کەجەکە چالاکییەکانی گەریلای پیرۆز کرد

هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە بەبۆنەی چالاکی بەهێز لە دژی سوپای تورکی داگیرکەر، سڵاوی ئاراستەی گەریلاکان کرد.

کەجەکە لە راگەیەندراوێکدا کە ئاراستەی فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل و شەڕڤانان و فەرماندەکانی هەپەگە و یەژاستاری کردووە، بە هۆی چالاکییەکانیان لە دژی سوپای تورکی داگیرکەر لە زاپ، مەتینا و ئاڤاشین پیرۆزبایی لە سەرجەم فەرماندە و گەریلاکان کردووە.

لە راگەیەندراوەکەی کەجەکەدا هاتووە:

"لە ١٩ی تەمووزی ٢٠٢٣وە گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بە چالاکی بەهێز گورزی قورس لە سوپای تورکی داگیرکەر دەوەشێنن. بە تایبەتی چالاکیەکان لە زاپ، مەتینا و ئاڤاشین گورزێکی گەورەبوون کە بەر سوپای تورکی داگیرکەر کەوتن. بەهۆی ئەو چالاکیانەوە لە دڵ و گیانەوە پیرۆزبایی دەکەین لە گەریلا و فەرماندەکانی هەپەگە و یەژاستار، بەتایبەتی فەرماندە و شەڕڤانان لە زاپ، مەتینا و ئاڤاشین، بەهۆی ئەو چالاکییە گەورانەوە سڵاویان لێدەکەین. هەروەها پیرۆزبایی لەو هاوڕێیانەشمان دەکەین کە یارمەتیدەر و بەشداربوون لە چالاکییەکانی ١٩، ٢٠ و ٢١ی تەمووز. بەم بۆنەوە ئێمە هەڵمەتە شۆڕشگێڕییەکانی جەنگی خابور، شەهید ساڤاش مەرەش و هەڵۆکانی زاگرۆس و ئەو چالاکیانەی لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتانەدا ئەنجامدراون، سڵاویان لێدەکەین و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین.

پەیامی پیرۆزبایی بۆ فەرماندەیی ناوەندیی نەپەگە

فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (فەبەنەپەگە) لە رێگەی گورزوەشاندن و هەڵوێستی گەریلا و قووڵی تاکتیکی و ستراتیژیکی گەریلاوە، هێزەکانی دوژمنی فاشیست و داگیرکەریان پەرێشان و بێچارە کرد، کۆنسێپتی ئەوانیان پوچەڵ کردەوە. لە رێگەی ئەو چالاکیانەوە هەم گورز لە دوژمن وەشێنراوە، هەمیش بووەتە سەرچاوەی هێز و ورەی زۆر بۆ گەلی وڵاتپارێزی کوردستان. لەم رووەوە، ئەم چالاکیانە هەم لە روو کات و هەم لە رووی چوارچێوەوە زۆر واتاداربوون. پیرۆزبایی لە فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەدی پاراستی گەلمان دەکەین، سڵاو و رێزی خۆمانیان ئاراستە دەکەین.

گەریلا لە هەموو شوێنێک کوردستان دەپارێزێت

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و قڕکەر لە ١٢ی تەمووزدا لە دژی باشووری کوردستان پلانێکی نوێی داگیرکەری خستەگەڕ و بە تایبەتی لە هەرێمەکانی زاپ و مەتینا دەستی بە هێرشی بەرفروان کرد. ئەو پلان و هەوڵە نوێیانەی هێرش، جارێکی تر ئاشکرای کرد کە دەوڵەتی تورکی کۆلۆنیالیست و قڕکەر دەیەوێت تەواوی باشووری کوردستان داگیربکات. گەریلا لە دژی هەوڵەکانی ئەم دوایین ئۆپراسیۆنەی دەوڵەتی تورکی قڕکەر بۆ سەر هەرێمەکانی زاپ و مەتینا ئەو چالاکیانەی ئەنجامدا. لەبەر ئەوەش ئەم چالاکییە لەناو بەرخودانی گەریلادا بە واتای پاراستنی باشووری کوردستانە لە دژی داگیرکەری. دەبێت ئەو راستیە بە دروستی ببیندرێت و درکی پێبکرێت. گەریلا لە هەموو شوێنێک دەستکەوتەکانی گەلی کورد و کوردستان دەپارێزێت، لەو پێناوەدا شەڕدەکات و خۆڕاگری دەکات. دەبێت نیشتمانپەروەر و وڵاتپارێزان خاوەنداری لەم بەرخودانەی گەریلا بکەن و لە دژی هێڵی خیانەت و داردەستی کە لەگەڵ دوژمندایە و خزمەت بە کۆمەڵکوژکردنی کوردان دەکات، هەڵوێستی بەهێز نیشان بدەن. ئەمە مەرجێکی وڵاتپارێزییە. پاراستنی کوردستان، ئازادی ئەو و یەکێتیی نەتەوەیی کوردستان بەم هەڵوێستە وڵاتپارێزییە دەبێت.

بەڵێنی خۆمان بۆ سەرکەوتن دووپات دەکەینەوە

گەریلا بە ستراتیژی و تاکتیک و ئاستی گیانبازی ئاپۆیی کە خۆی پێگەیاندووە، ئەوەی سەلماندووە کە نابەزێت و شکست ناهێنێت و بەو چالاکیە گەورانە جارێکیتر ئەوەی خستووەتەڕوو کە لە هەموو بارودۆخێک کوردستان دەپارێزێت و واتادارترین پراتیکی وەفاداری بۆ شەهیدان نیشان دەدات. ئەمە هەڵوێستێکی شکۆمەندانە، واتادار و شایەنی پەسندان و پێداهەڵگووتنە.

ئێمە جارێکیتر ئەو هەڵوێستە بەرزدەنرخێنین، بە بۆنەی ئەو چالاکییە سەرکەوتوانەوە پیرۆزبایی لە سەرجەم فەرماندە و شەڕڤانانی هەپەگە و یەژاستار دەکەین و سڵاو و رێزیان بۆ دەنێرین. لە کەسایەتی شەهیدانی زاپ، مەتینا و خواکورکدا هەموو شەهیدانی شۆڕش و دیموکراسی بە رێز و پێزانینەوە بە بیردەهێنینەوە، ئەو بەڵێنە دووبارە دەکەینەوە کە بە شەهیدانمان داوە".

هـ . ب