دەستەی عەشایەر: ئەوەی عوسمانییەکان نەیانکرد، پەدەکە دەیکات

دەستەی عەشایەری شەنگال ڕایگەیاند پەدەکە دەبوو باجی فەرمانەکە بدات، ئەمڕۆش دەستوەردان لە ئایینی ئێزیدیان دەکات و گوتی: "ئێمە دەڵێین، کارەکانی پەدەکە لەوانەی عوسمانییەکان جیاواز نین".

دەستەی عەشایەری شەنگال دەربارەی ئەو دەستە باڵایەی لەلایەن پەدەکەوە دامەزراوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

ڕایانگەیاند دەستوەردانەکانی پەدەکە لە ئایینی ئێزیدیان قبووڵ ناکەن، دەڵێن: "ئێمە پێمان وایە، کارەکانی پەدەکە لە کاری عوسمانییەکان جیاواز نین. چۆن عوسمانییەکان بە زۆرەملێ ئێزدییەکانیان لە شوێن و زێدی خۆیان دوورخستەوە، ئێمەیان لە ئایینی ڕەسەنی خۆمان دابڕی، ئەمڕۆش پەدەکە بە سیاسەتی خۆی دەخوازێت هەمان کار بکات".  

کۆبوونەوەی پەدەکە و عێراق و ئەنقەرە مەترسییە

دەستەکە ئاماژە دەکات بە کۆبوونەوەی پەدەکە و دەوڵەتی عێراق بۆ هاوکاری دەوڵەتی تورک لەپێناو داگیرکاری چەند ناوچەیەک، دەڵێت: "وەک جڤاکی ئێزدی ئەمە بە مەترسی لەسەر گەلەکەمان دەبینین. لێرەوە بانگەواز لە دەوڵەتی عێراق دەکەین، ڕێگە نەدات بە داگیرکاری و چاوپۆشی نەکات لە هێرش بۆ سەر شەنگال".

پەدەکە دەستوەردان لە ئایینی ئێزدی دەکات

دەستەی عەشایەر ئاماژە دەکات بە گەمەکانی پەدەکە و دەڵێت: " پەدەکە دەبوو باجی فەرمانەکە بدات، ئەمڕۆش دەستوەردان لە ئایینی ئێزیدیان دەکات. میرێکی لە جڤاکی ئێزدی دەستنیشان کردووە و دەیانەوێت لەم ڕێگەیەوە دەستوەردان لە ئایینی ئێزدی بکەن. دانانی میر لەلایەن پەدەکەوە ناڕەزایەتی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، بەمە دەیانەوێت جڤاکی ئێزدی دابەش بکەن.

لەم ڕۆژانەدا دەستەی باڵای سەر بە مەجلیسی ڕۆحانی لەژێر ئاڵای پەدەکە کۆبوونەوە و مەجلیسی خۆیان دامەزراند. لەم مەجلیسەدا، ئەوانەی سەر بە پەدەکەن بوونەتە ئەندامی مەجلیس و دیسانەوە لەم مەجلیسە ڕوانینی ئێزدییەکان لەپێشچاو نەگیراوە، کەسەکان بەگوێرەی بەرژەوەندی پەدەکە بوونەتە ئەندامی مەجلیسەکە، هاوکات لەنێویاندا ئەندامی لقی ١٤ ی پەدەکە هەن".

پەدەکە دەیەوێت جڤاکی ئێزدی بدات بەگژی یەکدا

دووپاتی دەکەنەوە ئەم مەجلیسەی پەدەکە ڕەت دەکەنەوە و بە هۆکاری دابەشبوونی جڤاکی ئێزدی دەیبینن. دەڵێن: "پەدەکە لەنێو ئێزدییەکانی باشوور دەستەی دامەزراندووە، لەڕێگەی ئەندامەکانییەوە لە شەنگال ناکۆکی دەنێتەوە و بەنیازە جڤاکی ئێزی بدات بەگژی یەکدا".

"هەوڵەکانی پەدەکە ڕەت دەکەینەوە"

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەم هەوڵەی پەدەکە بە توندی ڕەت دەکرێتەوە و دەگوترێت: "ئەم هەوڵە دابەشبوون لەنێو جڤاکی ئێزدی و بەتایبەت لە شەنگال دەخوڵقێنێت".

گەڕانەوەی گەل لە هەموو شتێک گرنگترە

لە ڕاگەیاندراوەکەدا دووپاتکراوەتە پەدەکە گەڕانەوەی کۆچبەران ئاستەنگ دەکات و بانگەواز لە گەلی ئێزدی ناو کەمپەکان کراوە: "بەزووترین کات بگەڕێنەوە شوێن و زێدی خۆیان. تا دێت کارەکانی پەدەکە بەرامبەر ئایینی ئێزدیان و جڤاکی ئیزدی زیاتر دەبن".