکەدا ئاماژە کراوە بە سەپاندنی سزای لە سێدارەدانی سەر پەخشان عەزیزی، شەریفە محمەدی و وەریشە مورادی و راگەیەندراوە: "بە گرتنەبەری لە سێدارەدان دەیانەوێت دەنگی ئازادیخوازی ژنان سەرکوتبکەن، ئایە مافی خۆپاراستن تاوانە؟ وەک تاژێ لە دژی ئەو بڕیارەین و ئازاری ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە ئازاری خۆمانی دەزانین. بۆ بونیادنانی ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیک دەڵێین؛ با کۆتایی بە سیستەمی لە سێدارەدان بهێندرێت و دەستبەجێ ئەم بڕیارە هەڵبوەشندرێتەوە."
لە کۆتایی نامەکەدا تاژێ داوای لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و ڕێکخستنەکانی ژنان کرد بۆ رێگریی لە سێدارەدان بە ئەرکی مرۆڤایەتی و ویژدانی خۆیان هەستن.