جەمیل بایک: قسە و کرداری پەکەکە یەکە

جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە وتی: "ئەوەی رێبەر ئاپۆ و پەکەکە وتویانە، لە پراکتیکدا کردوویانە. ئەوان تەنها ڕەوانبێژ، یان تەنها کرداری نەبوون، بەڵکو وشەکان و جووڵەیان یەک بوو. ئەم دیالێکتیکە لە ئاستێکی بەرزدا جێبەجێ کراوە".

جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە ڕایگەیاند، بەڕاگەیاندنی پەکەکە ئەوە دەرکەوت کوردستان و گەلی کورد، کە دەوترا بوونیان نییە، بوونیان هەیە و بە حیزبوون پێداگری لە ئازادیی خۆیان دەکەن.

جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکەوە وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی دایەوە و ئەمەی خوارەوە بەشی دووەمی چاوپێکەوتنەکەیە:

بەشداریی ژنان لە گروپەکەتاندا چۆن بوو و چۆن پێشوازیی لێکرا؟

واتە ڕێبەر ئاپۆ بەشداریکردنی ژنانی لە بزووتنەوەکەدا کردبوو بە بنەما. کاتێک بزووتنەوەکە خۆی تازە لە ئەنقەرە بە ڕێکخستن دەکرد، لەنێو بزووتنەوە چەپەکانی تورکیادا زۆر باش نەدەناسرا. هێشتا گروپێکی ئایدیۆلۆژی بوو، سنووردار بوو، بەڵام لەو کاتەدا ڕێبەر ئاپۆ دەیویست ژنان بەشداری ناو ئەو بزووتنەوەیە ببن. چونکا هەر لە منداڵییەوە لەگەڵ منداڵە کوڕ و کچەکان پەیوەندی و هاوڕێیەتیی دروستکردبوو. ئەوەی بۆ خۆی کردبووە بنەما. گوێی بە گوند و بنەماڵەکەی نەدابوو. بۆ ئەوەش کاتێک لە ئەنقەرە گروپێکی ئایدیۆلۆژیی پێکهێنابوو، ئەو نزیکایەتی بوونەی گوندەکەی بۆ خۆی کردبووە بنەما و هەر بەرەوپێشی دەبرد و تەنانەت پەرەی پێ دەدا. واتە ئەو دەیویست ژنیش لە بزووتنەوەکەدا هەبن. تەنانەت ئەو کاتەش گفتوگۆ لەسەر بەشداریکردنی ژنان دەکرا، بەڵام ئەو گفتوگۆیانە، کە ڕێبەر ئاپۆ دەیهنێانە پێشەوە زۆر جیاواز بوون.

واتە ئەگەر ژنان دەیانەوێت بەشدارمان ببن، دەیانەوێت بە دروستی بەشدار ببن، دەبێت ڕەنگێک بدەنە گروپەکە، گروپەکە بەهێز بکەن. بۆ ئەوەش لە بارەی بابەتی ژنانەوە لە نێو هەموو هاوڕێیاندا نزیکایەتیی جیاواز هەبوو. هەر خۆی ڕێبەر ئاپۆ ژنی وەک نەتەوەیەک، کە لەلایەن دەسەڵاتی ئێستاوە ڕووخێنراون و بێ سنووریش ڕووخێنراون، گرتبووە دەست. لە لێکۆڵینەوە مێژووییەکاندا ئەوەی بینیبوو، کە نزیکبوونەوەی ژن پاک و ڕاستگۆیانەیە. بۆ نمونە، لە مێژووی حەزرەتی عیسا دا ئەوەی بۆ یەکەم جار پشتیوانی و خاوەنداریی لە حەزرەتی عیسا کرد و لە کاتی هەڵگرتنی تەرمەکەشدا خاوەنداریی لێکرد ژن بوو. حەزرەتی عیسایش لەسەر بابەتی ژن ڕاوەستابوو. بۆ ئەوەش ڕێبەر ئاپۆ چەند ئەنجامێکی لە مێژوو دەرهێنابوو. واتە لەبەرئەوەی ڕێبەر ئاپۆ ڕاستیی بە بنەما وەرگرتبوو، کۆمەڵگا و مێژووی بە بنەما گرتبوو، لە ئامانجیدا ئازادی هەبوو، لە مێژوو و کۆمەڵگەدا قووڵبوونەوەی دروستکردبوو.

