پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بەڕێوەدەچێت

ئەمڕۆ دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەرێوەدەچێت، کە نزیکەی ٢١٦ هەزار کەس مافی دەنگدانیان لە پرۆسەکەی ئەمرۆدا هەیە.

پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە کاتژمێر ٦ ی ئێوارە کۆتایی هات و بنکەکانی دەنگدان داخران، بەگوێرەی ئامارەکان ڕێژەی بەشداری لە زۆربەی ناوچەکان گەیشتووەتە ٩٧٪. 

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند، ڕێژەی بەشداریی دەنگدەران تا كاتژمێر ١٢ـی نیوەڕۆ لە هەرێمی كوردستان ٧٠٪ بووە.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاماری ڕێژەی بەشداریی دەنگدەران بۆ دەنگدانی تایبەت لە حەوت پارێزگای دەرەوەی ئیدارەی هەرێم تا كاتژمێر ١٢ـی نیوەڕۆ بڵاوكردەوە.

بەپێی ڕاگەیاندراوەكەی كۆمسیۆن، تا كاتژمێر ١٢ـی نیوەڕۆ، ڕێژەی بەشداریی دەنگدەران لە هەرێمی كوردستان لە ٧٠٪ بووە. ئاماژەیان بەوەشداوە، بازنەی دهۆک ٧٧٪، بازنەی هەولێر ٧٠٪، بازنەی سلێمانی ٦٧٪ و بازنەی هەڵەبجە ٦٤٪ دەنگدەران بەشدارییان لە هەڵبژاردندا کردووە.

 لە هەمانكاتدا لە حەوت پارێزگای دەرەوەی ئیدارەی هەرێم پرۆسەی دەنگدان بەڕێوەدەچێت.

ئاماژە بەوەشكراوە، تا نیوەڕۆ بەرزترین ڕێژە لە پارێزگاكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لە بەغدا-كەرخ بووە بەڕێژەی ٦٧٪ و كەمترین ڕێژەش لە پارێزگای واست بووە بە ڕێژەی ٣٪.

ئەوەش خراوەتەڕوو، لە پارێزگای نەینەوا ڕێژەی دەنگدانی تایبەت ٣٠٪ بووە، هەروەها لە كەركووك ٤٣٪ ، لە دیالە ٥٦٪ ، لە ئەنبار ٧٪ ، لە بەغدا- ڕەسافە ٥٧٪ ، لە پارێزگای سەڵاحەدینیش ٤٧٪ بووە.

بڕیارە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان تا كاتژمێر ٦ـی ئەمڕۆ درێژە بكێشێت.

***

کاتژمێر ٧ی بەیانی ئەمڕۆ لە ژێر چاودێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق پرۆسەی دەنگدانی تایبەت دەستیپێکرد.

پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لەسەر ئاستی چوار پارێزگای هەرێمی باشووری کوردستان ئەنجام دەدرێت. جگە لەو چوار پارێزگایەی باشووری کوردستان لە پارێزگاکانی کەرکوک، بەغدا، سەڵاحەدین، نەینەوا، دیالە، واست و ئەنباریش بنکەی دەنگدانی تایبەتی بۆ دەنگدان کراونەتەوە.

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بۆ دەنگدانی تایبەت ١٦٥ بنکە و ٧٤٩ وێستگەی دەنگدانی کردووەتەوە.

پرۆسەکە لە پارێزگای سلێمانی بە کردنەوەی٥٧ بنکەی دەنگدان بەڕێوەدەچێت کە ٧٨ هەزار ٦٦١ کەس مافی دەنگدانیان هەیە. لە هەولێر ٦٢ بنکەی هەیە، لە دهۆک ٣٣ و لە پارێزگای هەڵبەجەش یەک بنکەی دەنگدانی تایبەت هەیە.

لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیانیش پرۆسەی دەنگدانی تایبەت دەستی پێکرد بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە چوار بنکە پڕۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت کە ٤٢٦١ کەس مافی دەنگدانیان هەیە.

هاوکات نوێنەری سەرجەم لایەنە سیاسییەکان چاودێری پڕۆسەکە دەکەن، دەنگدەدارنی هێزە تایبەتەکان بە گەرمیەوە بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەن.

رۆژی یەکشەممە ٢٠ی تشرینی یەکەم پرۆسەی دەنگدانی گشتیی بەڕێوەدەچێت و بە گشتی ٢ ملیۆن و ٢٠٨ هەزار و ١١٥ دەنگدەر مافی بەشداری لە پرۆسەکەدا دەبێت.