شێخ سەعید و ٤٦ هەڤاڵەکەی کە ٢٩ی حوزەیرانی ١٩٢٥ لە دەروازەی چیای ناوچەی سوری ئامەد لەسێدارەدران، لە ١٠٠هەمین ساڵیادی لەسێدارەدانیان لە شوێنی لەسێدارەدانیان یادکرانەوە. نوێنەرانی ڕێکخراوە جەماوەرییە دیموکراتیکەکان و بنەماڵەی شێخ سەعید و نوێنەری پارتە سیاسییەکان و زۆر کەس بەشداری مەراسیمەکە بوون.
'شوێنی گۆڕەکانیان هێشتا شاردراوەتەوە'
لە مەراسیمەکەدا، سەرۆکی کۆمەڵەی پەروەردە و کەلتوور و پشتیوانی شێخ سەعید، ڕەمەزان ئاری قسەی کرد، ڕایگەیاند شێخ سەعید و هەڤاڵەکانی نوێنەرایەتی تێکۆشانی ماف و دادپەروەری و شکۆی گەلی کورد دەکەن، گوتی: "هەرچەند ١٠٠ ساڵ تێپەڕیوە، کەچی هێشتا گۆڕی ئەو کەسانەی لەسێدارەدراون ئاشکرا نەکراوە. ئەم ڕەوشە لە ویژدانی بنەماڵەکان و گەلدا برینێکی قووڵە. ئاشکراکردنی شوێنی گۆڕەکانیان، داخوازی تەواوی گەلە نەوەک تەنها بنەماڵەکان".
'ئاشتی بە هەقیقەت دێتەدی'
ڕەمەزان ئاری ڕایگەیاند ئاشتییەکی درێژخایەن بەبێ ڕووبەڕووبوونەوەی مێژوو، بەبێ بەدیهێنانی دادپەروەری نایەتەدی، گوتی: "ئاشکراکردنی گۆڕەکانیان هەنگاوێکی مێژووییە بۆ ئاشتی. ئێمە دەمانەوێت بە ناسنامەی جیاوازەوە لەنێو ئاشتییدا بژین. بۆ گەیشتن بەم ئامانجە درێژە بە تێکۆشان دەدەین".
'تێکۆشانی شێخ سەعید زیندووە'
مەلا سولەیمان کورشون، گوتی: "شێخ سەعید لە دڵی کوردان جێی گرت. تێکۆشانەکەی وی، ئەمڕۆش زیندووە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە شەڕ بێزارە. ئەم جوگرافیایە ئاشتییەکی شکۆدار و دادپەروەرانەی دەوێت. گەلی کورد شایستەی ئەم مافەیە".
'تەرمەکان ڕادەست بکەن'
سەرۆکی کۆمەڵەکە و نەوەی شێخ سەعید، قاسم فورات تیشکی خستەسەر ئەو سیاسەتی نکۆڵییەی ١٠٠ ساڵە بەردەوامە، گوتی: "شوێنی گۆڕەکانیان ئاشکرا بکەن، تەرمەکانیان ڕادەست بکەن. ئەمە شکۆی ئێمەیە".
'دەبێت گەلی کورد یەکبگرن'
وتەبێژی دەسپێشخەریی یەکێتیی دیموکراتیک، محەمەد کاماچ ڕایگەیاند گەلی کورد سەد ساڵە ڕووبەڕووی فشار و کۆمەڵکوژییەکان دەبێتەوە، بەڵام هەرگیز گەلی کورد سەری نەوی نەکردووە و ڕێبەرەکانی جێنەهێشتووە، گوتی: "ئەم ئازارە هۆکارەکەی یەک نەگرتنی کوردانە. ئیتر کاتی یەکێتییە. دەبێتە ئەم سەدەیە ببێتە سەدەی کوردان".
سەرۆکی گشتی پارتی سۆسیالیستی کوردستان (پەسەکە) بایرام بۆزیەل قسەی کرد و بەرخۆدانی شێخ سەعید و هەڤاڵانی بیرهێنایەوە.
چالاکییەکە بە ڕێپێوانێکی بێدەنگ بەرەو گۆڕەپانی لەسێدارەدانەکە کۆتایی هات.