بۆیە گەیشتبووە ڕاستیی مێژوو و کۆمەڵگا. واتە بینیی لە مێژوودا دابڕانێک هەیە، پێچەوانەکردنەوەیەک هەیە، ئەوەش بە ژنەوە دەستی پێکردووە. کۆمەڵگا لەسەر کۆیلایەتیی ژنان ڕاستیی خۆی لە دەست داوە. ئەوەتا مارکس وتبووی "ئەو مێژووە، کە سەرەوخوار و پێچەوانە دەڕۆیشت هێناییەوە سەری پێی خۆی"، بەڵام ڕێبەر ئاپۆ بینیی هەرچەندە مارکس ئەوەشی وتبوو، بەڵام مێژووی لەسەر پێی خۆی ڕانەوەساندووە، چونکە ئەگەر تۆ دەتەوێت لەسەر پێ ڕایوەستنیت، دەبێت تۆ لەسەر ئازادیی ژنان ڕایوەستێنیت. لەو کاتەدا، مێژوو و کۆمەڵگا بەشێوەی ڕاست دروست بەرەوپێش دەچن و گەشە دەکەن. لەسەر ئەو بنەمایە، ئازادی و دیموکراسی گەشە دەکات. ئەوەتا ڕێبەر ئاپۆ ئەو نزیکبوونەوەیەی خۆی لەگوند، لە ئەنقەرە بەهێزتر کرد و دواتر گەیاندییە ئاستێکی بەرز. واتە ڕەنگە بزوتنەوە فێمینیستیەکان لە ساڵی ١٩٨٦دا دەرکەوتبن، بەڵام لەو بزووتنەوانەدا کاردانەوەی زۆر بەرامبەر بە پیاوان هەبوو، بەڵام هەرچەندە بەو شێوەیەش بن، بەلام ڕاستیی ژنانی ئاشکرا کرد. ئەوەتا ڕێبەر ئاپۆ لەسەر ئەم بنەمایە لە مێژووی کۆمەڵگا نزیک بوو و بەمشێوەیە گەیشتە ڕاستی و حەقیقەتی ژنان.

بینی ئەگەر تۆ بتەوێت ئاشتی، ئازادی و دیموکراسی بەدەست بهێنیت ئەوا ئەوە بە ئازادی ژناندا تێدەپەڕێت. ئەوەی ئازادیی ژن بە بنەما نەگرێت، هەر چەندە بۆ ئازادی و دیموکراسیش تێبکۆشێت ناتوانێت ئەو ئامانجە بەدەست بهێنێت. پرسی ژنان، نەک وەک ئەوە بوو، کە ڕەئال سۆسیالیزم لێی نزیک دەبوویەوە و دەیوت، 'ئەوەتا ئێمە سۆسیالیزم پەرە پێ دەدەین و دەگەینە دەسەڵات و ژنانیش ئازادیی خۆیان بەدەست دەهێنن'، کێشەى ژنی بە بنەما وەرنەدەگرت و نەیدەگرتە دەست. هەر خۆی لە پراکتیکی سۆسیالیزمدا ئەوەش پێکنەهات. ڕێبەر ئاپۆ ئەوەشی بینی و بۆ ئەوەش وتی: 'ئەگەر تۆ دەتەوێت ئازادی، دیموکراسی و سۆسیالیزم بەدەست بهێنیت، ڕێگاکەی بە ژناندا تێدەپەڕێت، چونکا ئەگەر لە ژناندا ئازادی پێشنەخەیت، ناتوانیت ئازادی لە کۆمەڵگادا پێش بخەیت. کۆمەڵگا تەنها پیاو نییە. نیوەی پیاوە و نیوەکەى تریشی ژنە. ئەوەتا ژن و پیاو بەشێکن لە کۆمەڵگا. ئەوانە هەر دووکیان نوێنەرایەتیی کۆمەڵگا دەکەن، ئەوانە هەر دووکیان نوێنەرایەتیی مرۆڤایەتی دەکەن.

