دایکانی ئاشتی: بۆ وەستاندی شەڕ لێرەیین

ئەندامانی ئەنجومەنی دایکانی ئاشتی لە ناوچەی سلۆپی شڕنەخ لە ڕۆژی سێهەمدا کۆتاییان بە چالاکیەکیان هێنا و ئاماژەیان بەوەدا؛ تا وەستاندنی شەڕ لە کوردستاندا دەبن بە قەڵغانی ئاشتی.

ئەندامانی ئەنجومەنی دایکانی ئاشتی لە شارۆچکەی تلقەبینی ناوچەی سلۆپیی شڕنەخ بە درووشمی 'نا بۆ شەڕ، بەڵێ بۆ ئاشتی' چالاکی ئێشکگرییان دەستپێکردبوو. لە سێهەم ڕۆژی چالاکیەکەیاندا دایکان بە ڕاگەیاندراوێک کۆتاییان بە چالاکییەکەیان هێنا. بەشێک لە دایکانی ئاشتی ئامەد، وان، ئێلح و جۆلەمێرگ، پەڕلەمانتارانی دەم پارتی و چەندین کەسی دیکە بەشداری چالاکیەکە بوون.

نەورۆز ئویساڵ ئاسڵان پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی شڕنەخ لە ڕاگەیاندراوەکەدا قسەیکرد و ئاماژەی بەوەدا مەبەستی دایکان لە چالاکیەکەدا کۆتاییهێنان بە شەڕ و  بەرقەراربوونی ئاشتییە و وتی: "داوای دایکان، داوای هەموو گەلی کورد و داواکاری بەڕێز ئۆجالانە بۆ چەسپاندنی ئاشتی"

هەروەها ئامینە ئەرەن لە کۆتایی چالاکیەکەدا سوپاسی بەشداربوونی هەموو دایکانی ئاشتی کورد و وتی: "بەناوی دایکانی ئاشتییەوە بانگەوازی لە بارزانی دەکەم، ئێمە بۆ ڕاوەستاندی شەڕ لێرەین. با دەستییان لە ڕژاندنی خوێنی کوردان بەردەن. دەبین بە قەڵغانی ئاشتی لە دژی شەڕ. ئامادەین بۆ ئاشتی و شەڕمان ناوێت."

چالاکییەکە بە درووشمی "بژی بەرخۆدانی دایکان" بە چەپڵەلێدانەوە کۆتایهات.