دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرشە ئاسمانییەکانی تا سنووری تا چۆمان بەرفراوان کردووە

تیمی بەرقەرارکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی (سی پی تی) ڕایگەیاند دەوڵەتی تورک هێرشە ئاسمانییەکانی تا سنووری چۆمان بەرفراوان کردووە.

هێرشی داگیرکاری بۆ سەر کوردستان

تیمی بەرقەرارکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی (Christian Peacemaker Teams-CPT) ڕایگەیاند سوپای داگیرکەری تورک هێرشە داگیرکارییە ئاسمانییەکانی تا ناوچەی چۆمان فراوان کردووە و لەم هەفتەیەدا ٢ جار هەرێمەکە بۆردوومان کردووە.

ئەندامی سی پی تی، کامەران عوسمان ڕایگەیاند ڕایگەیاند کاتژمێر ١٧:٤٠ ـی ئەمڕۆ، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورک بۆردوومانی سێ شوێنیان کردووە لە شارەدێی قەسرێی سەر بە شارۆچکەی چۆمان. هەروەها ڕێکخراوەکە ڕایگەیاند، بۆردوومانەکان بۆ سەر بەرزاییەکانی سێکانیان و گردان و زینۆکان لە کەڵەکی باڵەییان ئەنجام دراون.

سی پی تی دووپاتی کردەوە، ئەمە دووەمین جارە کە لەم هەفتەیەدا، سوپای داگیرکەری تورک بۆردوومانی سنوری شارۆچکەی چۆمان دەکات، گوتی: "لە ٢٠ـی تەمموز، فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک، بە چڕی گەلی گەلەژێری و گردی بێرییان لە کوێستانی بەردەسپییان لە نزیک چیای گردوگۆ لە شارۆچکەی چۆمان بۆردوومان کردووە".

بەگوێرەی سی پی تی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئیستە، بەهۆی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان ٩ هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون و ٢ هاوڵاتی بریندار بوون.