لە ڕێبەر ئاپۆدا، مرۆڤ بە بنەما گرتن هەبوو. ئەوەی مرۆڤ بە بنەما بگرێت، ئەوە ژن و پیاو بە بنەما وەردەگرێت. واتە کاتێک ژن و پیاو بە بنەما نەگریت، ئەو کاتە ئەوەی دێتە ئاراوە دەسەڵاتی پیاوانە. عەقڵییەت، کەسایەتی، ژیان و دەسەڵاتێک کە دروست دەبێت لەسەر ئەو بنەمایە دروست دەبێت. پێویستە تۆ ئەمە ببینیت و لێی تێبگەیت. ئەگەر دەتەوێت کێشەی نێوان ژن و پیاو چارەسەر بکەیت، ئەوا پێویستە ژنان بڵند بکەیت. ئەوەتا ڕێبەر ئاپۆ ئەوەی لە پەکەکە بە بنەما وەرگرت. کەواتە ڕێبەر ئاپۆ چۆن ژنی هەستاندە سەر پێ؟ هەر چۆن دەیویست گەلی کورد هەستێنێتە سەرپێ، لە مردن خەبری کردەوە، زیندووی کردەوە، لە دژی مردن وەستاندییەوە، ئەوەشی بۆ ژنان بە بنەما گرت. تەنانەت دەتوانم بڵێم، کە ژنی لە خەوی مردن هەستاند. واتە لە بنەڕەتدا ئەوەی بە شێوەی سەرەکی لە خەوی مردن دا بوو ژن بوو، چونکا ژن ڕاستیی خۆی لە دەست دابوو.

وەک چۆن گەلی کورد ڕاستیی خۆی لە دەستدابوو، زمان، مێژوو، کلتور (ڕۆشنبیری)، حەقیقەت و راستیی خۆی ونکردبوو و بەرەو نەمان دەچوو، ژن پێش ئەوە لە ڕاستی، مێژوو، ڕەنگ، کلتور، ناسنامە، بەها و هەموو شتێکی خۆی دابڕێنرابوو، لەبەر ئەوە ئەو کۆیلایەتیەی ژنان تێیدا دەژیان لە پیاوان قوڵتر بوو. لەبەر ئەوەش ڕێبەر ئاپۆ وتی: "ئازادی ژنان ئازادی پیاوان پێش دەخات، ئازادی ژنان، ئازادیی کۆمەڵگا پێش دەخات. ئەوانەی ئازادییان لە ئامانجی خۆیاندا هەبێت، ئەوە ئازادیی ژنان بۆ خۆیان بە بنەما دەگرن. بۆیە لەسەر ئەم بنەمایە تێدەکۆشا. هەرچەندە ئەو بزووتنەوە فێمینیستییانەی، کە لە دژی کاردانەوەکان دەهاتنە پێشەوە و باسیان لە کێشەکانی ژنانیش دەکرد، بەڵام لە بابەتی ئەوەدا کە ژنان چۆن کێشەکانیان چارەسەر بکەن هەنگاویان پێش نەخست. ئەوە بۆ یەکەم جار ڕێبەر ئاپۆ بوو، کە پەرەی بە بیر و ئایدۆلۆژیا و تیۆریی ئەوە دا و پێشی خست، واتە بۆ ئەوەی ژنان بتوانن کاردانەوەی خۆیان دەربخەن، بۆ ئەوەی بتوانن هەم بۆ خۆیان و هەم بۆ پیاوان و کۆمەڵگە تێکۆشانی ئازادی پەرە پێبدەن.

واتە دەتوانم بڵێم بۆ یەکەم جار ڕێبەر ئاپۆ لەسەر ئەو بنەمایە تیۆریی ئازادیی ژن و ئایدۆلۆژیاکەی پەرەپێدا، واتە ئەگەر لە پەکەکەدا پارتی ژنان، سوپای ژنان پەرەی سەندبێت، ژنان بۆ خۆیان، بۆ کۆمەڵگا و بۆ مرۆڤایەتی تێکۆشانیان پەرەپێدابێت، ئەوە لەسەر ئەو بنەمایە بووە و پێشکەوتووە. هەروەک چۆن گەلی کورد لە جیهاندا بوو بە نموونە، ژنانی کوردیشیش بوون بە نموونە. کاریگەرییەکی زۆر و گەورەیان لەسەر ژنانی جیهان دروستکرد. ئەوەتا ئەمڕۆ دەبینین، کە ژنانی جیهان پاژک (پارتی ئازادیی ژنانی کوردستان) بە بنەما وەردەگرن. کێ پاژکی پێشخست و گەشەی پێدا، کێ تیۆری و ئایدۆلۆژی و فەلسەفەکەی پێشخست و پەرەپێداوە؟ دەبینن، کە ڕێبەر ئاپۆ پەرەی پێداوە و پێشیخستووە. بۆیە دەیانەوێت لەسەر ڕێبەر ئاپۆ بکۆڵنەوە و تێبگەن. دەتوانم بڵێم، ڕێبەر ئاپۆ لە ئیستا بە دواوە لە مێژوودا جێگە و پێگەی خۆی گرتووە و تاوەکو دەچێت زیاتر و باشتر لێی تێدەگەن. ڕێبەر ئاپۆ وەک کەسێک، کە تیۆری، بیردۆزی و فەلسەفەی ژنی پێشخست، ئەوەی کە رێکیخست و رێکخستنی بۆ دروستکرد، بە دڵنیاییەوە بەو شێوەیە لە مێژوودا جێگە و پێگەى خۆی دەگرێت.

