فڕۆکەکانی ڕژێمی تورک چەندین شوێنی باشور و ڕۆژاڤای کوردستانیان بۆردومان کرد

ئەمشەو فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی تورکی داگیرکەر چەندین شوێنی باشور و ڕۆژاڤای کوردستانیان بۆردومان کرد و بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان ژمارەیەک شەهید و بریندار هەن.

لە کاتژمێر ١٢:٠٠ی شەو بەکاتی باشور و ڕۆژاڤای کوردستان تا ئەم ساتانە فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی تورکی داگیرکەر بۆردومانی چەندین ناوچە و شار و چیای ئەو دوو بەشەی وڵات بە چڕی بۆردومان دەکەن.
بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، لە ڕۆژاڤای کوردستان بۆردومانەکان شار و ناوچەکانی کۆبانێ، شەهبا، گرێ سپی، درباسیەی، دێرک، چیای قەرەچووخ و زرکان و چەندین شوێنی دیکەی گرتووەتەوە. بە گوێرەی زانیارییەکان لە ئاکامی بۆردومانەکاندا شەهید و بریندار هەن. هاوکات وێستگەی کارەبای دێرک کراوەتە ئامانج و زیانی زۆری لێکەوتووەتەوە و وێستگەکە لە کار کەوتووە. 

هاوکات لە هەرێمی شەهباش وێستگەیەکی دیکەی کارەبا کراوەتە ئامانج و لەکارکەوتووە.  زانراوە دوو شەڕڤانی قەسەدە لە دێرک شەهید بوون و ٤ سەربازی حکومەتی سوریاش لە شەهبا گیانیان لەدەستداوە.

هەرچی لە باشوری کوردستانیشە، چەندین کاتژمێر فڕۆکەی جەنگی و سیحۆڕی سوپای رژێمی تورکیا بەسەر زۆربەی شار و ناوچەکاندا دەسوڕێنەوە و لەوێش بۆردومانی چیاکانی قەندیل و ئاسۆس و چەند شوێنێکی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا کراون.

هـ.هـ