ئەمشەو جارێکی دیکە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە درۆن و مووشەکی دوورهاوێژ هێرشی کردەوە سەر چەند شوێنێکی باشوری کوردستان.
هێرشەکە بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و شوێنی نیشتەجێبوونی پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لە کۆیە و کەمپی جێژنیکانی نزیک شاری هەولێری بە ئامانج گرتووە کە لەوێش پەنابەری ڕۆژهەڵاتی تێدا نیشتەجێن.
هاوکات لە زڕگوێزی پارێزگای سلێمانیش، بارەگاکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێری ڕۆژهەڵاتی کوردستان کراونەتە ئامانج.
سەبارەت بە زیانەکانی هێرشەکەی سەر کۆیە، حدکا ئاشکرای کردوە: پێشمەرگەیەکیان بەناوی (بێهزاد ئیسکات) شەهید بووە.
تا ئێستا زیانە گیانی و مادییەکانی شوێنەکانی دیکە کە هێرش کراوەتە سەریان دیار نیین.
ئەم هێرشانە دوای ئەوە ئەنجامدران کە لە چەند رۆژی ڕابروودا، فەرماندەکانی سوپای پاسداران و سەرانی حکومەتی ئێران هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی زەمینی و ئاسمانی نوێیان بۆ سەر حزبەکانی ڕۆژهەڵات کردبوو. هەروەها هێرشەکان هاوکاتن لەگەڵ فراوانبوونەوەی سەرهەڵدانی گەلانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێی ناوەتە دەیەمین ڕۆژیەوە.
جێگای ئاماژەی، هێرشەکانی ئەمشەوی ئێران، هاوتەریبن لەگەڵ هێرشەکانی ڕژێمی تورکیا بۆ سەر باشور و ڕۆژاڤای کوردستان کە لە دوێنێ شەوەوە تا ئێستا بەچڕی بەردەوامن و دەیان شەهید و برینداریان لێکەوتوەتەوە.
هـ.هـ