کەژەکە کۆمەڵکوژی سەر عەلەوییەکانی شەرمەزارکرد و داوای پیشاندانی ناڕەزایەتی کرد

کۆردیناسیۆنی کەژەکە ڕایگەیاند هەوڵدەدرێت دیسانەوە لە سوریا شەڕ هەڵبگیرسێتەوە، بانگەوازی لە هەمووان کرد لە ٨ ی ئادار ڕۆژی جیهانیی ژنانی کرێکاردا، کۆمەڵکوژی سەر عەلەوییەکان شەرمەزار بکەن.

٨ ی ئادار

کۆردیناسیۆنی کۆمەڵەی ژنانی کوردستان (کەژەکە) بە ڕاگەیاندراوێکی نووسراو کۆمەڵکوژی سەر عەلەوییەکانی لەلایەن دەستەی تەحریر ئەلشام (هەتەشە) شەرمەزار کرد، گوتی: "پشتیوانی خۆمان بۆ گەلی عەلەوی و ژنان دەردەبڕین، بانگەواز لە هەموو دامەزراوە و ڕێکخراوە دیموکراتیکەکانی ژنان لە کوردستان و تورکیا و بەتایبەت لە سوریا دەکەین بە هەستیارییەوە مامەڵە بکەن، ئەم هێرشانە شەرمەزار بکەن و هەڵوێست وەربگرن".

ڕاگەیاندراوەکەی کۆردیناسیۆنی کەژەکە بەم جۆرەیە:

"دیسانەوە سوریا بەرەو شەڕێکی خوێناویی و کۆمەڵکوژیی نێوان گەلان و مەزهەبەکان پەلکێش دەکرێت. عەلەوییەکانی سوریا، چەند هەفتەیەکە لە هەرێمەکانی وەک لازقیە و حومس و تەرتوس لە کەناراوەکانی سوریا ڕووبەڕووی سوکایەتی نامرۆڤانە و ئەشکەنجە و کۆمەڵکوژی دەبنەوە. ژنانی عەلەوی ڕووبەڕووی هەموو جۆرە فشار و دەستدرێژییەکی تیرۆریستی و چەتە ئایین‌پەرست_مەزهەبییەکانی داعش دەبنەوە کە زۆرینەیان خەڵکی سوریا نین. ئەم کۆمەڵکوژییانە بەرامبەر گەل و ژنانی عەلەوی بەتوندی شەرمەزار دەکەین.

دوژمنی ژنان ناتوانێت ئایندەیەکی گەش پێشکەشی گەلانی سوریا بکات

هێزە نێونەتەوەییەکان هەوڵدەدەن لە سوریا شەرعییەت بە هەتەشە بدەن و هەرێمەکە بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانیان دابڕێژنەوە. بۆیە هەموو هێزە نێونەتەوەییەکان بەرامبەر ئەو هەموو کۆمەڵکوژی و ستەمە نامرۆڤانەیە بێدەنگن. ئەم دەسەڵاتە پاشڤەڕۆ و دژە ژنە کە ئیرادەی گەلانی سوریا پشتگوێ دەخات و بەگوێرەی دەوڵەمەندییە کۆمەڵایەتی_کەلتوورییەکەی سوریا مامەڵە ناکات، بە سیاسەتی کۆمەڵکوژی و چەوساندنەوە ناتوانێت ئایندەیەکی گەش پێشکەشی گەلانی سوریا و بەتایبەت ژنان بکات.

پێویستە ئیرادەیەکی بەرفراوان پیشان بدرێت

ئەو ڕووخان و ئاوارەیی و فشارەی ئەمە ١٠ ساڵە گەلی سوریا دەیچێژێت، وا دەکات لەم قۆناغەدا پێویستی بنیاتنانی دیموکراتیک بێتەپێش. جوگرافیای سوریا کە جیاوازی ئایینی و کەلتووری و مەزهەبی تێدایە و گەلانی عەرەب و سریانی و کورد و دورزی و تورکمان و سونی و عەلەوی و مەسیحی تێیدا دەژین، زەمینەی پێکەوەژیانێکی ئازادە. لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا ئەمە ١٠ ساڵە گەلانی کورد و عەرەب و سریان پێکەوە بە ئاشتی دەژین، وە ژنان لە هەموو بوارە کۆمەڵایەتییەکاندا بەشێوەیەکی ئازاد و یەکسان بەشداری لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دەکەن. ئەمە دەرخەری گرنگیی مۆدێل و دەسکەوتەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییە. ئیدی پێویستە ئیرادە و هێز چارەسەر بۆ دیالۆگ و چارەسەری کێشەکان نیشان بدرێت.

پشتگیری لە گەل و ژنانی عەلەوی دەکەین

لەم چوارچێوەیەدا بانگەواز لە بزووتنەوە جیهانییەکانی ژنان و ڕۆشنبیران و هێزە دیموکراسیەکان دەکەین لە بەرامبەر کۆمەڵکوژی عەلەوییەکان بێدەنگ نەبن. ئێمە پشتگیری لە گەل و ژنانی عەلەوی دەکەین. پێویستە هەموو دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی ژنان لە کوردستان و تورکیا و بەتایبەت لە سوریا بە هەستیارییەوە مامەڵە بکەن، ئەم هێرشانە شەرمەزار بکەن.

ئەنجامدانی ئەم کۆمەڵکوژییە، لە ٨ ی ئادار ڕۆژی جیهانیی ژنانی کرێکاردا، پێویستیی ژنان بە ڕێکخستنی هاوبەش و مەزنکردنی تێکۆشان زیاتر دەردەخات. بەرپرسیار و هۆکاری هەموو کۆمەڵکوژی و شەڕ و نایەکسانییەک، زیهنیەتی پیاوسالارە. بۆیە ئازادی و تێکۆشانی ژنان، دژە ژەهری هەموو جۆرە کەلتوورێکی توندوتیژی و زاڵبوونە. لەم چوارچێوەیەدا، ڕۆژی تێکۆشانی ژنانی عەلەوی و هەموو ژنان پیرۆز دەکەین".