دەزانرێت ماوەیەک دروشمێک بە ناوی 'هەموو کرێکارانی جیهان دەبێت یەکبگرن' هەبوو. ئەو دروشمە بۆ کەسانێک، کە بۆ سۆسیالیزم، ئازادی و دیموکراسی تێدەکۆشان موراڵ، ورە و ڕۆحێک، ئامانجێک و هەستێکی دروستکردبوو. لەسەر ئەم بنەمایە تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی و تێکۆشانی سۆسیالیزم بەرەو پێش دەچوو، بەڵام ئەمڕۆ دەبینین کە دروشمێکی تر شانبەشانی ئەم دروشمە گەشە دەکات و بەرەو پێش دەڕوات، کە ئەویش دروشمی 'ژن،ژیان، ئازادی'یە و بە سەرتاسەری جیهاندا بڵاودەبێتەوە. ئەم دروشمە کاریگەریی زۆری لەسەر ژنان لە سەرتاسەری جیهاندا دروستکرد و یەکگرتوویان دروست دەکات. بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی ژنان کاریگەری لەسەر هەموو کۆمەڵگا دروست دەبێت، کێشەکانی کۆمەڵگە چارەسەر دەکات، دیسانەوە یەکگرتووی و یەکپارچەیی کۆمەڵگا پێش دەخات. هەر چۆن سەردەمێک دروشمی "دەبێت هەموو کرێکارانی جیهان یەکبگرن" لەنێو ئەو هێزانەدا، کە کە پێشەنگایەتییان بۆ تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی و سۆسیالیزم دەکرد، ڕۆح و هەست و ئامانجێکی بنیاتنا و تێکۆشانی پێش دەخست. ئێستاش ژنان ئەوە پێش دەخەن و پەرەی پێ دەدەن.

ئێستا دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کاریگەریی لەسەر تەواوی کۆمەڵگا هەیە، یەکێتییەک پەرە پێ دەدات و پێشی دەخات. بۆ نموونە ئەو لایەنانەی لە دژی دەوڵەتی ئیسلامی لە ئێران دەوەستنەوە، دەڵێن، ئێمە تا ئێستا نەماندەتوانی بگەینە یەکتر، ناکۆکییەکانی نێوانمان نەیاندهێشت بگەینە یەکتر، بەڵام تێکۆشانی ژنان، ئەو دروشمەی بەرزکرایەوە و ئەو پێشەنگایەتییەی کردیان، ئێمە گەیاندە یەکتر و کۆی کردینەوە'. دەڵێن: 'ئەمە یەکەم جارە، کە ئەم یەکگرتنە روو دەدات. تا ئێستا ئەو یەکڕیزییە نەبووە. ئەمە چ ڕاستییەک ئاشکرا دەکات؟ ئەوە ئەو ڕاستیییە، کە ڕێبەر ئاپۆ دەستنیشانیکردبوو و ڕایگەیاندبوو و لە پراکتیکدا سەلماندبووی. ڕێبەر ئاپۆ چیی وتبوو؟ وتبووی: 'سەدەی ٢١ سەدەی ژنانە'. ژنان مۆری خۆیان لەم سەدەیە دەدەن. واتە ئازادیی ژنان گەشە دەکات، لەسەر تێکۆشانی ژنان ئازادی و دیموکراسی گەشە دەکات. ئەمەش تاوەکو دێت خۆی لە ژیاندا دەردەخات.

درێژەی هەیە