لە کەرکوک، تیرۆرستانی داعش چوار سەربازی عێراقیان سەربڕێ و سوپا دەستی بە ئۆپەراسیۆن کرد

ڕاگەیاندنی ئەمنی لە کەرکوک دۆزینەوەی چوار تەرمی سەربازانی سوپای عێڕاقی ڕاگەیاندن کە لەنێوان کەرکوک – سلێمانی سەربڕدراون.

ئەمرۆ شەممە، تەرمی چوار سەربازی سوپای عیراق لەناو سەنگەرەكانیان دۆزرانەوە کە بە گوتەی هێزە ئەمنیەکانی شارەکە 'لەلایەن تیرۆرستانی داعشەوە سەڕبڕدراون' لە ناحیەی قەرەهەنجیر لەنێوان شاری کەرکوک و سلێمانی.

ئەو رووداوە بەپێی سەرچاوە ئەمنییەكان، درەنگانی شەوی رابردوو ١٨ی تشرینی دووەم لە نزیك گوندی چیمەن لە ناحیەی قەرەهەجیر لە رۆژئاوای پارێزگای كەركوك رویداوە، کاتێک تیرۆرستانی داعش هێرشیان کردۆتە سەر بارەگایەکی سوپای عێڕاق لەسنوری نێوان کەرکوک و سلێمانی،  ئەو شوێنەی رویداوەكەی لێبووە، دوا سەنگەری سوپای عیراقە بە ئاراستەی پارێزگای سلێمانی. بەپێی گوتەی سەرچاوەکان کە بە ئاژانسی هەواڵی فوراتیان ڕاگەیاندووە، هەر چوار سەربازەکە لەناو سەنگەرەكانیان "سەربڕدراون و تابەیانی ئەمڕۆ شەممەش سوپای عیراق بە روداوەكەی نەزانیوە.

دوای هێرشەکە، فەریق ڕوکن عەلی فرێجی، فەرماندەی بارەگای کەرکوکی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق گەیشتە شوێنی رووداوەکە.

لەلای خۆیەوە موقەدەم عامر نوری گوتەبێژی پۆلیسی کەرکوک لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، چەکدارانی داعش لە دوایین خاڵی سنوری نێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە لە ناحیەی قەرەهەنجیر هێرشیانکردە سەر بارەگای فیرقەی ٨ی لیوای ٣١ی فەوجی ١ی سریەی ١ی سوپای عێراق و بەهۆیەوە چوار سەربازی سوپای عێراق شەهید کران".

پاش دۆزینەوەی تەرمی ئەو سەربازانەی لە هێرشەکەی تیرۆرستانی داعش بوونە قوربانی، فەریق ڕوکن عەلی فرێجی، فەرماندەی بارەگای کەرکوکی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق کە لەهەمان کاتدا بەرپرسی یەکەمی ئەمنی کەرکوکە، فەرمانی کرد بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی گەڕان و پشکنینی بۆ دۆزینەوەی چەتەکانی داعش.

ف.ق