لە سلێمانی دیداری دژی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بەڕێوەدەچێت

لە هۆتێل ڕامادا لە شاری سلێمانی دیداری “فینجانجی” لەبارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بەڕێوەدەچێت کە لەلایەن دەزگای میدیایی شارپرێسەوە ڕێکخراوە.

لە شاری سلێمانی بە هاوکاری ژمارەیەکی بەرچاو لە توێژەران و مامۆستایانی زانکۆ ، دیدارێک لەدژی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە بەڕێوەدەچێت.

ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆشنبیران، ئەکادیمیسیان، سیاسەتمەداران، ڕۆژنامەنووسان و شارەزایانی بواری گازی کیمیایی بەشدارییان لە دیدارەکەدا کرد و لەبارەی کاریگەریی و مەترسییەکانی چەکی کیمیایی گفتوگۆ و ڕەهەندە نەتەوەیی، ژینگەیی و مرۆییەکانی خرانەڕوو.

ناوی دیدارەکە، لە ناوی پرۆفیسۆر شەبنم کۆرور فنجانڤییەوە سەرۆکی کۆمەڵەی پزیشکانی تورکیاوە وەرگیراوە، کە تەنها لەسەر ئەوەی وتبووی چەکی قەدەغەکراو لە شەڕی دژیگەریلادا بەکار هاتووە، دۆسیەیەکی یاسایی لەسەر کرایەوە و لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە دەستگیرکرا.

ئیراد مەنوچێهر سان ئەحمەد مامۆستا و پسپۆری جینوساید لەسەر ناوی 'کاریگەری دوورودرێژی چەکی کیمیایی لەسەر ژینگە و مرۆڤ' پانێلێکی پێشکەش کرد. ئاماژەی بە مێژوو و بەکارهێنانی گازی خەردەل لە باشوری کوردستان و کاریگەریەکەی لە سەر هەرێمەکە کرد و گوتی، بە شێوەیەکی دوور و درێژ کاریگەری لە مرۆڤ و ژینگە دەکات. ئەم چەکانە مەترسیەکی گەورەن لەسەر مرۆڤایەتی و جیهان. گازی فرمێسکرێژیش بە هەمان شێوەی کاریگەریەکی زۆر خراپیان هەیە. کاریگەری لەسەر ئیکۆسیستم دەکەن و سروشت تێکدەدەن.

هەژار کاکەیی پارێزەر و پسپۆڕی نێونەتەوەیی بە ناونیشنانی ' کاریگەری مادە کیمیاییەکان لەسەر ئاوی ژێر زەوی و شاری هەلەبجە پانێلێکی پێشکەش کرد و گوتی، " زۆر رێکخراو بۆ قەدەغەکردنی چەک و گازی کیمیایی دامەزرێنراون و پەیمانیان واژۆ کردووە، بەڵام بەرژەوەندیەکان رێگرن لە جێبەجێکردنی پەیمانەکان. کاتێک لە باشور چەکی کیمیایی بەکارهێنرا، بێدەنگ بوون. ئەو وڵاتانەی کە باسی مافەکانی مرۆڤ دەکەن، راست ناکەن. دەوڵەتی تورک لە باشور و رۆژئاوا چەکی قەدەغەکراو بەکاردەهێنێت، بەڵام وڵاتان بێدەنگن.

پەرلەمانی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی لەدژی چەکی کیمیایی نەناوە. هەروەها عێراقیش یاسایەکی نییە و هەڵوێستی نەبووە. ئەگەر یاسایەک هەبوایە دەمانتوانی لە ناوخۆ و گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا خەباتێکی باش بەڕێوەببەین."

ئاسۆ ئەمینیش باسی لە کاریگەریەکانی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەسەر مرۆڤ کرد.

دیدارەکە بەردەوامە...

بڕیارە لە کۆتایی دیدارەکەشدا ئەنجامنامە و ڕاسپاردەکانی دیدارەکە بە ڕەشنووسێک ئاڕاستەی پەرلەمانی ئەوروپا بکرێت، لەگەڵ کۆمەڵێک واژۆ و سکاڵا لە تورکیا دەکرێت لە بەرامبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی کە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

ف.ق